عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ئەگەر دانوستانەکان لە میسر سەرکەوتوو بن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولفەتاح سیسی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا پەیامێکی بۆ ترەمپ نارد و راگەیاند؛ بەڕاستی زۆر نایاب دەبێت ئەگەر رێککەوتنێک بکرێت، ئێوە بەشداری لە مەراسیمی واژۆکردنەکەیدا بکەن.
سیسی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دەرفەتەکە بقۆزینەوە و سەرکەوتنی دانوستانەکانی شەرم شێخ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غـەززە مسۆگەر بکەن.
دەشڵێت؛ ئەگەر ئەوە کرا، بانگهێشتی سەرۆک ترەمپ دەکەم سەردانی میسر بکات، بۆ ئەوەی ئامادەبێت لە کاتی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاگربەستەکە.
ئەم لێدوانەی سیسی لە کاتێکدایە کە میسر لە ڕۆژی دووشەممەوە میوانداری دانوستانی چڕ و پڕی نێوان شاندە باڵاکانی حەماس و ئیسرائیل دەکات کە ئامانج لێی کۆتایی هێنان بە ململانێی غەززە بەپێی پلانی ئاشتی پێشنیارکراوی ترەمپ.
سەرۆکی میسر رایگەیاند، دانوستانەکان "بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەچن" و هیوای خواست هەموو لایەک ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
دانوستانە ناڕاستەوخۆکان رۆژی چوارشەممە لە شەرم شێخ بۆ سێێەم رۆژ بەردەوامە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میسر و سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر و سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی تورکیا و شاندێکی ئیسرائیلی و شاندێكی حەماس، دوو نێردەی ئەمریکی ئامادەی دانوستانەکانن.
توركیا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش رەتدەكاتەوە و پەرلەمانتارێكی دەم پارتی دەڵێت، ئازادنەكردنی دەمیرتاش زیان بە كورد و پرۆسەی ئاشتیی لە توركیا دەگەیەنێت.
دوای ئەوەی داداگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوتری پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەی لە دۆسیەی كۆبانێ دەركرد توركیا تانەی لەو بڕیارە داوە و رەتی كردەوە دەمیرتاش ئازاد بكرێت.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێتاوانیی دەمیرتاشی لە دۆسیەی كۆبانێ راگەیاند و داوای لە دادگای توركیا كردبو كە بە بڕی 55 هەزار و 745 یۆرۆ وەك قەرەبو دەمیرتاش قەرەبو بكرێتەوە.
لای خۆشییەوە جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان -دەم پارتی- رایگەیاند ئازادنەكردنی دەمیرتاش دەریدەخات و هەستی كورد و داواكاریی جەماوەری توركیا پشت گوێ خراوە كە ئەوەش زیان بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت چونكە ئەو قۆناغە هیوایەكی بەهێزی بۆ ئاشتی لێكەوتبوەوە.
ئەمریكا كوشتنی سەركردەیەكی قاعیدەی لە سوریا راگەیاند كە یەكێك لە پلانداڕێژەرانی پەلامارە چەكداری و تیرۆریستییەكان بووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا 'سێنتكۆم' بڵاویكردەوە لە دووی ئەم مانگەدا لە ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانی لە سوریا سەركردەیەكی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە كوژراوە، كە پلانداڕێژەری زۆربەی پەلامارە تیرۆریستییەكان بووە لە سوریا.
بە پێی زانیارییەكانی سێنتكۆم محەمەد عەبدولوەهاب ئەحمەد لە ناو گروپی ئەنسارولئیسلامی كە لقێكی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە سەركردایەتی هێرش و پەلامارەكانی لە سوریا كردووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا جەختی لەوەكردوەتە ئۆپراسیۆنی لەناوبردنی تیرۆریستەكەی قاعیدە لە پێناو كەمكردنەوەی مەترسیی لەسەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا بووە و ئۆپراسیۆنی هاوشێوەش دژی سەرجەم تیرۆریستان و رێكخراوە تیرۆریستییەكان بەردەوام دەبێت.
