دوای 18 سەعات لە گفتوگۆ و دانوستان، وەفدی ئێران لە سویسراوە دەگەڕێنەوە تاران.
ئاژانسی "ئێرنا"ی رەسمی ئێران بڵاویكردەوە، ئەو وەفدەی ئێران كە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لە سویسرا بوون، بەیانی ئەمڕۆ ئەو باڵەخانەیەی سویسرایان بەجێهێشتووە كە گفتوگۆكانی تێدا ئەنجامدەدرا و دەگەڕێنەوە تاران.
راشیگەیاند، وەفدەكە بە سەرۆكایەتی محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی ئەنجومەنی شورا بووە و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی تێدا بووە و دوای 18 سەعات لە دانوستانی چڕ سویسرایان بەجێهێشتووە.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشداوە، دانوستانە تەكنیكییەكان بە درێژایی هەفتە لە سویسرا بەردەوام دەبن.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند کە میکانیزمێکی نوێ بە بەشداریی نێوەندگیرەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە لوبنان دامەزراوە.
بەقایی لە لێدوانێکدا وتی: میکانیزمێکی نوێ بە بەشداریی نێوەندگیرەکان بۆ چاودێریکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان پێکهێنراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە: پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە لە پرسی دەرکردنی مۆڵەت بۆ فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە سویسرا لەسەر هەنگاوی گرنگ بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی رێککەوتووین، وتیشی: "پێویستە رێگە بە هەناردەکردنی نەوت و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانمان بدرێت بۆ ئەوەی بچینە ناو دانوستانەکانی رێککەوتنی کۆتاییەوە.
لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە: کاری تیمەکانی دانوستان لەم قۆناغەدا کۆتایی هاتووە، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، رۆژی یەکشەممە، کۆمێنتارێکی لەسەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دا سەبارەت بە سپاردنی دۆسیەی حیزبوڵا بە ناوبراو.
پێشتر لە هەمان رۆژدا، ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە نزیکبووەتەوە لەوەی دۆسیەی حیزبوڵای لوبنانی رادەستی سوریا بکات و دەورێکی گەورەتر بە (ئەحمەد شەرع) ببەخشێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حیزبەدا.
شەرع لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەندێک لە لایەنە لوبنانییەکان هێشتا بە دیلی رابردوو ماونەتەوە و بە هەمان هاوکێشەکانی پێشوو بیر دەکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی لوبنان رووبەڕووی شەڕێکی زۆر گەورە بووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە قەیرانی لوبنان گەورەیە و لە چارەسەرە سیاسییەکاندا بنبەستێک هەیە، سوریاش دیدگایەکی جیاواز بۆ چارەسەر دەخاتە روو، بەڵام لە ئێستادا گرنگترین شت راگرتنی شەڕ و بۆردومانەکانە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دیدگایەی سوریا بۆ چارەسەر کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێ کراوە، لەسەر بنەمای راگرتنی شەڕ و چارەسەرکردنی شوێنەوارە نەرێنییەکانی لەسەر لوبنان و سوریا بنیات نراوە، لەگەڵ بونی چارەسەری ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاواز، وتیشی: هەردوو گەلی سوریا و لوبنان بەدەست رژێمی پێشووەوە ناڵاندوویانە.
سەرۆکی سوریا زانیاری زیاتری خستەڕوو و ایگەیاند کە پێشنیارێکی جیاوازیش لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا بۆ راگرتنی شەڕ لە لوبنان خراوەتە روو، وتیشی کە لایەنی بەرامبەر بێزاری خۆی لەوەی ئێستا لە لوبنان روودەدات دەربڕیوە، بەڵام لێدوانەکانی بە هەڵە تێگەیشتنی بۆ کراوە.
شەرع هۆشداری دا کە شەڕی لوبنان کاریگەری گەورەی لەسەر سوریا دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە لوبنان بەدەست بێباکی ئەو وڵاتانەوە دەناڵێنێت کە پێشتر هاوپەیمانی بوون.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە دیدگای سوریا لەسەر بنەمای سەرلەنوێ پشتگیریکردنی دەوڵەتی لوبنان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی، و گەڕان بەدوای چارەسەرێکدایە کە هەمووان باوەڕیان پێی هەبێت، شەرع پێداگری لەوەش کرد کە: دەبێت حیزبوڵا شوێنێکی بۆ خۆی لە ناوخۆی لوبناندا بدۆزێتەوە و پێویستە بەرژەوەندییەکانی لوبنان لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەکی دیکەوە بن.
