میدیاکانی لیبیا هەواڵی کوژرانی سەیفولئیسلام قەزافی، کوڕی مەعمەر قەزافی، سەرۆکی کۆچکردووی لیبیایان لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ، میدیاکانی لیبیا ئاماژەیان بەوە کرد کە سەیفولئیسلام قەزافی لە ناوچەی زەنتان لە رۆژئاوای لیبیا کوژراوە. هەواڵەکان لەبارەی روداوەکەوە دژبەیەک و ناڕوونن؛ بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردووەتەوە کە ناوبراو لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا لە باشوری شاری زەنتان و لە کاتی روبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزێکی چەکداری سەر بە لیوای 444ـی شەڕکەر لە نزیک کێڵگەی "ئەل حەمادە" کوژراوە.
لە بەرامبەردا، ئەو میدیایانەی سەر بە رژێمی پێشووی لیبیان، هەواڵی کوژرانی سەیفولئیسلامیان رەتکردەوە. ئەو سەرچاوانە جەختیان لەوە کردەوە کە ناوبراو لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لە نزیک کێڵگەی ئەل حەمادە رزگاری بووە و تەنیا بریندارە.
تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی رەسمی لە لیبیاوە زانیاریی تەواوی لەبارەی چارەنووسی سەیفولئیسلام قەزافی بڵاونەکردووەتەوە و دۆخەکە بە ناڕوونی ماوەتەوە. سەیفولئیسلام کە یەکێک بوو لە دیارترین کوڕەکانی مەعمەر قەزافی، لە دوای رووخانی رژێمی باوکییەوە چەندین جار دەنگۆی جیاواز لەبارەی دەستگیرکردن و کوژرانی بڵاوکراوەتەوە.
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، جەخت لە بەردەوامبوونی کاندیدبوونی دەکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و رایدەگەیەنێت، ترەمپ لە رێگەی زانیاریی نادروستەوە دەربارەی ئەو چەواشە کراوە.
نوری مالیکی لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند، "لە کاندیدبوونم بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران ناکشێمەوە و تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبم." سەبارەت بە ئێکسەکەی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مالیکی وتی: "ترەمپ من ناناسێت و هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، تەنیا ناوم پێدراوە و پێموایە کەوتووەتە ناو پرۆسەیەکی چەواشەکارییەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک کەس لە ناوخۆی عیراقەوە زانیاریی نادروستیان بە ترەمپ داوە تاوەکو ئەو تویتە بنووسێت.
مالیکی ئاشکرای کرد کە زانیاریی لە کەسانی نزیک لە ناوەندی بڕیاری ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە سەرسامن بە تویتەکەی ترەمپ، ئەمەش جێگەی گومانە. هاوکات دڵنیایی دا کە عیراق رووبەڕووی هیچ سزایەکی ئابوری نابێتەوە و دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا ناڕوات.
سەبارەت بە گروپە چەکدارەکان، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وتی: "ئەو گروپانە کوڕ و هاوڕێی منن، ئەوان بەشدارییان لە حکومەت و پەرلەماندا کردووە، چونکە من کاندیدی سەرۆکایەتیی وەزیرانم."
لە لایەکی دیکەوە، مالیکی باس لەوە دەکات کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عیراق، خۆی پۆستەکەی بۆ ئەو جێهێشتووە، وتیشی: "سودانی خۆی دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ من هەڵگرت و بەو بڕیارە تووشی هێدمەی کردم."
ئەم لێدوانانەی نوری مالیکی لە کاتێکدایە کە ململانێیە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لە ناو ماڵی شیعە و لەسەر ئاستی عیراق گەیشتوونەتە لوتکە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە 20 سەعاتدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی توانی بکەری سەرەکیی تاوانی هەڵکوتانە سەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی دەستگیر بکات.
لە راگەیەندراوێکدا، عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئاسایش بۆ پاراستنی سەقامگیری، توانرا هەر دوو تۆمەتبارە سەرەکییەکە دەستگیر بکرێن. هاوکات لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، دەست بەسەر تەواوی ئەو بڕە پارە دزراوە و ئەو چەکەشدا گیرا کە تۆمەتبارەکان لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکاریان هێنابوو.
لە ئێستادا هەر دوو تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە، تاوەکو رێکارە رەسمییەکان بەرامبەریان تەواو بکرێت و رەوانەی دادگا بکرێن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت و هۆشداریش دەدات لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان.