هەردوو نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا گەیشتنە شەرم شێخ بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان لەبارەی غەززە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردوەتەوە، هەر یەک لە ستیف ویکتۆف و جارێد کوشنەر نوێنەرانی سەرۆکی ئەمریکا دانوستانەکانی غەززە گەیشتوونەتە میسر و بەشداری لە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکانی شەرم شێخ گفتوگۆی چڕ و پڕ لە ئاستی باڵا لە نێوان نێوەندگرانی ناوچەیی و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدرێت.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستەڕوو، دۆناڵد ترەمپ فشارێکی توند دەخاتە سەر ئیسرائیل و حەماس، بۆ ئەوەی لەچەند رۆژی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە، لەنێویاندا ئاگربەستی هەمیشەیی و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
جێگەی ئاماژەیە ئەم هەوڵەی ئەمریکا لە رێگەی نوێنەراکانییەوە لە قاهیرە و دەوحە، دوای دوو ساڵ شەڕی خوێناوی دێت لەغەززە، بۆ چەسپاندنی پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە
هەسەدە و دیمەشق لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر چوار خاڵی گرنگ دەربارەی رەوشی سوریا رێککەوتن، پەیامنێری کوردسات نیوزیش دەڵێت: یەکێک لە خاڵەکان هەموارکردنەوەی دەستوری سوریایە.
وەفدی دانوستانکاری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی دیمەشق، چوار خاڵی سەرەکی گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بەڵگەنامەیەکی رەسمی ئیمزا نەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەخاڵەکان یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆبوو، کە بەشێوەی زارەکی خرایەڕوو، ئامانجی یەکگرتنەوەکە بریتییە لە دامەزراندنی سوپایەکی رێکخراو و کاریگەر کە هەموو سوریا بپارێزێت.
هەروەها رێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی تەواو و دەستبەجێ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و حەلەب کراوە.
وەفدی دانوستانکار ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا، رێککەوتن دەستوری سوریا هەمواربکرێتەوە بۆ ئەوەی مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.
هاوکات لەگەڵ دووەم ساڵیادی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لە میسر لەنێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسدا بەردەوامە، لە کاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاندووە کە ئەمریکا پابەندە بەوەی ئاگربەست لە غەززە کاتی نەبێت.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، وردەکاری زۆر ماوە کە دەبێت لە چوارچێوەی پلانە 21 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کاری لەسەر بکرێت بۆ غەززە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە نێوەندگیران پابەندن بە ئاسانکاریکردنی گفتوگۆکان بۆ سەرخستنی ئاگربەست و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە کە گفتوگۆکان "ئەرێنی" بوون و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە درێژەیان پێبدرێت.
یەکێک لە سەرچاوەکان کە بەرپرسێکی نزیکە لە دانوستانەکانەوە، وتی: "خولی یەکەمی گفتوگۆکان کە چوار کاتژمێری خایاند، تێیدا نەخشەڕێگای دانوستانەکان و میکانیزمەکان تاوتوێ کران."
بەپێی سەرچاوەکە، ئەو خاڵانەی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت بریتین لە:
ئاڵوگۆڕی دیلەکان: میکانیزمی رادەستکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان (زیندوو و مردوو) لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین، بە دیلە باڵا و سەرکردەکانیشەوە.
کشانەوەی ئیسرائیل: نەخشەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و گەیاندنی هاوکارییەکان لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەست.
بەڕێوەبردنی غەززە: رادەستکردنی ئیدارەی کەرتەکە بە لیژنەیەکی شارەزایانی سەربەخۆی فەڵەستینی.
سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرای کرد کە حەماس بە نێوەندگیرانی وتووە، "پێویستە فڕینی فڕۆکەی جەنگی و سیخوڕی رابگیرێت، بۆردوومانەکان بە تەواوی بوەستێنرێن و هێزەکانی ئیسرائیل لەناو شارەکان بکشێنەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی رادەستکردنی بارمتەکان خێراتر بکرێت."
دووەم ساڵیادی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر
ئەمڕۆ ئیسرائیل یادی دووەم ساڵیادی هێرشە چاوەڕواننەکراوەکەی بزوتنەوەی حەماسی کردەوە. لە باشووری ئیسرائیل، دەیان کەس لە کەسوکاری قوربانیانی فێستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا لەو شوێنە کۆبوونەوە کە کراوەتە یادگارییەک بۆ قوربانیان. لەو هێرشەدا چەکدارانی حەماس زیاتر لە 370 کەسیان لە فێستیڤاڵەکەدا کوشت و دەیان کەسی دیکەیان رفاند.