بەهۆی تەقینەوەیەك لە ناوچەیەكی پیشەسازی لە قەتەر، 54 كەس برینداربوون و 18 كەسیش بێسەروشوێن بوون.
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر بڵاویكردەوە، تەقینەوەكە لە كارگەیەكی پیشەسازی روویداوە، كە دەكەوێتە ناوچەی رەئس لەفانی پیشەسازی و بەهۆیەوە 54 كەس برینداربوون و 18 كەسی تریش بێسەروشوێنن.
هەروەها تیمەكانی گەڕان و بەدواداچوونی وڵاتەكە بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێن كە لە دوای تەقینەوەكەوە چارەنووسیان نادیارە.
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر هۆكاری تەقینەوەكە بۆ رووداوێكی تەكنیكی گەراندوەتەوە وئاشكرایكردووە لەكاتی كاركردنی كارگەكەدا هەڵەیەكی تەكنیكی روویداوە و ئەو رووداوەی لێكەوتووەتەوە، بەڵام هیچ دزەپێكردنێك رووینەداوە كە مەترسی لەسەر سەلامەتی كەسەكان دروست بكات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممە، رایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر، "پێشکەوتنی گەورە"یان بەخۆوە بینیوە.
عراقچی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نووسیویەتی: نێوەندگیریی بەردەوام و بێوچانی پاکستان و قەتەر پێشکەوتنی گەورەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە لوبنان بەدەستهێناوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەناردەکردنی نەوت و پێترۆکیمیاوی لێخۆشبوونی بۆ کراوە، گەمارۆکانیش هەڵگیراون، هاوکات بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد کراون، وێڕای دەستپێکردنی پلانێکی گەورە بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئێران.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ستراتیژی سەربازی و ئەمنیی داهاتووی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی ناوچەکە ئاشکرا دەکات و هێڵە سورەکانی تەلئەبیب بەرانبەر تاران و بەرەکانی شەڕ دیاری دەکات.
ناتانیاهۆ رایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل لە تەواوی ئەو ناوچە ئەمنییانەدا دەمێنێتەوە کە لە لوبنان، سوریا و کەرتی غەززە دەستنیشانکراون".
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیش، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی بڕیاردەرانەی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و وتی: "بەڵێن دەدەم تا ئەو کاتەی من وەک سەرۆک وەزیران لە پۆستەکەمدا بمێنمەوە، نەهێڵم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ ئەمەش بەدەر لەوەی کە ئایا لە دانوستانەکاندا دەگەنە رێککەوتن یان نا".
لەلایەکی ترەوە، ناتانیاهۆ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەری سیاسی لەگەڵ بەیرووت نیشاندا، بەڵام بە مەرج و رایگەیاند: "ئێمە کاتێک رێککەوتن لەگەڵ لوبنان ئیمزا دەکەین، کە بە تەواوی لە هەڕەشەکانی حزبوڵا رزگارمان بووبێت، و من بە پەرۆشەوە دەڕوانمە هاتنەدی ئەو کاتە".
ئەم لێدوانە هەمەلایەنانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، کە دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە سویسرا، بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و پێداگری ئێران لەسەر راگرتنی شەڕی لوبنان، تووشی پەککەوتن و راگرتنی کاتی بووەتەوە.
لە کاتێکدا گەڕی یەکەمی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە سویسرا دەستیپێکردووە، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توند دەداتە لێپرسراوانی ئێران و رایدەگەیەنێت، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن وڵاتەکەیان وێران دەکات، لە بەرانبەریشدا محەمەد باقر قالیباف دەڵێت؛ هێزە چەکدارەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوە.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و رایگەیاند: "ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەگەر هەڕەشەکانیان پێشتر ئەنجامێکی هەبووایە، ئەمڕۆ نەدەگەیشتنە ئەم رەوشی بێئومێدییە.
دەشڵێت، هەڕەشەی ئەمریکییەکان هیچ بەهایەکیان نییە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری توندی دایە لێپرسراوانی واشنتۆن و وتی: "باشترە وریای لێدوان و لێکدانەوەکانی خۆیان بن، چونکە هێزە چەکدارەکانمان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بە شێوازێکی تر وەڵامیان بدەنەوە".
