سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەردانی بەغداد دەکات
سەوسەن سەید
١٨ی ئابی ٢٠٢٦
ئاژانسی تسنیم رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، مەحەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئێران، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای پەرلەمانیدا دەگاتە بەغدادی پایتەختی عیراق.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکە، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی قالیباف تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمییەکان، بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و بەغداد، و دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەشە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و کەسایەتییە دیارەکانی عیراق ئەنجام دەدات.
تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش بریتی دەبن لە: پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و هەماهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەردەوامیی هەماهەنگی و راوێژە سیاسییەکانی نێوان تاران و بەغدادە سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە جێگەی بایەخی هەردوولا.