بەپێی ئامارە رەسمیەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس و رفاندنی 251 کەسی دیکە، کە تا ئێستا 47 کەسیان لە غەززە ماونەتەوە و سوپای ئیسرائیل دەڵێت 25 کەسیان کوژراون.
لە دوای هێرشەکەوە، ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانی لە ئاسمان، دەریا و وشکانییەوە بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە باوەڕپێکراوی دەزانێت، شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 67 هەزار فەڵەستینی.
شەڕەکە وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە؛ گەڕەکەکان تەواو خاپوور کراون، زۆربەی نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و ژێرخانی ئابووری لەناوچوون. سەدان هەزار فەڵەستینی ئاوارە بوون و لە دۆخێکی مرۆیی کارەساتباردا دەژین کە گەیشتووەتە ئاستی راگەیاندنی برسێتی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
پلانەکەی ترەمپ و فشاری نێودەوڵەتی
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی ئاشکرا کرد کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، چەکداماڵینی حەماس، و کشانەوەی پلەبەندی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکات.
لەگەڵ چوونە ناو ساڵی سێیەمی شەڕەکەوە، هەریەک لە ئیسرائیل و حەماس روبەڕووی فشاری نێودەوڵەتیی زیاتر دەبنەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، هۆشداری داوە کە ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن، سوپا "دەگەڕێتەوە بۆ شەڕکردن" لە غەززە.
مرهف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری لە حکومەتی سوریا، رایگەیاند کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
ئەبو قەسرە لە لێدوانێکدا کە لە دیمەشقی پایتەختەوە بڵاوی کردەوە، وتی: "کەمێک لەمەوبەر لە دیمەشقی پایتەخت چاوم بە بەڕێز مەزڵووم کۆبانێ کەوت و رێککەوتین لەسەر راگرتنی تەواوەتیی تەقە لە سەرجەم میحوەر و خاڵە سەربازییەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا."
وەزیری بەرگری جەختیشی کردەوە کە "جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەستبەجێ دەست پێدەکات."
ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە وەفدێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی مەزڵووم کۆبانێ، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، لە دیمەشقن.
وەفدێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، گەیشتە دیمەشقی پایتەخت و وابڕیارە بە ئامادەیی تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع و حکومەتی سوریا کۆببنەوە.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 10ی ئادار کە لەنێوان سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریادا ئیمزا کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، وەفدەکە پێکهاتووە لە:
مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
رۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی دیاری یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە).
رێککەوتنی 10ی ئادار کە لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ئینتیقالی و مەزڵووم کۆبانێ ئیمزاکراوە، چەندین خاڵی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت و داننان بە مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەی کورد.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دکتۆر ئەحمەد عومەر هاشم، ئەندامی دەستەی باڵای زانایان لە میسر و سەرۆکی پێشووتری زانکۆی ئەزهەر، کۆچی دوایی کرد.
هەواڵی کۆچی دواییەکەی لە پەیجی رەسمی دکتۆر ئەحمەد عومەر هاشم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکرایەوە و تێیدا نووسرابوو: "بە دڵێکی پڕ لە ئیمان و رازیبوون بە قەدەری خودا، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و خۆشەویستان و قوتابییانی خوالێخۆشبوو، ئیمامی شەریف دکتۆر ئەحمەد عومەر هاشم دەکەین."
دکتۆر ئەحمەد عومەر هاشم بە یەکێک لە دیارترین زانایانی ئەزهەر لە دەیەکانی رابردوودا دادەنرێت و خاوەنی چەندین بەرهەم و کاری زانستی و بانگخوازییە. ناوبراو پۆستی سەرۆکی زانکۆی ئەزهەری وەرگرتووە و لە چەندین دەستە و ڕێکخراوی زانستی و ئایینی لە ناوخۆ و دەرەوەی میسر بەشداریی کردووە.
