دوای بانگەشەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە دەڵێت؛ گفتوگۆی راستەوخۆ و پشت پەردە لە نێوان حکومەتی ئەمریکا و سوپای پاسداراندا هەبووە، وتەبێژی سوپای پاسداران رەتی دەکاتەوە و دەڵێت ئێمە لە میداندا قسە دەکەین نەک ژێر بەژێر.

ئەمڕۆ دوشەممە، حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم جەختی لەوە کردەوە کە هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان بەرپرسانی سوپای پاسداران و لایەنی ئەمریکیدا نەبووە.

ناوبراو قسەکانی دۆناڵد ترەمپی رەتکردەوە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە سوپای پاسداران "لە مەیدان" قسە دەکات و گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دەرەوە، بەهۆی "مێژووی کارە خراپەکانی ئەمریکا" ڕاگیراون و لەو بوارەشدا هیچ دانوستانێک ئەنجام نادرێت.

وتەبێژی سوپای پاسداران ئەم لێدوانانەی بە هەوڵێکی ترەمپ بۆ "کۆنتڕۆڵکردنی کاتی نرخی وزە و رزگاربوون لە فشارەکان" وەسف کرد.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، کە واشنتۆن لە رێگەی کەناڵە نهێنییەکانەوە راستەوخۆ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسداران.