ئەمڕۆ هەینی، 6ی شوباتی 2026، گەڕی یەکەمی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان لە مەسقەت بەڕێوەچوو؛ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پاش کۆبوونەوەکان رایگەیاند کە دانوستانەکان دەستپێکردنێکی باش بوون.
عەباس عراقچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد؛ "چەندین خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوون و تێیدا تێڕوانین و نیگەرانییەکانی هەردوو لامان ئاڵوگۆڕ کرد." ئاماژەی بەوەش کرد کە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە کەشێکی زۆر باشدا خرانە روو.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە دۆخی دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانی رابردوو کرد و وتی: "ئێستا لە قۆناغێکداین کە دوای ئەو جەنگەی بەڕێمانکرد، جارێکی دیکە پڕۆسەی گفتوگۆ دەست پێ دەکاتەوە؛ بێ متمانەیی ئاستەنگێکی قورسە لەبەردەم دانوستانەکان و دەبێت بەسەر ئەم بێ متمانەییەدا زاڵ بین."
عراقچی جەختی کردەوە کە بڕیار دراوە دانوستانەکان بەردەوام بن، بەڵام چۆنیەتیی بەردەوامبوون و هەنگاوەکانی داهاتوو پەیوەستن بەو راوێژانەی کە شاندی هەردوو وڵات لەگەڵ پایتەختەکانیاندا ئەنجامی دەدەن، تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر بونیاتی رێککەوتنەکە بدەن.
ئەمە یەکەمین دیداری رەسمیی دیپلۆماسییە لە نێوان تاران و واشنتن لە دوای پێکدادانە سەربازییەکانی هاوینی رابردوو، کە جیهان بە بایەخەوە چاوەڕێی ئەنجامەکانی دەکات بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رەتیکردەوە جێفری ئیپستاین، ملیاردێری کۆچکردووی ئەمریکی هیچ پەیوەندییەکی بە کارکردن بۆ دەوڵەتی ئیسرائیلەوە هەبووبێت و هێرشی توندیش دەکاتە سەر ئیهود باراک.
ناتانیاهۆ لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی (X) نوسیویەتی، ئەو پەیوەندییە نزیک و نائاساییەی لە نێوان جێفری ئیپستاین و ئیهود باراکدا هەبووە، نیشانەی ئەوە نییە کە ئیپستاین کاری بۆ ئیسرائیل کردبێت، بەڵکو: "ئەوە رێک پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر ئیهود باراک و رایگەیاند، باراک هێشتا لە شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەردا گیری خواردووە؛ هەروەها تۆمەتباری کرد بەوەی چەندین ساڵە بە شێوەیەکی وەسواسییانە هەوڵ دەدات بونیاتی دیموکراسیی ئیسرائیل تێکبدات، ئەمەش لەرێگەی کارکردن لەگەڵ "چەپە رادیکاڵە دژە زایۆنیزمەکان" بۆ رووخاندنی حکومەتی هەڵبژێردراوی ئیسرائیل.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، باراک بە شێوەیەکی رەسمی و لە پشت پەردەشەوە خەریکی ئەنجامدانی چەندین چالاکییە بۆ لاوازکردنی حکومەت، لەوانە هاندانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، دروستکردنی پشێوی و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و گێڕانەوەی نادروست لە میدیاکاندا.
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە دۆسیەی جێفری ئیپستاین و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردە و کەسایەتییە جیهانییەکان، جارێکی دیکە بوەتە رۆژەڤی میدیاکان و مشتومڕی زۆری لە ناوخۆی ئیسرائیلیش لێکەوتووەتەوە.
شوێنی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بڕیار بوو لە ئەنکەرە بەڕێوەبچێت، بۆ شاری مەسقەت گۆڕدرا؛ ئەمەش دوای فشارێکی زۆری سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان بۆ رێگری لە کشانەوەی واشنتن لە کۆبوونەوەکە.
