کەناڵی 13ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، مۆڵەتێکی تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم داوەتە سوپای لوبنان بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەک لە دۆخی پەیوەست بە پرسی چەکی حزبوڵادا دروست بکات.

بەپێی راپۆرتی کەناڵەکە، باراک روونیکردووەتەوە، ئەگەر تا ئەو وادەیە هیچ گۆڕانکارییەک روونەدات، ئەوا ئیسرائیل دەتوانێت هێرش ئەنجام بدات و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش "تێگەیشتنی" بۆ ئەو کارە دەبێت، کە وەک چراسەوزێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل لێکدەدرێتەوە.

ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ شەڕێکی چەند رۆژە لە دژی حزبوڵا ئامادە دەکات. هاوکات، ئیسرائیل هەڕەشەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان چڕتر کردووەتەوە، بەو هیوایەی فشارخستنە سەر حکومەتی لوبنان ببێتە هۆی چەک داماڵینی حزبوڵا.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان لوبنان و ئیسرائیلدا لە زیادبووندایە، هاوکات لەگەڵ نیگەرانییە هەرێمییەکان لە ئەگەری هەڵگیرسانی روبەروبوونەوەیەکی نوێ لەنێوان حزبوڵا و ئیسرائیلدا.

حزبوڵا توانا سەربازییەکانی بەهێز دەکاتەوە:

بەپێی رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە رۆژئاواییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حزبوڵا توانیویەتی بەشێک لە تۆڕی دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ببوژێنێتەوە و چەکی لە ئێرانەوە لە رێگەی عیراق و سوریاوە پێگەیشتووە.

لەلایەکی دیکەوە، هەواڵگریی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە چاودێریی جوڵەیەکی چڕی حزبوڵایان کردووە بە ئامانجی نوێکردنەوەی تواناکانی و بەهێزکردنی نفوزی خۆی لەناوخۆی لوبناندا، بەتایبەتی لە باکووری رووباری لیتانی.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش هۆشداریی داوە و رایگەیاندووە: "ئەگەر حزبوڵا بەردەوام بێت لە پڕچەککردنەوە، هیچ شوێنێک لە لوبناندا پارێزراو نابێت".

مۆڵەتی ئەمریکا بۆ لوبنان: یان چەکی حزبوڵا یان رووبەڕووی هێرشی ئیسرائیل ببنەوە

بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا، مۆڵەتی تا کۆتایی ئەم مانگەی داوەتە سوپای لوبنان بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکی حزبوڵا.

سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەر لوبنان پابەند نەبێت، ئەمریکا چراسەوز بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل هەڵدەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ شەڕێکی چەند رۆژە ئامادە دەکات و حزبوڵاش بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، لە پڕچەککردنەوەی خۆی بەردەوامە.