کاتز: هەموو تونێلەکان لە غەززە لەناو دەبەین
محەمەد رزگار
٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئیسرائیل لەناوبردنی هەموو تونێلەکانی غەززە بە کۆتاییهاتنی حەماس ناودەبات، وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش دەڵێت: فەرمانم بە سوپا کردووە بۆ وێرانکردنی هەموو تونێلەکان.
یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' رایگەیاند، فەرمانی بە هێزەکانی سوپا کردووە کە کار بۆ وێرانکردنی هەموو تونێلەکانی غەززە بکەن تا دوا تونێل.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە لەناوبردنی هەموو تونێلەکان لە کەرتی غەززە، حەماس کۆتایی پێدێت لە ناوچەکە.
تۆڕی تونێلەکان کە لە ژێر شارەکانی کەرتی غەززەوە تا رەفەح درێژ دەبێتەوە، وەک بنەمای سەرەکی ژێرخانی سەربازی حەماس و هۆکارێک بۆ جوڵە و هەڵگرتنی چەک دادەنرێت.
پێشبینییەکانی سوپای ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەندامانی حەماس هێشتا لە تونێلەکانی سەر بە بزووتنەوەکەدا لە بەشی رۆژهەڵاتی هێڵی زەرد – کە %53ـی کەرتی غەززە پێکدەهێنێت و لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە، خۆیان حەشارداوە.