سەرچاوە ئەمریکییەکان بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"یان راگەیاندووە، سەرەتا ئیدارەی ئەمریکا داوای تارانی بۆ گۆڕینی شوێن و شێوازی دانوستانەکان رەتکردووەتەوە و بە توندی پێی راگەیاندوون: "یان ئەمە یان هیچ". بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، ئێران لە وەڵامدا وتبووی: "باشە، کەواتە هیچ". بەڵام دواتر 9 دەوڵەتی ناوچەکە پەیوەندییان بە ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە و داوایان کردووە لە دانوستانەکان نەکشێتەوە و دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدات
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژەی بەوە کردووە، تاران نیگەران بووە لەوەی ئەگەر کۆبوونەوەکە لە ئەنکەرە و بە بەشداریی وڵاتانی ناوچەکە وەک چاودێر بەڕێوەبچێت، وا نیشانی بدات کە ئێران "ناچارکراوە" بە دانوستان لەبەردەم هەموو ناوچەکەدا، نەک وەک گفتوگۆیەکی رەسمی و یەکسان لەگەڵ واشنتن؛ هەر بۆیە مەسقەت وەک شوێنێکی گونجاوتر هەڵبژێردرا.
رەزا غەبیشاوی، شرۆڤەکاری سیاسی بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاندووە، مەسقەت بۆ ئێران زۆر باشترە لە ئەنکەرە، چونکە تورکیا رکابەری ناوچەیی ئێرانە، بەڵام عومان وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن و جێگەی متمانە تەماشا دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران دەیەوێت ئەو عەقڵیەتەی ئەمریکا بگۆڕێت کە پێی وایە دەتوانێت "دانوستانی خۆبەدەستەوەدان" بەسەر تاراندا بسەپێنێت.
موختار حەداد، شارەزای دۆسیەی ئێران پێی وایە، هەڵبژاردنی مەسقەت بۆ ئەوەیە کە دانوستانە نوێیەکان ببنە بەردەوامیی ئەو پڕۆسەیەی 8 بۆ 9 مانگ لەمەوبەر لە عومان دەستیپێکردبوو. وتیشی، ئامانجی سەرەکی گەڕانەوەیە بۆ ئەو ئەنجامانەی کە پێش جەنگە 12 رۆژییەکەی حوزەیرانی رابردوو هەردوولا لەسەری نزیک ببوونەوە.
ئێستا کە ئەمریکا و ئێران لەو وڵاتە لە دانوستانی ناراستەوخۆدان و گفتوگۆکان بەرەو پێشدەچن، عەمان وەک وڵاتێکی بێ لایەن لە نێوانیاندا و وەک مێزی کۆکەرەوەی هەمووان دەبینرێت و جیهانیش چاوەڕوانی ئەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە دەکات.
سولتاننشینی عومان؛ بونیاتێکی سیاسی لەسەر بنەمای بێلایەنی و نێوەندگیری
سولتاننشینی عومان کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبی، یەکێکە لە سەقامگیرترین وڵاتانی ناوچەکە لە رووی سیاسییەوە. سیستمى حوکمڕانی لەم وڵاتەدا پادشایەتییەکی رەسمییە و دەسەڵاتەکان لە دەستی "سولتان"دا کۆکراونەتەوە.
لە رووی سیاسییەوە، عومان بە "سویسرا"ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێت. سیاسەتی رەسمیی وڵاتەکە لەسەر بنەمای "دۆستایەتی لەگەڵ هەمووان و دەستوەرنەدان لە کاروباری کەس" بونیات نراوە. ئەمەش وای کردووە عومان ببێتە جێگەی متمانەی هەموو لایەنە ناکۆکەکان؛ بۆ نمونە، عومان پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا هەیە، هاوکات هاوبەشێکی نزیکی ئێرانیشە.
شاری مەسقەت، پایتەختی رەسمیی وڵاتەکەیە و ناوەندی بڕیاری سیاسی و کارگێڕییە. ئەم شارە مێژوویەکی دێرینی هەیە و بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە کە دەڕوانێتە سەر دەریای عومان، بایەخێکی ستراتیژیی گەورەی هەیە. مەسقەت لە چەند دەیەی رابردوودا بوەتە مەیدانی گرنگترین رێککەوتنە نهێنی و رەسمییەکان، بەتایبەت لە دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکانی ناوچەکە.
