دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری دا تەنیا رۆژێک دوای دەستپێکردنی، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ یاوەریکردنی کەشتییەکان لە گەروی هورمز راگرێت،  ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەسەر داوای پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە و بەهۆی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی لە دانوستانەکاندا بەدیهاتووە، بڕیاریان داوە "پرۆژەی ئازادی" بۆ ماوەیەکی کورت رابگرن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، راگرتنەکە بۆ ئەوەیە دەرفەت بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی کۆتایی و گشتگیر لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بڕەخسێت، هەرچەندە جەختی کردەوە کە گەمارۆکان وەک خۆیان بەردەوام دەبن.

لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە وڵاتەکەی کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانی بۆ سەر ئێران هێناوە و قۆناغی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی - Epic Fury" کۆتایی هاتووە.

 روبیۆ باسی لەوە کرد، کە لە ئێستادا کاری لەپێشینەی واشنتن کردنەوەی گەروی هورمزە بە روی هاتوچۆی کەشتییەکاندا.