توێژینەوەیەکی نوێ کە هاوکاتە لەگەڵ دووەم ساڵیادی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، ئاشکرای دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی هەردوو ئیدارەی سەرۆکی پێشوو جۆو بایدن و سەرۆکی ئێستا دۆناڵد ترەمپ، یارمەتی سەربازیی بە بەهای لانیکەم21.7 ملیار دۆلار پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە، ئەمەش تەنها لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لە دوو ساڵ لەمەوبەر.
توێژینەوەیەکی دیکە کە هەمان پڕۆژەی "تێچووی شەڕ" لە کۆلێژی واتسن بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و گشتی لە زانکۆی براون بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا نزیکەی 10ملیار دۆلاری دیکەی لە هاوکاری ئەمنی و ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا خەرج کردووە.
هەرچەندە زۆربەی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکان پشت بە سەرچاوەی کراوە دەبەستن، بەڵام ئەم توێژینەوانە بە وردترین هەژمارکردن دادەنرێن بۆ یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، هەروەها خەمڵاندنی تێچووی دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
تا ئێستا نوسینگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی رەسمی لەسەر قەبارەی یارمەتییە سەربازییە پێشکەشکراوەکان بە ئیسرائیل لەدوای ئۆکتۆبەری 2023ەوە نەداوە، لە کاتێکدا کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە تەنها سەرپەرشتی بەشێک لەو یارمەتییانە دەکات.
یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل
چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، واشنتۆن دەستبەجێ دەستیکرد بە ناردنی یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل، کە بریتی بوو لە ناردنی کەشتی جەنگی و فڕۆکەی جەنگی بۆ ناوچەکە، و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی شەڕ بۆ ئیسرائیل.
ئیسرائیل داوای موشەکی بەرگریی "گنبد ئاسنین" و تەقەمەنی لە ئەمریکا کرد. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، رایگەیاند کە واشنتۆن "پشتگیری تەواو"ی ئیسرائیل دەکات، هاوشان لەگەڵ ناردنی سەکۆی مووشەکی ئاراستەکراو و فڕۆکەی جەنگی جۆری ئێف-35.
گرنگترین وێستگەکانی یارمەتییەکان:
12ی ئۆکتۆبەر: ئیدارەی بایدن دەستیکرد بە ئامادەکردنی پاکێجێکی یارمەتی بە بەهای نزیکەی 2 ملیار دۆلار وەک بودجەیەکی زیادە بۆ پشتگیریکردنی ئیسرائیل.
17ی ئۆکتۆبەر: پێنج کاروانی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەمریکی گەیشتنە ئیسرائیل.
تشرینی دووەم: ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پلانێکی کۆمارییەکانی پەسەند کرد کە 14.5 ملیار دۆلاری وەک یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل تەرخان کردبوو.
کانوونی یەکەمی 2023: واشنتۆن15.000 بۆمب و 57.000گولـلە تۆپی عەیار 155 ملمی بۆ ئیسرائیل دابین کرد، کە زۆربەیان لە رێگەی فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی جۆری سی-17 گواسترانەوە. هەروەها، ئەمریکا زیاتر لە 5،000 بۆمبی نائاراستەکراوی جۆری ئێم کەی 82، زیاتر لە 5.400 بۆمبی ئێم کەی 84، و نزیکەی 1.000 بۆمبی جی بی یو-39ی قەبارە بچووکی نارد.
8ی کانوونی یەکەم: بایدن دەسەڵاتی باری نائاسایی بەکارهێنا بۆ بازدان بەسەر پێداچوونەوەی کۆنگرێسدا بۆ فرۆشتنی نزیکەی 14.000گولـلە تانک بە بەهای106.5 ملیۆن دۆلار بۆ گەیاندنی دەستبەجێ بە ئیسرائیل.
29ی کانوونی یەکەم: حکومەتی ئەمریکا جارێکی دیکە دەسەڵاتی باری نائاسایی بەکارهێنایەوە بۆ فرۆشتنی گولـلە تۆپ و چەکی پەیوەندیدار بە بەهای 147.5ملیۆن دۆلار بە ئیسرائیل، بەمەبەستی پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەکی ئیسرائیل.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەراگەیەندراوێکدا هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە گوایە هێزەکانیان هێرشیان کردبێتە سەر خاڵەکانی پشکنینی حکومەتی دیمەشق لە حەلەب. هەسەدە رایگەیاند، "ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقصود رودەدات، دەرەنجامی راستەوخۆی گەمارۆی خنکێنەر و هێرشە بەردەوامەکانی چەکدارانی حکومەتی دیمەشقە" و هۆکاری پێکدادانەکان بۆ "هەوڵی چەکدارانی حکومەت بۆ چوونەژوورەوە بە تانک و زرێپۆش" گەڕاندەوە.