عومان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە نێوەندگیری نێوان واشنتن و تاران، هەروەها لە دۆسیەی جەنگی یەمەن و کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانی کەنداویشدا هەمیشە وەک لایەنێکی ناوبژیوان دەردەکەوێت. ئەم پێگەیە وای کردووە کە مەسقەت ببێتە "پەناگەیەکی ئارام" بۆ دیپلۆماتکاران تاوەکو لە کاتە هەستیارەکاندا، دوور لە ململانێ سەربازییەکان، بگەنە رێککەوتن.
لە رووی ئابورییەوە، حکومەتی عومان پلانێکی درێژخایەنی بە ناوی "عومان 2040" داڕشتووە، کە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە نەوت و پەرەپێدانی کەرتەکانی گەشتیاری و پیشەسازی، تاوەکو ژیانێکی باشتر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی مەسقەت لە نێوان تاران و واشنتن، وڵاتی چین پشتگیریی خۆی بۆ ئێران دووپات کردەوە و رایگەیاند، دژی هەر جۆرە فشار و ستەمکارییەکی تاک لایەنەیە بۆ سەر ئەو وڵاتە.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیی وەزارەتی دەرەوەی چیندا هاتوە، پەکین "پاڵپشتی لە ئێران دەکات بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش، کەرامەتی نیشتمانی و ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی". هەروەها چین دژایەتیی خۆی بۆ ئەو جۆرە سیاسەتانە دەربڕیوە کە بە "ستەمکاریی تەنیا لایەنە" ناوی بردوون.
رۆژی پێنجشەممە، میاو دیو، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی چین لەگەڵ کازم غەریب ئابادی، هاوتا ئێرانییەکەی لە پەکین کۆبوەوە. لە دیدارەکەدا بارودۆخی ناوخۆیی ئێران تاوتوێ کراوە. هاوکات لۆو بین، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی چین بە وەفدی ئێرانیی راگەیاندوە، چین "پاڵپشتی لە مافی رەوای ئێران دەکات بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە".
وەزارەتی دەرەوەی چین جەختی کردوەتەوە کە پەکین دژی هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و سەپاندنی سزا ئابورییەکانە بۆ سەر تاران. ئاماژە بەوەش کراوە کە چین بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بە جۆرێک کە هاوسەنگی و بەرژەوەندیی هەموو لایەک بپارێزێت.
ئەم هەڵوێستەی چین لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی دانوستانەکانی مەسقەتەوە بەردەوامییان هەیە.
جارێکیتر و لە گەڕێکیتردا دوو زلهێزەکەی جیهان، لە پێناو پاراستنی خودی خۆیان لە جەنگێکی درێژ و رەنگە بڵێین یەکلاکەرەوە، لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆدەبنەوە... مێژووی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە راستیدا هێندەی مێژووی شکست و نەگەیشتنە ئەنجامە، نیو هێندە وێنەیەک نییە بۆ هیوای بەیەک گەیشتن و لێکتێگەیشتن. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانەوە، لەبەردەم روداوگەلی سیاسی و سەربازیی نوێدایە.
نیو سەدە لە بێ متمانەیی:
پەیوەندیی نێوان واشنتن و تاران بۆ ماوەی نزیکەی 50 ساڵە بە بێ متمانەیی و پێکدادانی ئایدۆلۆژی دەناسرێتەوە. لە دوای شۆڕشی 1979 و دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، تاوەکو کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی (JCPOA) و کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2020 درۆنێکی ئەمریکی، هەردوو وڵات چەندین جار گەیشتوونەتە لێواری جەنگی سەرتاسەری.