گۆتێرێس لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی مانگی تشرینی یەکەمەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هاووڵاتیی فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون. سکرتێری گشتی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە رێککەوتنەکە بە تەواوەتی جێبەجێ بکەن و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوای کرد رێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ هیچ بەربەستێک و بە شێوەیەکی فراوان بگەیەنرێنە ناو غەززە، تاوەکو یارمەتیی دانیشتوانی ناوچەکە بدرێت.
گۆتێرێس دووپاتی کردەوە کە ئەوان هەرگیز دەستبەرداری هەوڵەکانیان نابن بۆ باشترکردنی ژیان بۆ هەمووان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی لە گوندێکی سەر بە قەزای سەیدسادق دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3-2-2026، دوای ئەوەی هەواڵی برینداربوونی کچێک بە ناوی (ئـ. س. ع) لە گوندی تاسڵوجەی سەر بە قەزای سەیدسادق گەیشتە بنکەی پۆلیسی ناوچەکە، مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد. بریندارەکە کە لەدایکبووی ساڵی 2008ـە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی کەمتر لە سەعاتێکدا توانرا تۆمەتباری روداوەکە کە برای کوژراوەکەیە دەستگیر بکرێت. تۆمەتبارەکە ناوی (ئـ. س. ع)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2013ـەیە؛ هاوکات دەستیش بەسەر ئەو چەکەدا گیراوە کە لە تاوانەکەدا بەکاریهێناوە.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عیراقی و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە. دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا بەردەوامن بۆ رونکردنەوەی هۆکاری روداوەکە.
جۆ ویڵسۆن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هێرشێکی توند دەکاتە سەر ڤلادیمێر پوتن و بە "تاوانباری جەنگ" ناوی دەبات، هاوکات داوای دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی روسیا لە خاکی سوریا دەکات.
جۆ ویڵسۆن لە پەیامێکدا رایگەیاند، پوتن شاری حەلەبی وێران کرد وەک سەرەتایەک بۆ وێرانکردنی شارەکانی ئۆکراین، وەک ماریۆپۆڵ و بوچا. راشیگەیاند، پوتن ئێستا پەناگەی بۆ ئەسەد و سەرکردە باڵاکانی رژێمەکەی لە مۆسکۆ دابین کردووە، کە خەریکی داڕشتنی پیلانن بۆ روداوی نوێ لە سوریا.
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس ئاماژەی بەوەش کرد، پوتن تاوەکو ئێستا پابەندی هیچ رێککەوتنێک نەبووە و لەمەشدا نمونەی ئۆکراین و جۆرجیای هێنایەوە. پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی سوریاش کرد و وتی: "هیچ شتێکی باش لە مۆسکۆوە بۆ ئێوە نایەت، چونکە بنکە سەربازییەکانیان تەنیا بۆ پاڵپشتیی دیکتاتۆرەکان و بڵاوکردنەوەی پشێوی بەکاردەهێنرێن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جۆ ویڵسۆن جەختی کردەوە کە دەبێت هاوکاریی سوریا بکرێت بۆ دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی روسیا لە وڵاتەکەیان. ئەم لێدوانانەی ویڵسۆن لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنێکی "کۆمسیۆنی هێلسینکی"دا هات کە کاتژمێر 14:30 بە کاتی واشنتن بەڕێوەچوو.
مەروان عەلی فەرماندەی ئاسایشی گشتیی سەر بە حکومەتی سوریا لەگەڵ ئاسیاشی رۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە.
موهەنەد ئیبراهیم پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، مەروان عەلی، فەرماندەی ئاسایشی گشتیی سەر بە حکومەتی سوریا لە حەسەکە لەگەڵ ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە کۆبوونەوەدایە
وتیشی، ئامانج لە کۆبوونەوەکە، بۆ هەماهەنگی و یەکخستنی کارەکان دەکەن لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە ناو شاری حەسەکە و قامیشلۆ.
هاوکات، تەلەفیزیۆنی فەرمی سوریا بڵاویكردەوە، عەمید محمد عەبدولغەنی بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەلەب، سەردانێکی مەیدانی بۆ شاری کۆبانی لە رۆژهەڵاتی پارێزگاکە، وەفدە ئەمنییەكەی حكومەتی سوریا لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) كۆبووەتەوەو گفتوگۆیان لەسەر میکانیزمی هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ناو شارەکە کردووە.
مەروان عەلی کە پێشتر لە وەزارەتی ناوخۆی سوریا پۆستی باڵای هەبووە، لە کۆتایی مانگی یەکی 2026 وەک فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە دەستنیشانکرا.
رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە؛ ئەم هەنگاوە دوای رێککەوتنێکی گشتگیر هات لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
بۆ زانیاری زیاتر کلیک لێرە بکە.....