قالیباف لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، "ئەوان هەرچییەک دەڵێن با بیڵێن، لە کۆتاییدا ئەوە ئێمەین کە لە مەیدانەکەدا کردار ئەنجام دەدەین".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، کە ئەو نزیکبووەتەوە لەوەی دۆسیەی "حزبوڵا"ی لوبنانی رادەستی سوریا بکات، و رۆڵێکی گەورەتر بە سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع ببەخشێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حزبەدا.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو "لەسەروبەندی دەرکردنی فەرمانی چوونە ناو باشوری لوبنانە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، چونکە ئەو کارەکە بە وردەکارییەکی زۆر زیاترەوە ئەنجام دەدات.
هاوکات ترەمپ بێئومێدی خۆی لە ئەدای ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵادا دەربڕی و وتی، هەست بە نائومێدی دەکات چونکە تەلئەبیب "ناتوانێت حزبوڵا لەناو ببات"، و روونیکردەوە کە سوپای ئیسرائیل "ناتوانێت هیچ شتێک بکات بەبێ رووخاندنی تەلاری سەر شەقامەکان"، ئەمەش وەک رەخنەیەکی راستەوخۆ لە شێوازی کارکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشێكدا بۆسەر باشوری كەرتی غەززە، دوو چەكداری بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی كوژراون.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، هێرشیان كردوەتەسەر باشوری كەرتی غەززە و دوو ئەندامی حەماس و جیهادی ئیسلامیان كوشتوون كە كاریان كردووە بۆ كۆكردنەوە و گواستنەوەی هاوكاری دارایی بۆ حەماس.
دەسەڵاتدارانی كەرتی تەندروستی غەززەش بڵاویانكردەوە، لە دوینێوە 11 كەس بەهۆی بۆردومان و هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل كوژراون.
دەشڵێن، فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل دەستیان كردوەتەوە بە بۆردومانكردنی ناوچە نیشتەجێكانی كەرتی غەززە.
مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نییە و هەموو یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان تاران و واشنتۆن لە بەرژەوەندی ئێراندایە.
مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هەوڵی دەدا مافەکانی ئێران رەت بکاتەوە، بەڵام لە وتاری ئەم دوایەیدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و دانی بە مافەکانی ئێراندا ناوە.
لەبارەی رەوشی دانوستانەکانیشەوە، هەموو بڕگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا لە بەرژەوەندی ئێراندایە، ئەنجام و دەستکەوتەکانی دانوستانەکان بەم زووانە رون دەبنەوە و وڵاتەکەی شەش ملیار دۆلار لەو پارانەی کە لە قەتەرن وەری دەگرێتەوە .
مەسعود پزیشیکان وتوشیەتی، تاکە مەرجی ئەمریکا ئەوەیە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئێمەش دەمێکە وتومانە بە دوای چەکی ئەتۆمییەوە نین.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەستپێكردنی دانوستانە كۆتایییەكان لەگەڵ ئەمریكا بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی پێنج بەندەكەی لێكتێگەیشتنەكەی نێوانیان.
بەقائی ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی پابەندنەبوونی لایەنی بەرانبەرەوە ئەو مەرجە نەهاتووەتە دی، بەڵام وەفدێكی ئێرانی بۆ بەدواداچوونی میكانیزمی جێبەجێكردنی بەڵێنەكان دەچێتە سویسرا.
بەقایی جەختی كردەوە، بەندی یەكەم كە تایبەتە بە كۆتایهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەكانی وەك لوبنان، كۆڵەكەی رێككەوتنەكەیە، وەك خۆی دەڵێت، ئێران بەڵێنەكانی جێبەجێ كردووە، بەڵام لایەنی بەرانبەر نەیتوانیوە ئیسرائیل بە ئاگربەستەوە پابەند بكات.
وتیشی، هەرچەندە هەنگاو نراوە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و كردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام سەرپێچیكردنی بەندی یەكەم تەواوی رێككەوتنەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە كۆتاییدا بەقائی هۆشداری دا كە پرەنسیپی ئێران پابەندبوونە بەرانبەر پابەندبوون و لە ئەگەری بەردەوامی پێشێلكارییەكاندا، تاران بڕیاری چارەنوسساز دەدات.
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل رایگەیاندوە، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران جەختی کردووەتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی، کە پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە سنورەکانی باکوری ئیسرائیل.
