کەناڵی 12ی ئیسرائیل، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردووە کە چەکدارانی حەماس لە تونێلەکانی رەفەح لە کەرتی غەززە چەکەکانیان رادەستی لایەنی سێیەم بکەن لە بەرانبەر لێخۆشبوونی مەرجدار لەلایەن ئیسرائیلەوە.

کەناڵەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، واشنتۆن بوونی ئەو چەکدارانە کە هێشتا لەناو تونێلەکانی رەفحدان، وەک سەرچاوەیەکی گرژی و هەڕەشە بۆ سەر رێککەوتنی ئاگربەست، دەزانێت و هەوڵدەدات ئەم "مینە" ئەمنییە لاببات.

ئەو بەرپرسانە رایانگەیاندووە، کە ئیدارەی ترەمپ پەیامێکی بە ئیسرائیل گەیاندووە و ئاماژە بەوە دەکات کە دەتوانرێت ئەم دۆخە بگۆڕدرێت بۆ جۆرێک لە "پڕۆژەی تاقیکاری" بۆ داماڵینی چەک لە حەماس  و ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی دواتر مۆدێلەکە لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە بەکاربهێنرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەناو داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە، جۆرێکی نوێ لە شەڕ سەری هەڵداوە. لە نێوان حەماس و ئیسرائیل کە بە ناوی "شەڕی تونێلەکان"  ناودەبرێت.

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە رووبەڕووبوونەوەی خوێناوی، تەلئەبیب جارێکی دیکە ئەم بابەتەی خستە پێشەوەی کارە لەپێشینەکانی سەربازییەکانییەوە، بە پێی قسەکانی ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، تونێلەکان  بڕبڕەی پشتی توانا سەربازییەکانی حەماسن و تا ئێستا زیاتر لە ٪60ی تونێلەکان نەتوانراوە لە ناو ببرێن.