هاوکێشەی دوای جەنگە 12 رۆژییەکە:
ئەم خولەی دانوستانەکان جیاوازە؛ چونکە دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانی رابردوو دێت، کە تێیدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر بونیادی ئەتۆمی و بەرگریی ئاسمانی و موشەکیی ئێران و لە وەڵامیشدا ئێران هێرشی چڕی بۆ شارەکانی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا. ئێستاش ئێران کە دەڵێت: لە بەهێزترین ساتی مێژووی خۆمانداین و هاوکات واشنتۆنیش وای دەبینێت کە بەهۆی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەوە کە لە ماوەکانی رابردوودا روویداوە، لە لاوازترین کاتی خۆیدایە.
تەبەس و پەیامی ناڕاستەوخۆی عراقچی بۆ ئەمریکا:
زانیارییەکانی چاودێریی فڕین نیشانی دەدەن، ئەو فڕۆکەیەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی گەیاندە مەسقەت، لە ناوچەی "تەبەس"ـەوە بەڕێکەوتووە؛ ئەو شوێنەی کە لە ساڵی 1980 پڕۆسەی "چنگی هەڵۆ"ی ئەمریکا بۆ رزگارکردنی بارمتەکان تێیدا شکستی هێنا. ئەمەش وەک پەیامی هێز و باڵادەستی ئێران دژ بە ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.
پێشنیاری نێوەندگیرەکان؛ 3 ساڵ سڕکردن:
بەپێی زانیارییەکانی میدیا جیهانییەکان، هەریەکە لە قەتەر، میسر و تورکیا پێشنیارێکیان خستووەتە بەردەم تاران، کە تێیدا ئێران پابەند دەبێت بە "سفر پیتاندنی یۆرانیۆم" بۆ ماوەی 3 ساڵ، دوای ئەو ماوەیەش رێژەی پیتاندن لە 1.5% تێنەپەڕێت. واشنتن دەیەوێت ئەم دانوستانە پرسی موشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتیی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکەش بگرێتەوە، بەڵام تاران تاوەکو ئێستا تەنیا دەیەوێت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزا ئابورییەکان قسە بکات.
بەشداربووان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن چی؟
وەفدی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و بەشداریی جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە مەسقەت کۆدەبنەوە. ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا پەیوەست نییە بەم دوو وڵاتەوە؛ روسیا و چین و یەکێتیی ئەوروپاش بە وردی چاودێریی دەکەن، چونکە شکستی ئەم دانوستانانە و هەڵگیرسانی جەنگ، لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر ئابوری و ئاسایشی جیهان دەبێت. روسیا و چین کە پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ تاران هەیە، هەمیشە رەخنەیان لە سیاسەتی "فشاری زۆر"ی ئەمریکا گرتووە و داوای رێگەچارەی دیپلۆماسی دەکەن.
مەترسییەکانی شکستی دانوستانەکان:
ئەگەر ئەم دانوستانانە بگەنە بنبەست، مەترسیی ئەوە هەیە گرژییەکان بەرەو روبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستی بچن. جەنگێک کە نەک هەر ئێران و ئەمریکا، بەڵکو تەواوی ناوچەکە و جیهان دەگرێتەوە. بۆ گەلی ئێرانیش کە ئێستا لەژێر باری گرانی سزاکاندایە، شکستی دیپلۆماسی واتە داهاتوویەکی نادیار و تەمومژاویتر و هاوکات بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلیش، واتە؛ هێرشی چڕی موشەکە بەهێزەکانی ئێران بۆ سەر گشت بەرژەوەندییەکانیان.
پەیامی لایەنەکان بەر لە دەستپێکی دانوستانەکان:
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە کە بە نییەتێکی باشەوە هاتوون، بەڵام "دەبێت رێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش بنەمای هەر رێککەوتنێک بن." لە بەرامبەردا، واشنتن هۆشداری دەدات کە ترەمپ جگە لە دیپلۆماسی، چەندین بژاردەی دیکەی سەربازیی لەبەردەستە و هاوکات، بەر لە دانوستانەکان و کەمێک پێش ئێستا، هاووڵاتییەکانی ئاگادارکردەوە کە دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن و چۆڵیبکەن.
