رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرچاوە رەسمییەکانی ئێران هۆشداریی توند دەدەنە سەرجەم ئەو کەشتیانەی، کە بە گەروی هورمزدا تێپەڕدەبن، پێویشتە پابەندی مەرجەکانی سوپای پاسداران بن، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بتوانن گەروەکە تێپەڕێنن.

بەپێی راپۆرتێکی تەلەڤزیۆنی رەسمی ئێران، تاران جەخت دەکاتەوە، کە رێنمایی و یاساکانی ئێران بۆ تێپەربون  لە گەروی هورمز وەک خۆیان ماونەتەوە و بە توندی جێبەجێ دەکرێن.

ئەمەش لە دوای ئەوەهات، کە هێزە ئێرانییەکان تەقەی ئاگادارکردنەوەیان لە چەند کەشتییەک کردووە کە بەبێ مۆڵەت هەوڵی تێپەڕبونیان دابوو، بە گێورەی تەلەڤزیۆنی ئێران لە ئێستادا چەندین کەشتیی  هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەتی رەسمین لە ئێران بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گەشتەکانیان.

تەلەڤزیۆنی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێویستە لەمەودوا سەرجەم کەشتییەکان لە کاتی هاتنەناوەوە یان چوونەدەرەوەیان لە گەروی هورمز، هەماهەنگی و پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێراندا بکەن.

هاوکات هۆشداری ئەوەش دراوە، کە هێزە دەریاییەکانی  ئێران بە توندی و بەبێ سڵەمینەوە مامەڵە لەگەڵ هەر کەشتییەک دەکەن، کە سەرپێچی بکات و ئەو رێڕەوانە نەگرێتەبەر کە لەلایەن ئێرانەوە بۆیان دەستنیشان کراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نزیكەی 80 مینی دەریایی لە رێڕەوی سەرەكی گەروی هورمز بوونەتە ئاستەنگێكی گەورە لەبەردەم ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی بازرگانیی لەو گەروەدا.


رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، جەنگی ئەمدواییەی دژی ئێران بووەتە هۆی پەككەوتنی رێڕەوی سەرەكیی گەروی هورمز و لە ئێستاشدا دوو رێڕەوی جێگرەوە بەدرێژایی كەناراوەكانی عومان و ئێران بەكاردەهێنرێن، هۆشداریشیداوە كە مەترسیی بوونی تەقەمەنی لە رێڕەوە جێگرەوەكەشدا هێشتا ماوە، ئەوەش دڵەڕاوكێی لای كۆمپانیاكانی كەشتیوانی دروستكردووە.


هەر بەپێی راگەیاندراوەكە، كەرتی نەوت و بازرگانیی جیهانیی فشارێكی زۆر دەكەن بۆ كردنەوەی رێڕەوە سەرەكییەكە، بەڵام پاككردنەوەی مینەكان پێویستی بە چەندین هەفتە كاركردن هەیە و بەپێی رێككەوتنەكانیش بڕیارە ئێران ئەركی هەڵگرتنەوەی ئەو 80 مینە لە ئەستۆ بگرێت بۆئەوەی یەكێك لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەكانی جیهان بە تەواوی بۆ هاتوچۆی كەشتییەكان بكرێتەوە، كە ئێستا ئەو ژمارە مینە رێگرێكی گەورەیە لە بەردەم ئاساییبوونەوەی هاتوچۆ لە گەروی هورمز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران، ئەمرۆ شەممە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کرد کە سوپای ئەمریکا شەوی رابردوو کردیانە سەر چەند پێگەیەک لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ، ئەو هێرشانەی ئەمریکا کە دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، "پێشێلکردنێکی روونی بەندی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنە" کە لە نێوان هەردوولادا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن ئەنجامدراون، ئەمەش بە هەمان شێوە "پێشێلکردنی بەندی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەتیکردەوە، هێرشە بەرگرییەکانی ئەوان بۆ سەر ئەو ئامانجانەی کە پەیوەندییان بە هێزەکانی ئەمریکاوە هەیە، تەنها پشت بە "مافی رەوای خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خۆ" دەبەستێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پنتاگۆن ئامادەیە بڕی 30 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری بداتە سوپای لوبنان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، واشنتۆن لەگەڵ هاوبەشەكانی كار دەكات بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بۆ زیاتر سەقامگیركردنی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پنتاگۆن) بڕی 30 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیریی سوپای لوبنان تەرخانكردووە، بڕی 100 ملیۆن دۆلاری تریشی وەك هاوكاریی مرۆیی بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەو وڵاتە دابینكردووە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەو رێككەوتنە دەبێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل دوای نەمانی هەڕەشەكان بگەڕێتەوە سەر سنورەكانی خۆی، بڕیاریشدراوە لیژنەیەكی سێقۆڵیی هەماهەنگیی سەربازیی پێكبهێنرێت و ئەمریكا سەرپەرشتی بكات، بۆئەوەی رێگە بۆ دەربازبوونی لوبنان لەو قەیرانانە خۆش بكات كە چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای بۆردومانەکەی دوێنێی ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناوخۆی ئێران، سوپای پاسداران بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: وەڵامەکانیان خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت.

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەڵامی ئەوان بۆ هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا زۆر خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت و هۆشداری توندیش دەداتە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

له‌ راگەیەنراوێکدا كه‌ ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سوپای پاسداران رایگەیاندووە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان توانیویانە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر شاری سيرك پووچەڵ بکەنەوە و هێزە هێرشبەرەکان ناچار بە پاشەکشە بکەن.

سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم دەستدرێژییەی ئەمریکا بێ وەڵام تێپەڕ نابێت، وەڵامەکانیان خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت و لە کات و شوێنێکدا دەبێت کە خۆمان دیاریی دەکەین."

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆشداری دەدەن کە هەر هێرشێکی نوێ، بە وەڵامێکی زۆر توند دەدرێتەوە کە سەرجەم بەرژەوەندییەکانی دەستدرێژیکاران لە ناوچەکەدا تێکدەشکێنێت.

ڤانس دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوخۆی ئێران رایگەیاند: "هەر لایەنێک هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان هاوڕێکانمان لە ناوچەکە، دەبێت باجەکەی بدات." جەختیشی کردەوە کە: "توندوتیژی تەنها بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە."

 

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت، پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەروی هورمز، چەند ئامانجێکیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە چاودێری ئەمریكا لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتۆن رێككەوتنێكی سەرەتاییان ئیمزاكرد و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت؛ لەو ناوچانەی لوبنان دەمێنێتەوە تاوەكو حزبوڵا چەك دادەنێت

ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە رەسمی رایگەیاند، ئیسرائیل و لوبنان دوای سێ رۆژ لە گفتوگۆ و دانوستانە چڕەكانیان لە شاری واشنتۆن، گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی هاوبەش.

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی رێككەوتنەكە، كەناڵ 12ی ئیسرائیلی لە چەند سەرچاوەیەكەوە رایگەیاند، هەردوولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیەی كە بە هێڵی زەرد ناسراوە بمێنێتەوە، تا ئەو كاتەی حزبوڵا بە تەواوی چەك دادەنێت و سوپای لوبنانیش بەرپرسیارێتیی ئەمنیی بە گشتی  لە چەند ناوچەیەكی تر دەگرێتە ئەستۆ

لە هەمان كاتدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی كردەوە سوپاكەی لە ناوچە ئەمنییەكان پاشەكشە ناكات و بە ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە ئێران و حزبوڵا هیچ رۆڵێكیان لە لوبنان نامێنێت، لەگەڵ لوبنان لە داهاتوودا دەگەنە رێككەوتن.

وتیشی، رێگە دەدەن سوپای لوبنان چەند ناوچەیەكی دیاریكراوی باشوری لوبنان كۆنترۆڵ بكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دەپشکنن. هاوکات داوا دەکات لە دوای ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستمێکی چاودێریی زۆر بەهێز لە ئێران پەیڕەو بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی تاران پەرە بە چەکی ئەتۆمی نادات.

رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: "بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئاماژە بەوەکراوە، کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەژێر سەرپەرشتی ئاژانسەکەماندا دەبێت و پێویستە پشکنین بۆ تەواوی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بکرێت."

گرۆسی ئاماژەی بەوەش کرد، کارە تەکنیکییەکان لە ئێستاوە دەستیانپێکردووە و هیوادارن لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی ئێران بکەن، تاوەکو تیمەکانیان مافی دەستگەیشتن و پشکنینی هەمیشەیی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەیان هەبێت.

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جەختیشی کردەوە، پێویستە لە زووترین کاتدا سیستمێکی چاودێریی توند و تۆکمە لە ئێران جێبەجێ بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە تاران هیچ هەنگاوێک بە ئاراستەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نانێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، واشنتن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو دارایی و سامانە سڕکراوانەی ئێران بەکاردەهێنێت کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بلۆککرابوون، ئەوەش بە مەبەستی کڕینی گەنم، گەنمەشامی و فاسۆلیای سۆیا لە جوتیارانی ئەمریکی.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "رۆیتەرز"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ زانیارییەکی وردی لەسەر قەبارەی ئەو پارانە یان میکانیزمی بەکارهێنانیان ئاشکرانەکردووە، هەروەها روونی نەکردووەتەوە ئایا ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی دیاریکراودا هاتووە لەگەڵ تاران یاخود نا؟.

