میدیا ئیسرائیلییەکان: دۆناڵد ترەمپ پەشیمان بوەتەوە لە هێرشی چڕ بۆ سەر ئێران
بڵند
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
پێگەی هەواڵیی واینێتی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، لێپرسراوانی ئیسرائیل پێشبینییان دەکرد هێرشی بەرفراوانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە شەوی هەینیدا دەستپێبکات، کە پێشتر دوناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیا ئیسرائیلییەکە، پاشەکشەی دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجامدانی هێرشەکە لە دوا ساتەکاندا بۆ بەخشینی دەرفەتێکی دیکە بووە بە تاران.
ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتانی قەتەر و عومان لە پشت پەردەوە فشارێکی زۆریان خستە سەر ئێران تاوەکو نەرمی لە هەڵوێستەکانیدا بنوێنێت و رێگری لە هاوێشتنی ئەو هەنگاوە سەربازییە نزیکەی مسۆگەرەی ئەمریکا بگرن.
لەگەڵ ئەوەشدا، لێپرسراوانی ئیسرائیلی پێیان وایە لەبەریەک هەڵوەشانەوەی تێگەیشتنەکانی نێوان تاران و واشنتۆن وا دەکات ئاسۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی ناچاری نزیک بێتەوە لە سفر، بەجۆرێک کە ئەم دەرفەتە نوێیەی سەرۆکی ئەمریکا تەنها مۆڵەتێکی کاتی دەبێت بۆ ئێران تا کاتی پێ بڕوات و هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵسەنگاندنە بنەڕەتییەکانی ئیسرائیلدا ناکات.