ئێستا جیهان چاوەڕوانە؛ ئایا دانوستانەکانی مەسقەت دەبنە هەوێنی ئاشتی و رێککەوتنێکی نوێ، یان تەنیا ئارامییەکی کاتی دەبن پێش هەڵگیرسانی گەردەلولێکی سەربازیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت، پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر پاراستنی مافەکانی وڵاتەکەی کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا لە پلاتفۆرمی (X) رایگەیاند: "ئێران بە چاوێکی کراوە و یادەوەرییەکی پڕ لە روداوی ساڵی رابردوو، دەست بە دیپلۆماسی دەکاتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی بە نییەتێکی باشەوە بەشداری لەم پڕۆسەیەدا دەکات، بەڵام هاوکات لەسەر مافەکانی خۆیان سور دەبن.
عراقچی جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە پابەندییەکان رێزیان لێ بگیرێت و وتی: "پێگەی یەکسان، رێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش تەنیا دروشم نین، بەڵکو پێویستی و پایەی سەرەکین بۆ هەر رێککەوتنێکی بەردەوام."
ئەم پەیامەی عراقچی لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە مەسقەتی پایتەختی عومان، گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان تاران و واشنتن دەستیپێکردووە، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەکە.
ئەمڕۆ دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە وڵاتی عومان بەڕێوەدەچێت و تەوەری سەرەكی دانوستانەكە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران دەبێت.
ئەمڕۆ لە مەسقەتی پایتەختی عومان دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەڕێوەدەچێت كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دانوستانەكە بەڕێوەدەچێت و ستیف ویتكۆف و جارید كوشنەر سەرۆكایەتی وەفدی ئەمریكا دەكەن.
لایخۆشییەوە ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، عەباس عراقچی بە سەرۆكایەتی وەفدێك بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا بەرەو شاری مەسقەتی پایتەختی سوڵتان نشینی عومان بەڕێكەوت.
بڕیار وابوو دانوستانەكە لە توركیا بەڕێوەبچێت، بەڵام ئێران داوایكرد بگوازرێتەوە بۆ عومان و رۆژی چوارشەممە ئەمریكا پلانی دانوستانەكەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام دواتر لەسەرداوای چەند وڵاتێكی عەرەبی و ناوچەكە ئەمریكا لە بڕیارەكەی پاشگەزبوەوە.
هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا سەرەكیترین خاڵی ناكۆكیی نێوان ئەمریكا و ئێران، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بوو، بەڵام لە ئێستادا موشەكە بالیتسییەكانی ئێران بوونەتە خاڵێكی دیكەی سەرەكی ناكۆكییەكان، چونكە ئێران ئێستا خاوەنی چەندین جۆری جیاوازی موشەكی بالیستیی بەهێزە كە هەندێكیان بە سوتەمەنی شل و هەندێكیان بە سوتەمەنی رەق كار دەكەن ، ئەمەش جێی رەزامەندی ئەمریكا نییە .
لە دیارترین موشەكە بالیستییەكانی ئێران :
- موشەكی"خوڕەمشەهر"مەوداكەی 2 هەزار كیلۆمەترە و بە سوتەمەنی شل كار دەكات و كڵاوەیەكی زۆر بەهێزی هەیە .
- موشەكی"سجیل"مەوداكەی 2 هەزار كیلۆمەترە و بە سوتەمەنی رەق كار دەكات و دەتوانێت كڵاوەی گەورەی تەقەمەنی هەڵبگرێت.
- موشەكی "قەدەر " یش یەكێكی ترە لە موشەكەكانی ئێران كە مەوداكەی 2 هەزار كیلۆمەترە و كڵاوەیەكی جەنگی سوكی هەیە، بەڵام دەتوانێت بەخێرایی خۆی رزگار بكات لە موشەكی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی .
- هەروەها ئێران خاوەنی موشەكی "عیماد"ە كە مەوداكەی 1700 كیلۆمەترە و بە سوتەمەنی شل كار دەكات و سیستمێكی زیرەكی پێشكەوتووی تێدایە بۆ پێكانی ئامانجەكانی بە وردیی .
