رۆژنامەی "Page Six" بڵاویکردەوە، جیف بێزۆس، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی و خزمەتگوزاری هەور، یەختە چارۆکەدارەکەی بە ناوی "Koru" بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار خستووەتە روو بۆ فرۆشتن.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە درێژیی ئەم یەختە 417 پێیە (127 مەتر)، و بەپێی گۆڤاری "بۆت ئینتەرناشناڵ" لە ئێستادا گەورەترین یەختی چارۆکەدارە لە جیهاندا.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" باسی لەوە کردووە کە بەهۆی گەورەیی قەبارەی یەختەکەوە، ناتوانێت لەگەڵ یەختە تایبەتەکانی دیکەدا لە یەک لەنگەرگادا لە فلۆریدا لەنگەر بگرێت.

رۆژنامەی "Page Six" دەڵێت: جیف بێزۆس کۆشکە سەرئاوکەوتووەکەی (کۆرو) کە بەهای 500 ملیۆن دۆلارە، بە بێدەنگی خستووەتە روو بۆ فرۆشتن، چونکە هێندە گەورەیە بەڕێوەبردنی کارێکی زۆر قورسە.

لە مانگی ئازاری رابردوودا، هەواڵەکان ئاماژەیان بەوە دابوو کە بێزۆس کۆمەڵێک زەوی لە دوورگەیەکدا کڕیوە کە بە "حەشارگەی ملیاردێرەکان" لە فلۆریدا ناسراوە، بە بڕی 339 ملیۆن دۆلار.

هەروەها لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندبوو کە سامانی 500 دەوڵەمەندترین کەسایەتی جیهان بە بڕی 2.2 تریلیۆن دۆلار زیادی کردووە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە.