ئەمڕۆ شەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا، بە مەبەستی راگەیاندنی پشتگیریی رێکخراوەکە بۆ وڵاتەکە لە قۆناغی گواستنەوەدا بەرەو بنیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیرتر و گشتگیرتر.

ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی سوری بڵاویکردەوە، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق پێشوازی لە گوترێش و وەفدە یاوەرەکەی کردووە.

ئەم سەردانەی گۆتێرێس، یەکەم سەردانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سوریا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011، کە بووە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان سوری. سەردانەکە بە وەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرێت لە دوای روخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024، کە بووە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگ.

بڕیارە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، گوترێس لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حکومەت و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆببێتەوە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، گوترێس لە دیدارەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سوریا لەبەردەم دەرفەتێکدا بۆ تێپەڕاندنی شوێنەوارەکانی جەنگ و دانانی بەردی بناغە بۆ داهاتوویەکی سەقامگیرتر، گشتگیرتر و گەشەسەندووتر بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی سوریا.