لە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراودا، سەرۆکی ئۆکراین رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە جارێکی دیکە لەگەڵ روسیا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، بڕیارە لە رۆژانی 4 و 5ـی ئەم مانگەدا، پایتەختی ئیمارات ببێتە میوانداری گەڕێکی نوێی دانوستانە سێ قۆڵییەکانی نێوان (ئۆکرانیا، روسیا و ئەمریکا).
سەرۆکی ئۆکراین جەختی لەوەکردووە، تیمی دانوستانکارەکەیان راپۆرتی کۆتاییان ئامادەکردووە و ئامانجیان گەیشتنە بە رێککەوتنێک کە "شکۆی ئۆکراینییەکان" بپارێزێت.
ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردووە، ئەم پێشهاتە سیاسییە دوای کۆبوونەوەیەکی نهێنی و "گرنگ" دێت کە لە ویلایەتی فلۆریدا لە نێوان نێردەی تایبەتی ئەمریکا و نوێنەری ڤلادیمێر پوتین ئەنجامدرا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکردووە کە "کەشێکی ئەرێنی" لە ئارادایە و روسیا ئارەزووی بۆ ئاشتی نیشانداوە.
ئەو کەسایەتییانەی مێزی گفتوگۆکە بەڕێوە دەبەن:
جارید کوشنەر: زاوای ترەمپ و یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی پشت پەردەی ئەم ڕێککەوتنە.
سکۆت بێسێنت: وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، کە ئاماژەیە بۆ رەهەندە ئابورییەکانی رێککەوتنەکە.
کییەریل دمیتریێڤ: نوێنەری تایبەتی روسیا بۆ گفتوگۆکان.
چاودێرانی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەبوزەبی دەکەن، کە ئایا دەبێتە خاڵی کۆتایی بۆ جەنگێک کە زیاتر لە سێ ساڵە ئەوروپای هەژاندووە، یان تەنها وێستگەیەکی دیکەی ململانێ دیپلۆماسییەکان دەبێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی 2ـی 2026، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە عەلی تورکی، پارێزگاری نوێی بابل کرد.
لە میانەی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار مەرسومی کۆماری دەستەبەکاربوونی پێشکەش بەپارێزگاری نوێ کرد وهیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست و جەختی لەگرنگی خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانیانی پارێزگای بابل و کارکردن بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کەخواستی هاووڵاتیان بهێنێەدی و بەشداربێت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی گەشەپێدان.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری نوێی بابل، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو متمانەیەی پێی دراوە، هاوکات ویستی خۆی دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە و کارکردن بەگیانی یەک تیم بۆ خزمەتکردنی پارێزگا و دانیشتوانەکەی.

نورەدین ئەحمەد، کاندیدی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ پارێزگاری حەسەکە، بە میدیاکانی رۆژئاوای راگەیاندوە، حکومەتی کاتی سوریا رەزامەندی لەسەر کاندیدکردنی بۆ بون بە پارێزگاری حەسەکە دەربڕیوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ وەفدێکی سیاسی سەردانی دیمەشق بکەن.
دوای ئەوەی دوێنێ شەو میدیاکانی رۆژئاوا رایانگەیاند، هەسەدە نورەدین ئەحمەدیان بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە کاندید کردوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوبرا بە " North Press Agency " ـی راگەیاندوە، دیمەشق رەزامەندیان دەربڕیوە بۆ بوون بە پارێزگاری حەسەکە.
نورەدین ئەحمەد ناسراو بە ئەبو عومە خانیکە، لە ساڵی 1969 لە شاری قامیشلۆ لە دایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە ئەندازیاری میکانیک و کارەبا لە زانکۆی دیمەشق.
لە ساڵی 1993 تا ساڵی 2012 وەک ئەندازیار لە بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ کاری کردووە، کاتێک رژێمی لابراو لە کارەکەی دوورخستەوەتەوە و بەهۆی بەشداریکردنی لەو خۆپیشاندانانەی کە داوای روخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەسەدیان دەکرد.
دواتر ناوبراو لە چوارچێوەی ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبردنەکاندا کاری کردووە و چالاک بووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و لە سەرەتای ساڵی 2014وە وەک ئەفسەری پەیوەندییە گشتیەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کاری کردووە و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.
رۆژی 30 مانگی رابردوو، هەسەدە و دیمەشق، رێکەوتنێکی ئاگربەستیان ئەنجامدا بۆ یەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەسەدە کاندیدی بۆ پۆستەکانی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری و چەند پۆستێکی تر کە کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون دەبێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کارەساتەکەی یەکی سوباتی هەولێردا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵیادی ئەم رۆژە شومە و لەم یادە پڕ ئازارەدا، کە تیایدا کۆمەڵێک لە سەرکردە و پێشمەرگە و خەڵکی بوێر و دڵسۆزی کوردستان بوون بەقوربانی دەستی تیرۆریستانی تاریک پەرست، سەری ڕێز و وەفا بۆ یەکە یەکەی شەهیدانی ئەم کارەساتە دادەنەوێنم.
