سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی سوریای كرد
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆكی سوریا جەختیان لەسەر سەروەری و یەكپارچەیی سوریا كردەوە.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا، لە دیمەشق كۆبونەوە، لە دیدارێكدا رێگەكانی بەهێزكردنی هاوكارییەكان لە نێوان سوریا و نەتەوەیەكگرتووەكان تاوتوێكران، هەردوولاش جەختیان لەسەر رێزگرتن لە سەروەری و یەكپارچەیی و یەكگرتوویی خاكی سوریا كردەوە.
هاوكات ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێگەكانی پەرەپێدانی هاوكارییەكانیان لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان تاوتوێكرد بۆ بەهێزكردنی هەوڵەكانی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی سوریا.
هەروەها گۆتێرێسیش رایگەیاند، هەر پێشێلكارییەك بۆ یەكپارچەیی خاكی سوریا قبوڵ ناكرێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لەو بابەتە لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە لە ئەستۆ بگرێت.



