ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، سوپای ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی ئاسمانی لە دیمەشق ئەمەش هەنگاوێكە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنێكی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سوریا.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری شەش سەرچاوەی باڵای ئەمریكاوە رایگەیاند، سوپای ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی ئاسمانی لە دیمەشق كە بۆ دابینكردنی  پێداویستی لۆجستیی سوپاكەی و چاودێریكردن و هاوكاری مرۆیی بەكاردەهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریكا دەیەوێت بەو هەنگاوەی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و سوریا ئەنجام بدرێت و گەورەترین جوڵەی ئەمریكایە لە دوای روخانی بەشار ئەسەدەوە.

راشیگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تیمە ئەمریكییەكان چەندین هەڵسەنگاندیان بۆ كردنەوەی بنكەكە ئەنجامداوە و ناوچەی دەوروبەری بنكەكە لە چەك دادەماڵرێت و دەكەوێتە باشوری سوریا.