ئەم راگەیاندنەی سەرۆکی ئەمریکا لەدوای ئەو لێکتێگەیشتنە دێت کە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هاتە ئاراوە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوانیان، کە بەهۆیەوە چەند هەنگاوێکی بەرانبەر لەلایەن هەردوولاوە نران، لەوانەش کەمکردنەوەی هەندێک لە سزا و کۆتوبەندە ئابورییەکان و ئازادکردنی بەشێک لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران.

جێی ئاماژەیە دۆسیەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران بە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دادەنرێت لە دوای سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا، لە کاتێکدا ئێران داوای ئازادکردنی تەواوی ئەو پارانە دەکات، ئەمریکاش لە قۆناغەکانی پێشوودا بەکارهێنانی بەشێک لەو پارانەی بەستبووەوە بە رێوشوێنی مرۆیی یان لێکتێگەیشتنی تایبەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی گۆڕانکاری و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە و تێیدا چەند بڕیار و هەڵوێستێکی ستراتیژییان لەسەر دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکان خستەڕوو.

بەپیی راگەیندراوێکی هاوبەش ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو جەختیان لەسەر گرنگیی دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز کردووەتەوە، بە مەرجێک هیچ باج، رسومات یان کۆتوبەندێکی لەسەر نەبێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە سەقامگیری بازرگانی جیهانی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هیچ هاووڵاتییەک ناچار ناکرێت کەرتی غەززە بەجێبهێڵێت، و هەر کەسێکیش بە ویستی خۆی بچێتە دەرەوە، مافی تەواوی دەبێت بە ئازادی بگەڕێتەوە.

هاوکات پێداگری کراوە لەسەر داماڵینی چەکی سەرجەم گروپە چەکدارەکانی ناو کەرتەکە.

هەروەها هەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە پرۆسەی دانوستانەکان لە لوبنان وەک خۆی بپارێزرێت، هاوشانی جێبەجێکردنی پڕۆسەی داماڵینی تەواوەتی چەک لە دەستی سەرجەم گروپە ناحکومییەکان لەو وڵاتەدا.

راگەیەندراوەکە بە توندی سەرکۆنەی هێرشی ئەو گروپ و لایەنە چەکدارە عیراقییانە دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و وڵاتانی ناوچەی کەنداو دەکەنە ئامانج.

ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو جەختیان لەسەر بەردەوامیی پشتیوانیکردنی حکومەتی سوریا کردووەتەوە لە پڕۆسەی دژە تیرۆر و گەیاندنەوەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشتییەکی بارهەڵگر لە کاتی گەشتکردنیدا لە باشوری رۆژهەڵاتی بەندەرێکی عومان، بە موشەکێکی سەرچاوە نەزانراو پێکرا.

لە لایەکی ترەوە، جوڵەی دەریاوانی لە گەروی هورمز شڵەژانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی ژمارەیەک کەشتی لە بەردەوامبوون لە تێپەڕبوونیان پاشەکشەیان کرد.

ئاژانسی رۆیتەرز لە دەستەی بازرگانی دەریایی بەریتانیای گواستووەتەوە کە: راپۆرتێک لەسەر روداوێکی دەریایی گەیشتووە کە لە دووری 7.5 میل لە باشوری رۆژهەڵاتی بەندەرێکی عومانی رویداوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە: کەشتییە بارهەڵگرەکە بە موشەکێکی نەزانراو پێکراوە و بەهۆیەوە زیانی ماددی بەرکەوتووە.

دەستەکە بەپێی راپۆرتەکە پشتڕاستی کردەوە کە: کاپتنی کەشتییەکە رایگەیاندووە چەکدارانی سەر کەشتییەکە هیچ بریندارێکیان نییە و هیچ کاریگەرییەکی ژینگەیی بەهۆی روداوەکەوە تۆمار نەکراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەڕی کۆتایی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە واشنتۆن، دەستیپێکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ کە لە گەڕی پێشوودا بە چاودێری ئەمریکا گەیشتبوونە رێککەوتن.

رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتۆن، بە "خراپترین و ئاڵۆزترین" خول دادەنرێت لە مێژوی گفتوگۆکانی نێوانیاندا، و کەشێکی توند و نەرێنی بەسەر هۆڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پنتاگۆندا زاڵە.