لە تاگەیەندراوێکدا، کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوکراوەتەوە، هەسەدە بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم تۆمەتانە بە هیچ شێوەیەک راست نین، چونکە هێزەکانی ئێمە لەدوای کشانەوەیان بەپێی لێکتێگەیشتنی 1ی نیسان، هیچ بوونێکیان لە ناوچەکەدا نییە."
هەسەدە رایگەیاندووە کە روداوەکان دەرئەنجامی زنجیرەیەک دەستدرێژیی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقە دژی هاووڵاتییانی سڤیل، کە بریتی بوون لە:
سەپاندنی گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەر.
بڕینی هاوکاری و پێداویستییە پزیشکییەکان.
رفاندنی ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە.
بەردەوامبوون لەسەر هەراسانکردنی خەڵک لە خاڵەکانی پشکنین.
لەم دواییانەشدا، دروستکردنی ساتر و بەربەستی خۆڵی لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" دەکات لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە و دەڵێت: "ئەو چەکدارانە هەوڵی چوونەژوورەوە دەدەن بە تانک و زرێپۆش و گەڕەکە نیشتەجێبووەکان بە گولـلەهاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، کە بووەتە هۆی قوربانیدان لەنێو هاووڵاتییانی سڤیل و زیانێکی گەورەی بە موڵک و ماڵیان گەیاندووە."
هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم کردەوانە بوونەتە هۆی هاندانی خەڵک و پاڵنانیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، شانبەشانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە، کە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و ئارامیی ناوچەکە جێبەجێ دەکەن."
لە کۆتاییدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات حکومەتی دیمەشقی بە "بەرپرسیاری تەواو و راستەوخۆ" داناوە لە بەردەوامیی گەمارۆ و پێشێلکارییەکان و ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە. هەروەها داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان کردووە کە "بەپەلە بجوڵێن بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆ نادادپەروەرانەیە و راگرتنی هێرش و دەستدرێژییەکان دژی خەڵکی سڤیل."
موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوز لە سوریا، رایگەیاند کە پێکدادان لە نێوان سوپای سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب رویداوە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، سوپای سوریا هەموو رێگا سەرەکییەکانی کە دەچنەوە سەر ئەو دوو گەڕەکە داخستووە
پەیامنێری کوردسات نیوز، ئاماژەی بەوەداوە کە داخستنی رێگاکان وەک کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بەو شتەی بە "پێشێلکارییەکانی هەسەدە" ناویان بردووە.
هاوکات لە نوێترین راگەیەندراویدا وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت: جوڵەی هێزەکانمان لە باکور و باکوری رۆژهەڵاتی وڵات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانە لە هێرشەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە". راشیگەیاند. "پابەندین بە رێککەوتنی 10ی ئادار و ئۆپەراسیۆن ناکەین."
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات: هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل "شانۆگەرییەکی سیاسییە" و نوێنەرایەتی ئیرادەی سورییەکان ناکات.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ6ی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاویکردەوە، رایگەیاند کە بەدواداچوونیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا کردووە و بە "شانۆگەرییەکی سیاسی" ناوی دەبات کە "شایستەی مێژووی دێرینی سوریا و قوربانیدانی رۆڵەکانی نییە."
ئەنجومەنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەڵبژاردنانە نوێنەرایەتی ئیرادەی راستەقینەی گەلی سوریا ناکات و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی وڵاتی نەگرتووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم هەڵبژاردنە روکەشیانە بوونەتە هۆی "قووڵکردنەوەی دابەشبوون لەناو کۆمەڵگای سوریادا، لەبری ئەوەی هەنگاوێک بن بەرەو یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاشتەوایی گشتگیر."
