لە بەردەم زیندانی ئەدیرنەوە، هاتیمئۆغوڵاری داوای کرد: "وازبێنن لە بەکارهێنانی دادگا وەک داری دەستی سیاسەت و هاوڕێکانمان دەستبەجێ ئازاد بکەن" و پەیامێکی دەمیرتاشیشی خوێندەوە.

ئەمڕۆ، لە ساڵیادی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە و نۆ پەرلەمانتاری دیکە لە 4ی تشرینی دووەمدا، وەفدێکی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی توڵای هاتیمئۆغوڵاری و بە یاوەریی جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری ئیستانبوڵ، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی گەورەی ئامەدیان کرد لە زیندانی ئەدیرنە.

دوای سەردانەکە، هاتیمئۆغوڵاری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان ئامادەی بوون رایگەیاند، "دۆزی کۆبانێ وەک پەڵەیەکی رەشی گەورە لە مێژووی تورکیادا، چ لە رووی یاسایی و چ لە رووی سیاسییەوە، بەردەوامە". وتیشی: "هاوڕێکانمان بە شێوەیەکی نایاسایی و نادادپەروەرانە ماوەی نزیکەی 10 ساڵە لە زینداندان".

"بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەستبەجێ جێبەجێ بکەن"

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە سێ بڕیاری گرنگی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (AİHM) کرد سەبارەت بە دۆسیەکە (20ی تشرینی دووەمی 2018، 22ی کانوونی یەکەمی 2020، 8ی تەمموزی 2025) و رایگەیاند، "بڕیارەکەی8ی تەمموز، دوای رەتکردنەوەی تانەی تورکیا، بووەتە بڕیارێکی کۆتایی و جێگیر. چاوەڕێی ئەنجامین و دەبێت تورکیا وەک وڵاتێکی ئەندام، پابەندی بڕیارەکە بێت و بەبێ دواکەوتنی یەک خولەکیش، سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و سەرجەم زیندانیانی دۆزی کۆبانێ دەستبەجێ ئازاد بکرێن".

پەیامەکەی دەمیرتاش:

دواتر، هاتیمئۆغوڵاری پەیامێکی سەڵاحەدین دەمیرتاشی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: "سەرەتا سڵاو و خۆشەویستیی خۆم ئاراستەی گەلە بەڕێزەکەمان و میدیاکاران دەکەم. هیوادارین و چاوەڕێین کۆمسیۆنی چارەسەریی پەرلەمان بڕیارێکی بوێرانە بدات و لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان بکات لە ئیمراڵی، چونکە شەڕی 50 ساڵە بە شێوەیەکی ریشەیی و هەمیشەیی کۆتایی دێت. بۆ ماوەی 50 ساڵ سیاسەتی ئەمنی لە پێشینە بوو، لە ئەنجامیشدا بەداخەوە ئەم وڵاتە گیانی دەیان هەزار گەنجی لەدەستدا. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەوەی تا ئێستا تاقینەکراوەتەوە، تاقیبکرێتەوە. پێویستە پەرلەمانتاران، ئەگەر پێویست بکات بە وەرگرتنی مەترسیی سیاسیشەوە، بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی ئاشتی، سەردانی ئیمراڵی بکەن".