ناکۆکی سەرەکی لە نێوان هەردوولادا لەسەر پرسی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و دیاریکردنی "ناوچە ئەزموونییەکان"ە بۆ رادەستکردنیان بە سوپای لوبنان.

ئەمریکاش فشار دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ناوچەی داماڵدراو لە چەکی حزبوڵا، و پێشبینی دەکرێت ئەم خولە تەنیا بە راگەیاندنی "نامەی نییەت پاکی" کۆتایی بێت.

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگیاندووە کە بنیامین ناتانیاهۆ توانیویەتی دۆناڵد ترەمپ قایل بکات کە ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە، بەڵکو تەنیا پابەندی ئاگربرستی گشتگیر دەبێت و مافی بەرگری و وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ خۆی دەهێڵێتەوە. ناتانیاهۆ بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان هیچ نەرمیەک لە پرسی کشانەوەدا نیشان نادات.

هەریەکە لە لوبنان و ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی کە ئەمریکا لەسەر داوای ئێران و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان، پرسی لوبنانی خستووەتە ناو یاداشتی لێکتێگەیشتنی واشنتۆن و تاران. لە بەرامبەردا، ئێران فەرمانی بە حزبوڵا کردووە پابەندی ئاگربەست بێت.

میدیاکانی لوبنان ئاشکرایان کردووە کە وەفدی سەربازیی لوبنان لە کاتی دانوستانەکاندا رەتیکردووەتەوە هیچ وێنەیەکی هاوبەش لەگەڵ شاندی ئیسرائیلی بگرێت، و سەرچاوە سەربازییەکانیش جەختیان کردووەتەوە کە شاندەکە تەنیا بۆ ئەرکێکی نیشتمانی و پاراستنی سەروەری وڵات لە واشنتۆنە و دوورە لە پڕوپاگەندەی میدیایی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دەستنیشانكردنی ئەو لایەنەی بەرپرس بووە لە بۆردومانكردنی قوتابخانەكەی میناب لە باشووری ئێران، كارێكی ئەستەمەو رەنگە هەرگیز ناسنامەی بكوژەكان ئاشكرا نەكرێت.

ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاشكرایكرد، بەهۆی چڕی بۆردومانەكان لە یەكەم رۆژی شەڕەكەدا، ناتوانرێت بە وردی دیاری بكرێت كێ قوتابخانەی كچانی لە شاری میناب كردووەتە ئامانج.  جەختیشی كردەوە كە هیچ بەڵگەیەك نییە تێوەگلانی ئەمریكا لەو هێرشەدا بسەلمێنێت و پێیوایە وڵاتەكەی بەرپرس نییە لەو رووداوە.

ئاژانسی رۆیتەرز پێشتر بڵاویكردبووەوە كە لێكۆڵینەوەیەكی بەرایی سوپای ئەمریكا ئەگەری ئەوەی بەهێز كردووە كە هێزەكانی ئەمریكا هێرشەكەیان ئەنجامدابێت، رەنگە بەهۆی بەكارهێنانی زانیاریی كۆنی هەواڵگرییەوە بووبێت.

بەپێی ئامارەكانی ئێران، لەو بۆردومانەدا زیاتر لە 175 منداڵ و مامۆستا كوژراون، كە ئەوەش كاردانەوەی توندی نێودەوڵەتیی لێكەوتەوە.  ترەمپ: رەنگە هەرگیز بكوژی منداڵەكانی قوتابخانەی میناب ئاشكرا نەكرێت

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توند و بەپەلە ئاڕاستەی سەرجەم ئەو کەشتیانە دەکات، کە بە گەروی هورمزدا تێپەڕدەبن و دەڵێت؛ تەنها لەو رێگەیەوە رێگە پێدراوە، کە ئێران دیاری کردوە.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران،رایگەیاندوە، ئەو رێڕەوەی لەلایەن هەندێک لایەنەوە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران بۆ تێپەڕبوون دیاریکراوە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و مەترسیدارە.

هەروەها جەختیکردوەتەوە، کە گەشتکردنی کەشتییەکان لە دەرەوەی ئەو رێڕەوانەی کە ئەوان دیارییان کردووە، کارێکی قەدەغە و پڕ لە سەرکێشییە و هۆشداری دەدەن لە هەر تێپەڕبوونێکی لەو شێوەیە.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنجامدانی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانیان لە رێگەی «کەناڵی 16»ـەوە بۆ تێپەڕبوون بە ناو گەروی هورمزدا  ناچاری و پێویستە و لە ئەگەری سەرپێچیکردنی هەر لایەنێکدا، رێکاری توندی یاسایی و سەربازی لە دژی دەگرنەبەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەی بەرانبەر بە لێدوانەکانی مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، داوای لێپرسینەوەی لەو وڵاتانە کرد کە هاوکاری ئەمریکایان کردووە لە هێرشەکاندا. 