- موشەكی "فەتاح 2 "، مەوداكەی 1500 كیلۆمەترە و بە سوتەمەنی شل كار دەكات و دەتوانێت بەرگریە ئاسمانییەكان تێبپەرێنێت.
-موشەكی "شەهاب 3 "مەوداكەی 1300 كیلۆمەترە و بە سوتەمەنی شل كار دەكات و توانای هەڵگرتنی كڵاوەی كێش قورسی هەیە تا كێشی 1200 كیلۆ گرام .
موشەكە بالیستییەكانی ئێران كە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە دەڵێن لە دوای شەری 12رۆژە پەرەیان پێداوە، ئێستا یەكێكە لە بابەتە سەرەكییەكانی ناكۆكیی نێوان ئێران و ئەمریكا، چونكە ئێران نایەوێت بە هیچ شێوەیەك لە دانوستانەكانی لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆ لەسەر موشەكەكانی بكرێت و دەڵێت تەنها بەرنامەی ئەتۆمی تاوتوێ دەكەین، بەڵام ئەمریكا دەیەوێت موشەكە بالیستییەكانی ئێران لە بابەتە سەرەكییەكانی دانوستانەكان بێت .
وابڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە شاری هەولێر لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆببێتەوە.
وابڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە درێژەی گەشتەکەیدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە شاری هەولێر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆببێتەوەو؛ لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ بکرێت و جەخت لە هەماهەنگییەکان بکرێتەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ژان نۆیێل بارۆ جەختیکردەوە: ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی تاوتووێی پرسی رێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی هەسەدە دەکەین.
هەر لە درێژەی جوڵە دیپلۆماسییەکانیدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە کۆشکی "تشرین" لە شاری دیمەشق و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کۆببووە.
ئەم دیدارە رەسمییانە لە کاتێکدایە کە فەرەنسا هەوڵ دەدات رۆڵێکی کارا لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆسیەی سوریادا بگێڕێت.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا هۆشداری دەدات لەوەی دۆخی ئێران بەرەو تەقینەوەیەکی گەورە دەچێت کە کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە مۆسکۆ بەبێ دەستوەردان تەنیا بینەر نابێت.
لاڤرۆڤ لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دۆخی ئێران مەترسیی تەقینەوەیەکی گەورەی لێدەکرێت کە رەنگە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. راشیگەیاند: "ئێران هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە و بەرامبەر بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەستەوستان ناوەستین." وەزیری دەرەوەی روسیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکار بێت بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تەل ئەبیب، واشنتن و تاران.
سێرگی لاڤرۆڤ رونیکردەوە کە مۆسکۆ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران و ئەمریکا، خۆی وەک نێوەندگیر ناسەپێنێت، بەڵکو تەنیا گفتوگۆ لەسەر دۆخەکە دەکات بە ئامانجی رێگری لە زیاتر تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە.
لەلایەکی دیکەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن. بەرپرسانی هەردوولا رایانگەیاندووە، پلانی کۆبوونەوەی مەسقەت کە بڕیارە سبەینێ هەینی بەڕێوەبچێت، گەڕاوەتەوە سەر رێڕەوی رەسمیی خۆی. ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان فشارێکی زۆریان خستە سەر واشنتن تاوەکو لە دانوستانەکان نەکشێتەوە، ترەمپیش وەک رێزێک بۆ داواکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە داوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، دانوستانەکانی سبەینێی مەسقەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن. چاوەڕوان دەکرێت عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بن، تاوەکو گوێ لە پێشنیارەکانی یەکدی بگرن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەکە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران جەختیان لەسەر هەوڵەکانیان بۆ بەردەوامبوونی رێگەچارە دیپلۆماسییەکان کردەوە، بڕیاریشە سبەینێ هەینی یەکەم کۆبوونەوە لە وڵاتی عومان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکان ماوەتەوە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە، پلانی کۆبوونەوەکەی مەسقەت گەڕاوەتەوە سەر رێڕەوی رەسمیی خۆی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە دوای فشارێکی زۆری سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان هاتووە بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ تاوەکو لە دانوستانەکان نەکشێتەوە. واشنتن وەک رێزێک بۆ داواکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، رازی بووە بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکان بەیانی رۆژی هەینی لە مەسقەت دەستپێدەکەن. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "تەسنیم"، گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن و چاوەڕوان دەکرێت ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و عەباس عراقچی تێیدا بەشدار بن.
