ماریا ماچادۆ سوپاسی نەتانیاهۆ دەکات و عراقچیش دەڵێت: خەڵاتی نۆبڵ متمانەی لەدەستداوە
راهۆز
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی 2025، رایگەیاند کە پەیوەندیی بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە کردووە و سوپاسی کردووە بۆ پیرۆزباییەکەی. ئەم هەڵوێستەی ماچادۆ کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و عەباس عراقچی، سیاسەتمەداری ئێرانی، رایگەیاند، ئەمە دەیسەلمێنێت کە خەڵاتی نۆبڵ "متمانەی لەدەستداوە".
"هیواخوازین پلانی ترەمپ جێبەجێ ببێت"
ماچادۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد و سوپاسیم کرد بۆ پیرۆزباییە گەرمەکەی لە گەلی ڤەنزوێلا بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی 2025".
ئەو لە درێژەی پۆستەکەیدا ئێرانی بە "پشتگیریکاری سەرەکیی رژێمی مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا" و هاوکات "پشتیوانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس، حزبوڵا و حوسییەکان" ناوبرد. ماچادۆ هیوای خواستووە کە "جێبەجێکردنی تەواوەتیی پلانی سەرۆک ترەمپ ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە ناوچەکەدا".
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عراقچی لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە تویتەکەی ماچادۆ نووسیویەتی: "بە بڕوای زۆرێک لە جیهاندا، خەڵاتی نۆبڵ ماوەیەکی زۆرە ئەو متمانەیەی لەدەستداوە کە دەبوو هەیبێت. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە خەڵاتەکە بەردەوام وەک ئامرازێک بەکارهێنراوە دژی ئەو حکومەتە نا-رۆژئاواییانەی کە بە 'دژ' بە بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا دادەنرێن".
عراقچی دەشڵێت: "پێدانی خەڵاتی 'ئاشتی'ی ئەمساڵ بە کەسێک کە هانی 'شەڕ' دەدات دژی وڵاتەکەی خۆی و لە هەمان کاتدا ستایشی ئەنجامدەرانی 'جینۆساید و تاوانی جەنگ' لە فەلەستین دەکات، ئەم بۆچوونەی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر سەلماند".



