وادەی دیاریکراوی رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا ئیمزاکرابوو گەیشتووەتە کۆتایی، ئەوەش لە کاتێکدایە دەرفەتەکانی پاراستنی لێکتێگەیشتنەکە لە نێوان دانوستان و ئاڵۆزتربوونی رەوشەکەدا ماونەتەوە.

لە بری ئەوەی ئەم وادەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان، رۆژانی کۆتایی رێککەوتنەکە ئاماژەیان بە پاشەکشەی پرۆسەکە کردووە، پاش ئەوەی تاران هاتوچۆی لە گەروی هورمز داخست وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی جێگرەوە، لە بەرانبەردا واشنتۆن بە سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی وەڵامی دایەوە.

هاوکات لە ناوخۆی ئێراندا، فشارە ئابورییەکان رویان لە زیادبوون کردووە و دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی و گەمارۆکان کەرتی نەوتیان تووشی سستبوونی گەورە کردووە، لەم باریەوە محەمەد رەزا عارف، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداریی دا لەوەی وڵاتەکەی لە ناو "جەنگێکی ئابوری"دایە و داوای لە دامەزراوەکان کرد بەرەنگاری شەپۆلی بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەڵئاوسان ببنەوە.

لە بەرانبەردا، تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای شەش مانگ لە رووبەڕووبوونەوەکان، داواکارییەکانی کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا لە سەرەتادا باسیان لە رادەستبوونی تەواوەتی ئێران و راگرتنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکان دەکرد، بەڵام لە یاداشتەکەی حوزەیراندا ئەو مەرجانە کەمکراونەتەوە و جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی نرخی نەوت کراوەتەوە. 

جێی ئاماژەیە، بەپێی ئامارەکان ئاستی هاتوچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی کەلوپەل و نەوت لە گەروی هورمز بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش مەترسییەکان لەسەر داهاتووی ئاسایشی دەریاوانی و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گەڕێکی نوێی رووبەڕووبوونەوە زیاتر دەکات.