وەزیری جەنگی ئەمریکا: ئێران کۆنترۆڵی گەروی هورمز ناکات
سەوسەن سەید
٥ی ئایاری ٢٠٢٦
وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە ئێران هیچ جۆرە کۆنترۆڵێکی بەسەر گەروی هورمزدا نییە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا پێشێلی سەروەریی ئاوە هەرێمییەکانی ئێران ناکەن.
وەزیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: دەستپێشخەریی پڕۆژەی ئازادی بە ئامانجی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی بازرگانییە لە بەرانبەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی ئێران،"
رونیشیکردەوە کە: تاران پەنا بۆ تێکدانی ئارامیی کەشتییەکان و تەقەکردن و سەپاندنی سەرانەی نایاسایی دەبات.
هەروەها رایگەیاند: لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی هێلیکۆپتەر، چاودێریی وردی گەروی هورمزمان گرتووەتە دەست بۆ دەستەبەرکردنی هاتوچۆیەکی ئارام بۆ کەشتیگەلەکان،"
و دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە "ئێران باڵادەست نییە بەسەر ئەم رێڕەوەدا."
وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوەش دا کە بەکارهێنانی هێز لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و وتی: ئێمە خوازیاری پێکدادانی سەربازی نین، بەڵام رێگەش نادەین تاران مافی وڵاتانی تر لە تێپەڕبوون بەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا زەوت بکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی "کاتییە" و پێویستە جیهان بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت، چونکە تاران خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ بەرژەوەندی دارایی خۆی و هەڕەشە لە دەریاوانان بەکاردەهێنێت، و جەختی کردەوە: ئاوە نێودەوڵەتییەکان موڵکی گشتین و رێڕەوی بازرگانی بە کراوەیی دەمێنێتەوە.