رۆژنامە ئیسرائیلییەکە، لە زاری لێپرسراوێکی نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاندوە، سەرۆک وەزیران جەخت لە مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، نەتانیاهۆ فەرمانی بە سوپا کردووە بە توندی وەڵامی هەر هێرشێکی حزبوڵا بدەنەوە و بە هەنگاوی خێرا بگیرێتەبەر بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هێزەکانیان.
جەختکردنەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە خاکی لوبنان لە کاتێکدایە کە، بڕیارە سبەیةی یەکشەممە لە سویسرا نوێنەری ئێران و ئەمریکا دانوستانەکان دەستپێبکەن و تاران درێژەی ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و بونی ئەو هێزانە بە پێشێلکردنی مەرجەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە دەزانن.
بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و جێبەجێنەکردنی برگەی یەکەمی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان گەروی هورمز بەڕوی کەشتییەکاندا دادەخەین
بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشيکانی ئیسرائیل بۆسەر باشوری لوبنان کە بوەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی و پێشێلکردنی برگەی یەکەمی رێککەوتنی ئاشتی نێوان تاران و واشنتۆن، گەرو هورمزمان بەروی کەشتییەکاندا داخست.
بارەگاکە ئاماژەی بەوەکردوە، داخستنی گەروی هورمز هەنگاوی یەکەمە و هۆشداری دەدەن لە رێوشوێنی زیاتر لە ئەگەری بەردەوامبوونی دەستدرێژییەکان.
بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختیکردوەتەوە، تاکە هۆکاری داخستنی گەروەکە، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە رێککەوتنەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی لە باشوری لوبنان بۆردومانكرد و وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش رایگەیاند، لە 24 سەعاتی رابردودا 47 كەس كوژراون.
وەزیری ناوخۆی پاكستان بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە تاران، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رەوتی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و تاوتوێكردنی پەرەسەندنە سیاسیی و ئەمنییەكانی ناوچەكە.
موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاكستان بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەك لە لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.
بەپێی ئاژانسی ئێرنا، لە كۆبوونەوەكاندا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و پرسە جێی بایەخەكانی هەردوو وڵات دەكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئاشکرایکرد، عەباس عراقچی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پاکستان کۆدەبێتەوە.
ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە پاكستان رۆڵێكی سەرەكیی نێوەندگیری دەگێڕێت لە نێوان واشنتۆن و تاراندا وئاژانسی تەسنیمی ئێرانیش ئاماژەی بەوە كردووە، كە وەزیری ناوخۆی پاكستان بە وردی بەدواداچوون بۆ رەوتی دانوستانە نێوان ئێران و ئەمریكا دەكات، هەروەها دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە لەگەڵ لایەنی ئێرانی تاوتوێ دەكات تاوەكو رێگە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی خۆش بكرێت.
ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی لە باشوری لوبنان بۆردومانكرد و وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش دەڵێت، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 47 كەس كوژراون.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل سێ هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر ناوچەی نەبتیە فەوقا لە باشوری لوبنان و چەندین گوندیشیان لە قەزای نەبتیە و جەزین بۆردومانكردووە و بەهۆیەوە پێنج كەس كوژران.
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوە ئەمنییەكانیش، ئیسرائیل تەنها لە یەكەم سەعاتی راگەیاندنی ئاگربەستدا 12 هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا بەهۆی بەردەوامی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە 47 كەس كوژراون و 79ی تریش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیلیش كوژرانی چوار سەربازی وڵاتەكەی لە ناو خاكی لوبنان پشتڕاستكردەوە.
عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەی رایگەیاند، ئەمریکا بەرپرسیارە لە پابەندبوون بە وەستانی شەڕ لە تەواوی بەرەکان بە لوبنانیشەوە.
عراقچی هۆشداریداوەتە ئەمریکا، بەرپرسیارێتی هەر جۆرە پێشێلکارییەک بەرانبەر بەو بەڵێنانەی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتوون، لەگەڵ تەواوی لێکەوتە و دەرئەنجامە خراپەکانی، راستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی واشنتۆن.
ئەمە لە کاتێکدایە، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند سوپای وڵاتەکەی بە فەرمانی ئەو 150 پێگەی حزبوڵایان لە لوبنان کردوەتە ئامانج و ئاژانسی رۆیتەرزیش رایگەیاند، حزبوڵا و ئیسرائیل رێککوتون لەسەر ئاگر بەست و لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.