سعودیە هێرشیكردە سەر چەند پێگەیەكی حوسییەكان لە یەمەن و  بەهۆی هێرشی پێچەوانەی حوسییەكانیشەوە كارەبا لە زۆربەی شارەكانی سعودیە بڕا.

فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكانی هاوپەیمانان لە سعودیە رایگەیاند، هێرشیان كردووەتەسەر چەند پێگەیەكی حوسییەكان لە بەندەری حودەیدە و بەهۆی هێرشەكانیشەوە حوسییەكانیان ناچاركردووە سەرجەم بەندەرەكانی یەمەن بكەنەوە.

ئاژانسەكانیش بڵاویانكردەوە، بەهۆی هێرشی حوسییەكانەوە كارەبای زۆربەی شارەكانی سعودیە بڕاوە و حوسییەكان ژێرخانی سعودیە دەكاتە ئامانج.

حوسییەكانیش لە راگەیەنراوێكدا بە ئامانجگرتنی بەندەری حودەیدەی یەمەنی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، سعودیە دامەزراوەی مەدەنی لە بەندەری حودەیدە كردووەتە ئامانج و ئەوەش سزادانی بە كۆمەڵی خەڵك و برسیكردنیانە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بە ئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەكان پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و یاسایی و ئەو هێرشەش بەبێ وەڵام تێناپەڕێت.

رۆژی دووشەممە حوسییەكان قەدەغەی هاتوچۆی دەریاییان بۆسەر سعودیە راگەیاند لە بەرانبەر گەمارۆی ئەمریكا بۆسەر بەندەرەكانی ئێران.