بەقایی رایگەیاند ئەو وڵاتانەی هاوکری ئەمریکایان کردوە بەهۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و "بەشداریکردن لە کردەوەی دەستدرێژیکارانە دژی گەلی ئێران" دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.

ئەم کاردانەوەیەی ئێران دوای ئەوە هات، کە مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاشکرای کرد، کە لە کاتی ئۆپراسیۆنی ئەمریکا  و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، فڕۆکە ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەکانی ئیتالیا و رۆمانیاوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فڕیون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەکانی سکرتێری گشتی ناتۆی وەک "دانپێدانانێکی ئاشکرا و شەرمەزارکەر بە هاوکاری چالاکانەی ناتۆ لە شەڕێکی نایاساییدا" دژی وڵاتێکی سەربەخۆی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسف کرد.

بەقایی بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئیتاڵیا  و رۆمانیای تۆمەتبار کرد بە بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگ دژی ئێران و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئیتاڵیا و رۆمانیا، لەگەڵ هەر وڵاتێکی تری ئەوروپی کە هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیلیان کردووە، دەبێت بۆ گەلانی خۆیان و جیهان ڕوون بکەنەوە بۆچی بەشدار بوون لەم دەستدرێژییەدا.

لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا دوای لێدوانەکانی سکرتێری گشتیی ناتۆ رونکردنەوەی دا و رایگەیاند کە ئەوان تەنها رێگەیان بە فڕۆکە لۆجستی و پشتیوانییەکان داوە کە بەشدارییان لە چالاکییە هێرشبەرییەکاندا نەکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پێش هێرشکردنە سەر ئێران دۆناڵد ترەمپی لە هێرشەکە ئاگادارکردوەتەوە و ئەویش زۆری بەدڵ بووە،  بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکە داوای مۆڵەتی لێنەکردووە.

ناتانیاهۆ جەختیکردەوە، هێرشەکانیان بۆسەر ئێران رێگربوە لەوەی تاران ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دەڵێت؛ کاتێک چوومە لای دۆناڵد ترەمپ و پلانەکەم پێشکەش کرد، پێی وتوە بەرەو ئێران دەڕۆن، چاوەڕێی ئەوە ناکات دوژمنان کە بە ئاشکرا باسی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکەن لێیان بدەن.

 سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردوەتەوە، تەنها پلانەکەی بە سەرۆکی ئەمریکا وتوە و داوای لێنەکردوە مۆڵەتی پێبدات.

ناتانیاهۆ وتوشیەتی؛ دوای ئاشکراکردنی پلانەکەی بۆ دۆناڵد ترەمپ، خۆشبەختانە بە دڵی بوە و ئەویش بەشدارییەکی گرنگی کرد لە هێرشکردنە سەر ئێران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین لێدواندا ھەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، ئاسایشی کەنداو و پەرەسەندنەکانی لوبنان راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، واشنتن پابەندە بە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن هیچ هەنگاوێک نانێت ئاسایشی وڵاتانی کەنداوە بکەوێتە مەترسییەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە گەروی هورمز بە کراوەیی و بەبێ سەپاندنی باج بمێنێتەوە، هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت، ئەوا چەندین بژاردەی جۆراوجۆریان لەبەردەستدایە بۆ سزادانی.

هاوکات سوپاسی پشتیوانی وڵاتانی کەنداوی کرد و هیوای خواست ئێران پابەندی بەڵێنەکانی بێت، ئاشکراشیکرد، بڕیارە لە 30ـی ئەم مانگەدا، گفتوگۆیەکی تەکنیکی نوێ لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە وڵاتی سویسرا دەستپێبکاتەوە، کە تایبەت دەبێت بە دۆسیەی ئەتۆمی و سزا ئابورییەکانی سەر ئێران.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی لوبنانیش، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە موشەکییەکانی حزبوڵا بوونەتە هۆی ئەوەی سوپای ئیسرائیل بچێتە ناوچەکانی باشوری لوبنانەوە، وتیشی: "دەمانەوێت لوبنان بە تەواوی کۆنتڕۆڵی خاکەکەی خۆی بکات، کاریش بۆ بونیادنانەوەی تواناکانی سوپای لوبنان دەکەین."

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، مارکۆ رۆبیۆ هیوای خواست کە گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئێستای نێوان لوبنان و ئیسرائیل بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2829303132...174