هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەروی هورمز پەكیكەوتووە و لە رۆژی یەكشەممەدا تەنانەت یەك كەشتییش لەو رێڕەوەدا تێپەڕ نەبووە.

بەپێی داتاكانی كۆمپانیای "كیپلەر" بۆ چاودێریی جوڵەی كەشتییەكان، هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا سستییەكی بەخۆوە بینیوە. ئامارەكان ئاشكرای دەكەن كە رۆژی شەممە تەنها پێنج كەشتیی بارهەڵگر لە گەرووەكە تێپەڕبوون، بەڵام رۆژی یەكشەممە هیچ جۆرە هاتوچۆیەكی كەشتیوانی تۆمار نەكراوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هەمان كاتی هەفتەی رابردوودا، 31 كەشتی لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا هاتوچۆیان كردبوو.

ئەم پەككەوتنە لە ناكاوەی كەشتیوانی دوای زنجیرەیەك هێرش دێت كە كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی لە ناوچەكەدا كردبووە ئامانج، هاوكات سستیی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ چارەسەركردنی ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دڵەڕاوكێی زۆری لای كۆمپانیاكانی گواستنەوە دروست كردووە. هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەروی هورمز بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.