ئەمریکا تاوتوێی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران
دیلان
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا پلانێکی سەربازیی بەناونیشانی "ئاڵۆزترین ئۆپراسیۆنی مێژوو" تاوتوێ دەکەن، بە مەبەستی چوونە ناو بنکە ئەتۆمییەکان لە قوڵایی خاکی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
رۆژنامەی 'نیویۆرک پۆست' لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپراسیۆنەکە بەشێوەی زەمینی دەبێت و پێویستی بە هەزاران سەرباز و هێزی تایبەت هەیە بۆ گەمارۆدانی بنکەکانی وەک فۆردۆ و ئیسفەهان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمە سەربازیی و ئەندازیارییەکانی ئەمریکا دەبێت رێڕەوە روخاوەکان بکەنەوە و مینە چێنراوەکانی سوپای پاسداران پوچەڵ بکەنەوە، رێڕەوێکی ئاسۆیی و ئاسمانیش بۆ رزگارکردن و گواستنەوەی کەرستەکان دابین بکەن.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، هۆکاری بیرکردنەوە لە ئۆپراسیۆنی زەمینی، بنبەستبوونی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانە و هەروەها نەبوونی دڵنیایی لەوەی ئایا هێرشی ئاسمانی دەتوانێت بەتەواوەتی ئەو ناوەندە ئەتۆمییە قووڵانەی ژێر زەوی تێکبشکێنێت یان نا.
هۆشداریش دەدەن؛ ئۆپراسیۆنەکە تێچوویەکی سەربازیی زۆری دەوێت، چونکە پاراستنی ناوچەیەکی گەورەی شەڕ لەناو خاکی ئێراندا بۆ ماوەیەکی پێویست بە مەبەستی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ئاستەنگێکی لۆجیستی کۆنتڕۆڵ نەکراوە.