پێشتر ئەمریکا داوای کردبوو کۆبوونەوەکە لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بێت و ژمارەیەک وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک چاودێر بەشدار بن، بەڵام ئێران داوای کردووە دانوستانەکان بگوازرێنەوە بۆ سوڵتان نشینی عومان و تەنیا لە چوارچێوەی هەردوو وڵاتدا بێت، تاوەکو تەنیا تیشک بخرێتە سەر دۆسیەی ئەتۆمی.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و واشنتن بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ ئامادەیە. رۆبیۆ جەختی کردەوە کە تەنیا گفتوگۆ لەسەر یەک دۆسیە بەس نییە و دەبێت پرسی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانیش تاوتوێ بکرێت. لە بەرامبەردا، ئێران رایگەیاندووە کە تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئامادەی دانوستانە و توانا سەربازییەکانی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی و قابیلی گفتوگۆ نییە.
ترەمپ پێش رێککەوتن لەسەر شوێنی دانوستانەکان، رایگەیاندبوو کە دەبێت عەلی خامنەیی نیگەران بێت. هەروەها بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، ئەمریکا بە وردی چاودێریی جوڵەکانی ئێران دەکات و هۆشداریی داوە: "بیستوومە ئێران هەوڵدەدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی کارا بکاتەوە، ئەگەر ئەوە بکەن، فڕۆکە جەنگییەکانمان دەنێرینەوە."
هاوکات، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عراقچی، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پەنابردن بۆ دیپلۆماسی دووپات کردەوە، تاوەکو گەلانی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی ئاڵۆزی و جەنگ بپارێزرێن.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: رۆژی هەینی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ماڵپەڕی ئەکسیۆسیش ئاشکرایکرد، لەسەر داوای سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی؛ بڕیارە رۆژی هەینی سەعات 10ـی بەیانی، گفتوگۆکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەبچن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی برا عوممانییەکانیان دەکەن لە بەرانبەر ئەنجامدانی هەموو ئامادەکارییە پێویستەکان.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، لە دوای نێوەنگیرییەکان و لەسەر داوای چەند سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران ئەنجام دەدرێت.
دوای تەنها چەند سەعاتێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەکخستنی پلانەکانی گفتوگۆ، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئەمریکییەوە ئاشکرایکرد، بڕیاری ئەنجامدانی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە رۆژی هەینیدا چوونەتەوە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە دوای فشار و هەوڵی چڕی سەرکردەکانی ناوچەکە دێت، کە هۆشدارییان دابووە ئیدارەی ترەمپ لە مەترسییەکانی کشانەوە لە دانوستانەکان. بەپێی سەرچاوەکان، نێوەندگیریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایکردووە واشنتۆن لە هەڕەشەکانی پاشەکشە بکات و جارێکی تر بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تاران.
مەهەپە رایدەگەیەنێت، نوێنەرانی ناو كۆمیسیۆنی ئاشتی لەسەر پێدانی مافی هیوا گەیشتوونەتە رێككەوتن و لە راپۆرتەكەدا جێگیر دەكرێت.
فەتی یڵدز جێگری سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" و ئەندامی كۆمیسیۆنی ئاشتی لە دوای كۆبوونەوەی تیمی نووسینەوەی راپۆرتی كۆتایی كۆمیسیۆنەكە لەسەر ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان رایگەیاند، راپۆرتی كۆتایی بە هاوبەشی هەموو ئەندامانی كۆمیسیۆن ئامادە دەكرێت و چاوەڕوانیش دەكرێت هەفتەی داهاتوو راپۆرتەكە تەواو بكرێت.