شێخ جەعفەر ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی لە پشت ئەو کردەوە قێزەونانەوە دەکرێتە ئامانج تەنها شەهید بوونی رۆڵەکانمان نیە، بەڵکو لە دیدگای دوژمنانەوە ئامانج تیایدا سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی کورد و كوردستانە و گرنگە لێرەدا سەرکردایەتیی کورد درک بەو راستییە بکات،
پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوباتدا
لە ساڵیادی ئەم ڕۆژە شوومە و لەم یادە پڕ ئازارەدا، کە تیایدا کۆمەڵێک لە سەرکردە و پێشمەرگە و خەڵکی بوێر و دڵسۆزی کوردستان بوون بەقوربانی دەستی تیرۆریستانی تاریک پەرست، سەری ڕێز و وەفا بۆ یەکە یەکەی شەهیدانی ئەم کارەساتە لە بیرنەکراوە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان دادەنەوێنم.
بە داخەوە ئەوەی لە پشت ئەو کردەوە قێزەونانەوە دەکرێتە ئامانج تەنها شەهید بوونی ڕۆڵەکانمان نیە، بەڵکو لە دیدگای دوژمنانەوە ئامانج تیایدا سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی کورد و كوردستانە، گرنگە لێرەدا سەرکردایەتیی کورد درک بەو ڕاستییە بکات کە دوژمنان هەم لە ڕابردوو و هەم لە ئێستاشدا ئامانجیان لەناوبردنمان بووە و دەبێت، بۆ هەمیشەش ههڕهشه و مهترسی دەبن بۆ سەر خاک و نیشتیمانمان.
لە کۆتاییدا سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدانی ئەم کارەساتە لە بیرنەکراوە و گشت شەهیدانی کوردستان و خۆڕاگریی و ئیرادەی لەبن نەهاتووی خانهواده سهربهرزهكانیان دادەنەوێنم.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٢/١
لە ساڵیادی 22 ساڵەی کارەساتەکە یەکی شوباتی هەولێردا، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئەم تاوانە تیرۆریستییە، دەرخەری ئەو راستیەیە کە تیرۆریستان و دووژمنانی گەل و خاکەکەمان هەمیشە لە بۆسەدان بۆمان، هەر جارەو بە ناو و ناونیشانێکی جیاوازەوە تاوانە قێزەونەکانیان ئەنجام دەدەن.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ کارەساتی یەکی سوباتی هەولێر یەکێکە لەو زنجیرە کارەسات و روداوانەی، کە تا ئێستاش و بە بەردەوامی لە بیر و هزری خەڵکی کوردستاندا هەر زیندووە؛ بەهۆیەوە 103 هاووڵاتیی بێتاوان شەهید بوون و 246 هاووڵاتی تریش بریندار بوون.
دەقی پەیامەکەی وەزیری پێشمەرگە:
«کارەساتی دڵتەزێنی ١ـی شوبات، یەکێکە لەو زنجیرە کارەسات و رووداوانەی کە تا ئێستاش و بە بەردەوامی لە بیر و هزری خەڵکی کوردستاندا هەر زیندووە؛ کە لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستیدا، لە ڕۆژی جەژن و شادیدا، لە هەولێری پایتەخت، بەداخەوە (١٠٣) هاوڵاتیی بێتاوان شەهیدبوون و (٢٤٦) هاوڵاتیی دیکەش برینداربوون.
ئەم تاوانە تیرۆریستییە، دەرخەری ئەو راستیەیە کە تیرۆریستان و دووژمنانی گەل و خاکەکەمان هەمیشە لە بۆسەدان بۆمان، هەر جارەو بە ناو و ناونیشانێکی جیاوازەوە تاوانە قێزەونەکانیان ئەنجام دەدەن؛ بەڵام بەرامبەر یەکڕیزی و ئیرادەی بەرز و بەهێزی گەلەکەمان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەمیشە تێکشکاون».
درود بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی یەکی شوبات و تێکڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازی کوردستان.
