هاوپەیمانیی نیشتمانی پشتیوانیی خۆی بۆ لیستی ٢٢٢ی یەکێتی راگەیاند
راهۆز
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ سێشەممە، هاوپەیمانیی نیشتمانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی لیستی ٢٢٢ی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سالار سەرحەد، لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکان و شاندی باڵای هاوپەیمانیی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی کارزان لوقمان، سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە، ئامادەبوون.
لایەنەکان بە گرنگییەوە باسیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق کرد و جەختیان لە پێویستیی پاراستنی سەنگ و یەکڕیزیی کورد لە بەغداد کردەوە.
هاوپەیمانیی نیشتمانی رایگەیاند، پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە بەغداد و ناوچەکە ئەرکێکی نیشتمانییە. هەروەها دووپاتیانکردەوە کە "ئەو هەنگاوە بۆ داهاتوویەکی گەشتر و بەهێزتر لە بەغداد، بە هێزی یەکێتی و سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دێتەدی."
