وتیشی، ئەندامانی كۆمیسیۆن لەسەر دەستەبەركردنی مافی هیوا گەیشتوونەتە رێككەوتن و لە راپۆرتەكەدا جێگر دەكرێت، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاشی دەركردووە، بەپێی بڕیارەكانی دادگاش مامەڵە دەكەن و پێویستە ئازاد بكرێت.
جەختیشیكردەوە، هیچ ناكۆكییەك لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی نییە و ئەو كارە تەواو دەكەن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم'، نوێترین ئاماری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە خاکی سووریا راگەیاند.
بەپێی راگەیەنراوێکی رەسمی (سێنتکۆم)، لە ماوەی نێوان 27ـی یەک تا دووی ئەم مانگە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پێنج هێرشی ورد و چڕیان کردووەتە سەر مۆڵگەکانی داعش لە سوریا.
هاوکات لەو هێرشانەدا، کە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون، کە زیاتر لە 50 موشەک بەکارهێنراون.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجە تێکشکێنراوەکان پێکهاتبوون لە ناوەندێکی سەرەکیی پەیوەندییەکانی داعش، بنکەیەکی لۆجستیی ستراتیژی بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و هەروەها چەندین کۆگای حەشارگەی چەک و کەرەستەی سەربازی.
هەر سەبارەت بە هێرشەکان، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "ئەم ئۆپراسیۆنانە بەشێکن لە ستراتیژیی بەردەوامی واشنتۆن بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە لە سوریا.
جەختیشی کردەوە، کە هەماهەنگییان لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکان و هێزە ناوخۆییەکان بەردەوام دەبێت، چونکە شکستی کۆتایی داعش گرەنتییەکە بۆ سەقامگیریی ئەمریکا و تەواوی ناوچەکە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان فشارە مەیدانییەکانیان بۆ سەر شانە نوستووەکانی ئەو رێکخراوە چڕتر کردووەتەوە.
میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ ئاشکرایانکرد، رۆژی هەینی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە عومان دەستپێدەکاتەوە.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی داهاتوو لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچن و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەشکرد، دانوستانەکان تەنها سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی سزاکان دەبن.
ئاژانسەکانی هەواڵ رایانگەیاند، پێشتر بڕیاربوو دانوستانی ئەتۆمیی لە توركیا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمریكا لەسەر داوای ئێران شوێنی گفتوگۆ دانوستانەكانی بۆ مەسقەتی پایتەختی عومان گواستەوە.
كۆشكی سپی رایگەیاند هەموو ئامادەكارییەك بۆ دانوستانی نێوان ولاتەكەی و ئێران كراوە و پێگەیەكی ئەمریكیش ئاشكرای كردوە واشنتۆن بە داوای تاران رازی بوە كە دانوستانەكان لە عومان بكرێت.
كۆشكی سپی رایگەیاند؛ ئامادەكاریی پێویست بۆ دانوستانەكانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كراوە و بە ئەگەری زۆر گفتوگۆ و دانوستانەكان لەم هەفەیەدا و بە سەرپەرشتی ستیڤ ڤیتكۆف ، نێردەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بەڕێودەچێت.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند كە ئەو دانوستانەكانی نوێنەرانی ئەمریكا و ئێران لەم هەفتەیەدا دەست پێدەكات و داواكراوە دانوستانەكانیش لە عومان یان توركیا بەڕێوبچێت.
دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا وتویەتی: ئێران دەیەوێت دانوستان بكات و پێشتریش ئەوەیان كردوە بۆیە پێویستە ئەوان هەنگاو بنێن بەڵام چونكە دانوستانەكانی پێشو هیچ ئەنجامێكیان نەبو، هێرش كرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان.
پێگەی ئەكسیوس، ئاشكرای كردوە، بڕیاربو پێشتر دانوستانی ئەتۆمیی لە توركیا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمریكا لەسەر داوای ئێران شوێنی گفتوگۆ دانوستانەكانی بۆ مەسقەدی پایتەختی عومان و رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە بەڕێوبچێت.