بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، بڵاویکردوەتەوە، هێزەکانیان ژن و پیاوێکیان بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی منداڵەکانیان کە تەمەنیان هەشت ساڵ و چوار ساڵبووە دەستگیر کردوە.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە روداوەکە و بە بڕیاری دادوەر  مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیوان چونەتە شوێنی روداوەکە و ژن و پیاوەکەیان دەستگیرکردوە، کە هاوسەری یەکترین  و بە رەچەڵەک عەرەبن.

 ئەوەشخراوەتەڕوو، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتوە،  ژنەکە باوەژنی منداڵەکانە و لە دایکوبی ساڵی 2001یەکە و بەدەستەبەری دارایی ئازادکراوە.

لەبارەی پیاوەکەشەوە، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت؛ لە ئێستادا بەپێی مادەی (29) لە یاسای چاودێری نەوجەوانان و بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و منداڵەکانیش، دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە گوازراونەتەوە بۆ خانەی بێسەرپەرشتان بەمەبەستی پاراستن و سەلامەتی ژیانیان.