سی ئێن ئێن: جێرد کۆشنەر فشاری لە ناتانیاهۆ کردوە کێشە بۆ پلانی ئاشتی غەززە دروست نەکات
بڵند
١٧ی ئابی ٢٠٢٦
جێرد کۆشنەری نێردراوی تایبەتی ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، تا پلانە 15 خاڵیەکەی غەززە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پاڵپشتی دەکرێت بباتە پێشەوە و رێگری لە پڕۆسەکە نەکات.
سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە لە کۆبونەوەکەیاندا، کە زیاتر لە چوار سەعاتی خایاندوە، جێرد کۆشنەری نێردراوی تایبەتی ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر بنیامین نەتانیاھۆ، تا بە پلانی ئاشتی غەززە رازیبێت و کۆسپ بۆ جێبەجێکردنی دروست نەکات.
سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکردوە، نەتانیاھو پێشتر ئەم پلانەی رەتکردبۆوە و پێشکەوتن لەم پلانەدا بە کێشە بۆ داهاتوی خۆی دەزانێت، بەهۆی نزیکبونەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، نەتانیاھو کە لە راپرسییەکاندا لە دواوەیە و پێویستی بە راکێشانی سەرنجی دەنگدەرانی راستڕەوە، نایەوێت پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هیچ سازشێک لە دۆسیەی غەززەدا بکات.
لە لایەکی ترەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی نیکۆلای ملادینۆف بەڕێوەبەری "ئەنجومەنی ئاشتی" و تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا بەڕێوەچوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردوەتەوە، کە دەبێت حەماس هەنگاوی یەکەم بنێت.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلیش بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە کە نەتانیاھو ڕوونی کردووەتەوە ئیسرائیل تا چەکدانانی تەواوەتی حەماس، هیچ هێزێکی خۆی لە غەززە ناکشێنێتەوە و رێگە بە دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوە نادات.
سی ئێن ئێن دەشڵێت؛ لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی ژەنراڵێکی ئەمریکی سەرپەرشتی پڕۆسەی رادەستکردن و لەناوبردنی چەکەکانی حەماس بکات کە ئەمەش وەک یەکەم هەنگاو بەرەو بێچەککردنی غەززە هەژمار دەکرێت.