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، لە یادی 22 ساڵەی کارەساتی یەکی شوباتی هەولێردا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی هەموو شەهیدانی ئەو روداوە تیرۆریستییە و هەموو شەهیدانی کوردستان، جەختیکردوەتەوە سەرەرای ناکۆکی ناوخۆی دوژمنان و تیرۆرساتن وەک کورد هەمووان دەکەن ئامانج.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردوە، پەیامی یەکی شوبات رونە؛ کورد لە ناوخۆدا ئەگەر سەد رەنگ بن و هەزار جۆر ململانێیان هەبێت، بەڵام تیرۆرستان ئەوە نازانن و وەک کورد هەمووان دەکەن ئامانج و هەوڵی لەنابوردنیان دەدەن.
جەختیشیکردوەتەوە، ئەرکی ئێمەی کوردە، بە هەموو جیاوازی و ناکۆکییەکانمانەوە وەک کورد، بە یەک گیان و بە یەک هەڵوێستەوە بەرەنگاریان ببینەوە.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی
پەیامی یەکی شوبات زۆر روونە:
ئێمە لەناو خۆماندا سەد رەنگ بین، هەزار جۆر ململانێ و ناکۆکی و بەرژەوەندیی جیاوازیشمان هەبێت، بەڵام تیرۆریستان و نەیاران و دوژمنانمان وەک کورد دەمانکەنە ئامانج و هەوڵی لاوازکردن و لەناوبردنمان دەدەن.
هەربۆیە ئەرکی ئێمەی کوردیشە، بە هەموو جیاوازی و ناکۆکییەکانمانەوە وەک کورد و بە یەک گیان و بە یەک هەڵوێستەوە بەرەنگاریان ببینەوە.
لە یادی ٢٢ ساڵەی کارەساتی یەکی شوباتی هەولێردا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی هەموو شەهیدانی ئەو رووداوە تیرۆریستییە و هەموو شەهیدانی کوردستان.
سەرۆکی کۆمەڵگەی کورد لە ئیسرائیل رایگەیاند، لەم رۆژانەدا دەستپێشخەرییەک لە ئارادایە و داوایەک ئاراستەی حکومەتی ئیسرائیل کراوە، کە تێیدا داوای پشتیوانی و هاوپەیمانی بۆ برا کوردەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت.
یەهودا بن یوسف، سەرۆکی کۆمەڵگەی کورد لە ئیسرائیل، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاند، پرۆژەیەکیان داوەتە حکومەتی ئیسرائیل بۆ پشگیریکردنی کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان و داواش دەکات کوردەکان لە هەرشوێنێکن هاوکاریان بن و ئیمزای بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، ئیمزای هەر یەکێک لە ئێوە، کە مەبەستی کوردەکانە لەسەر ئەم داواکرییە کارێکی گرنگ و پڕ واتایە و داوا لە هەموو تاکێکی کورد دەکات ئیمزای بکەن، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکەنەوە و هاوکار بن لە گەیاندنی بە هەمووان، تا بتوانین هەزاران ئیمزا کۆبکەینەوە.
لە کۆتایشدا یەهودا بن یوسف دەڵێت؛ تەنها پێکەوە دەتوانین دەنگێکی رون، یەکگرتوو و بەهێز بەرز بکەینەوە.
ئەو لینکەی کە دەتوانن دەنگی پێبدەن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتی وڵاتی چینی کرد بۆ بەشداریکردن لە کڕینی نەوتی ڤەنزوێلا و لە ئەگەری قبوڵکردنی داواکارییەکەی لەلایەن وڵاتی پەکینەوە، ترەمپ بە "گرێبەستێکی گەورە" ناوی دەبات، ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان پێشوازی لە هیندستانیش دەکەن بۆ هەمان مەبەست.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، ئەوان پێشوازی لە چین دەکەن، کە بێتە پێشەوە بۆ کڕینی نەوتی ڤەنزوێلا و ئەوە دەبێتە مامەڵەیەکی گەورە لە نێوانیاندا، ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشبینی دەکات هیندستانیش نەوتی ڤەنزوێلا بکڕێت.
لەبارەی پشکەکانی ئەمریکا لە نەوتی ڤەنزویلادا، ترەمپ رایگەیاند، واشنتۆن تا ئێستا باسی پشکی کاراکاسی لە داهاتی فرۆشی نەوتی ڤەنزوێلا نەکردووە، بەڵام متمانەی خۆی دەربڕی کە ئەمریکا و ڤەنزوێلا لە ئێستادا لەسەر پێگەیەکی باشن و کێشەیان نابێت.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، لەژێر فشاری ئەمریکادا، دیلسی رۆدریگێز سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا یاسایەکی واژۆکرد، کە کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر کەرتی نەوتدا سنووردار دەکات و دوای دوو دەیە کەرتی نەوتی وڵاتەکە لە حکومییەوە گۆڕدار بۆ کەرتی تایبەت.