هەسەدە دووپاتی کردەوە کە سورییەکان "چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی راستەقینەن کە گوزارشت لە ئیرادەیان بکات و نوێنەرایەتی هەموویان بکات،" و بە مافێکی نیشتمانیی دەزانن کە "ناتوانرێت سازشی لەسەر بکرێت یان دەستبەرداری بن." هەروەها هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بە "کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە پرۆسەی بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی یەکگرتوو" دادەنێت کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاووڵاتیبوون و یەکسانی بۆ هەموو سورییەکان دامەزرابێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن شەرعیەتی نابێت، مەگەر بە بەشداری و نوێنەرایەتیی هەموو سورییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، و بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت کە پاکی و شەفافیەتی مسۆگەربکرێت." ئامانج لەمەش کۆتاییهێنانە بە دابەشبوون و چەسپاندنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە سوریادا.
ئێران وردەكاریی لەبارەی شەڕی 12رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوكردەوە و رایگەیاند ، درۆنەكان لە رێی وڵاتێكی دراوسێوە ئاراستەی ئێران كراون .
ئەحمەد عەلی كودەرزی، فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنوری ئێران رایگەیاندووە، لەماوەی شەڕی 12ڕۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل ، ئاگاداركراونەتەوە كە سێ مینی پاس لە وڵاتێكی دراوسێوە فرۆكەی بێفرۆكەوان ئاراستەی ئێران دەكەن ، بەڵام ناوی ئەو وڵاتەی ئاشكرا نەكردوە .
ئاشكراشیكردوە ، لە دوای دەستكەوتنی ئەو زانیاریانە ، پاسەوانی سنوری ئێران دەستبەجێ دەستوەردانیان كردوە و لە ئەنجامدا روبەروبونەوە رویداوەو 3 كەس كوژراون و ژمارەیەكیش دەستگیركراون .
لە ماوەی رابردوودا باس لەوە دەكرا كە لەكاتی شەری نێوان ئیسرائیل و ئێران لە عیراقەوە درۆن ئاراستەی ئێران كرابێت، بەڵام ئەو زانیاریانە پشت راستنەكرانەوە و دواتر زانیاری بڵاوكرایەوە كە درۆنەكان لە ئازربایجانەوە ئاراستەی ئێران كرابن .
ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی چەكدانانی حزبوڵا.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێكی گرنگ، دیارترینیان چەكدانانی حزبوڵای لوبنانە.
بریارە لە كۆبونەوەكەدا رۆدۆڵف هەیكەل، سەركردەی سوپای لوبنان راپۆرتێك پێشكەش دەربارەی رادەستكردنی چەك لەلایەن حزبوڵاوە و گەڕاندنەوەی بۆ دەوڵەت پێشكەش بكات.
بریاریشە، لەو كۆبونەوەیدا هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵەی ریسالاتی سەر بە حزبوڵا گفتوگۆی لەبارەوەبكرێت.
لای خۆشییەوە عەلی میقداد، نوێنەری حزبوڵا لە پەرلەمانی لوبنان، داوای لە حكومەت كرد كە ئەو خاڵەی تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی كاری كۆمەڵەی ریسالات لە كارنامەی كۆبونەوەكە لاببرێت.
تەقینەوەیەكی بەهێز شاری حەلەبی هەژاند، ئێوارەی دوێنێش شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپای حكومەتی سوریا و هەسەدە روویدا.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆیەكان، بەیانی ئەمرۆ تەقینەوەیەكی بەهێز لە لە گەڕەكی ئەشرەفیەی كوردنشین لە شاری حەلەب روویداوە، بەڵام تا ئێستا قەبارەی زیانەكانی نەزانراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، ئێوارەی دوێنێ، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حكومەتی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە سێ شوێنی جیاواز لە دەوروبەری دێرحافر لە رۆژهەڵاتی حەلەب روویدا، ئەوەش دوای ئەوەی حكومەتی سوریا، رێگای نێوان پارێزگاكانی رەقە و حەلەب و دەروازەكانی نێوان هەردوو دیوی رووباری فورات لە پارێزگای دێرەزۆر داخستووە، ئەوەش وایكردوە رێگكانی نێوان پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و حكومەتی سوریا بەتەواوەتی دابخرێت.