محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵدەدات بە بەڵێنی بەتاڵ و یاریی سیاسی، سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانیی گەلی ئێران بکڕێت، بەڵام سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بە هیچ ئیمتیازێک مامەڵەی پێوە ناکرێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ "چەکی کوشندەی دەستیان، بڵاوکردنەوەی نائومێدی و خۆبەکەم زانینە." وتیشی: "لە رێگەی میدیاوە هەوڵدەدەن بە گەنجان بڵێن کە بەبێ وابەستەبوون بە رۆژئاواوە، پێشکەوتن ئەستەمە، لە کاتێکدا دەستکەوتەکانی ئێران لە بوارەکانی ئەتۆمی، نانۆ، بایۆ، بەرگری و پزیشکیدا، ئەم درۆیە گەورەیەیان بەتاڵکردووەتەوە."

"دروشمی 'مردن بۆ ئەمریکا' رقێکی کوێرانە نییە"

قالیباف لەبارەی دروشمی "مردن بۆ ئەمریکا" وتی: "با وا نەزانن ئەم دروشمە بەخەیاڵ بەرهەمهێنراوە؛ بەڵکو لە یادەوەریی مێژوویی و ویژدانی گشتیی گەلی ئێرانەوە هەڵقوڵاوە. ئەم هاوارە، رەنگدانەوەی کینەی قوڵایی خەڵکە لەبەرامبەر سوکایەتی و ژێردەستەییدا، نەک دروشمی رقێکی کوێرانە."

وتیشی: "دروشمی مردن بۆ ئەمریکا، واتە مردن بۆ لۆژیکی دەسەڵاتخوازی، نەک مردن بۆ گەلان.