تەلەگراف: سەرەڕای بۆردومانەکان ئێران بە خێرایی توانای موشەکی گەشە پێدەدات
دیلان
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
رۆژنامەی 'تەلەگراف' رایگەیاند، سەرەڕای لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بەوەی تواناکانی سوپای پاسداران بەتەواوی تێکشکێندراوە، هێرشە موشەکییەکانی ئێران دەریانخستووە هەڕەشەی موشەکیی ئەو وڵاتە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا بەردەوامە.
راپۆرتێکی رۆژنامەی تەلەگراف'ـی بەریتانی ئاشکرای کردووە، سەرەڕای پێداگرییەکانی دۆناڵد ترەمپ بەوەی سوپای ئێران بەتەواوی تێکشکێندراوە و راگەیەندراوەکانی پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا کە جەختی کردەوە، "بەرنامەی موشەکیی تاران لەناوچووە"، هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێران دەریانخستووە، هەڕەشەی موشەکیی ئەو وڵاتە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا هێشتا بەردەوامە.
راشیگەیاند، هێرشی موشەکی ئێران بۆ سەر ئوردن و کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی دوای چەندین مانگ لە بۆردومانی بەردەوامی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئیران هێشتا کۆگایەکی گەورەی موشەکی لەبەردەستدایە.
لێپرسراوێکی ئێران بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئەمریکییەکان خۆیان هۆکاری سەرەکین لەپشت باشترکردنی موشەکەکانیان، لە سەرەتای جەنگەوە ئەگەر شوێنی هەڵدانی موشەکێک بپێکرایە، 15 سەعاتی دەویست تا دووبارە چالاک بکرێتەوە، بەڵام ئێستا ئەو کاتە کەمبووەتەوە بۆ کەمتر لە 30 خولەک.
هاوکات سەردار شێکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە رۆژنامەی 'تەلەگراف'ـی راگەیاندووە، "بەرهەمهێنانی موشەک و درۆن لە ناو جەرگەی شەڕەکەدا نەک نهوەستاوە، بەڵکو راستەوخۆ لە هێڵی بەرهەمهێنانەوە دەبرێنە مەیدانی جەنگ".
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەمریکیش رایانگەیاندووە، تاران دەستیکردووە بە بەکارهێنانی موشەکی زۆر خێرا کە لە کۆتا ساتەکانی نزیکبوونەوە لە ئامانجەکان، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناتوانێت بەرپەرچیان بداتەوە.



