سەرۆكی مەهەپە دەڵێت، پێویستە كۆمیسیۆنی ئاشتی سەردانی ئۆجەلان بكات، چونكە ئۆجەلان بەڵێنەكانی جێبەجێكردووە و دەبێت گوێی لێبگیرێت.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوە پەرستی توركیا "مەهەپە" لە پەرلەمانی توركیا قسەی بۆ فراكسیۆنەكەی كرد و رایگەیاند، مەهەپە ئامادەیە سەردانی ئۆجەلان بكات و كۆبوونەوەش لەگەڵیدا پرۆسەی ئاشتی بەهێزتر دەكات.

وتیشی، ئۆجەلان هەموو بەڵێنەكانی جێبەجێكردووە و دەبێت كۆمیسیۆنی ئاشتیش گوێی لێبگرێت، هەنگاوەكانی كۆمیسیۆنی ئاشتی و برایەتیش بەرەو كۆتایی دەڕوات و دەبێت بە دەستورێكی دیموكراسییانە پرۆسەی ئاشتی مسۆگەر بكرێت.

باخچەلی لەسەر نێوانی ئۆجەلان و دەمیرتاش وتی، هیچ كێشەیەك نییە و ئەوانەی دەیانەوێت نێوانیان تێكبدەن ئەجێندای دەرەكین، ئازادكردنی دەمیرتاشیش خێری بۆ توركیا دەبێت.