دادوەریی سوریا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ وەسیم ئەسەد دەرکرد، دوای ئەوەی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپی چەکدار و ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ تایبەت بە سەردەمی رژێمی پێشوو ئیدانە کرا.

دادگای تاوانەکانی سوریا لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە: وەسیم ئەسەد گرووپی چەکداری لەبەرانبەر پێدانی موچە و دابینکردنی چەک و پولدا پێکهێناوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە کە تۆمەتبار وەسیم ئەسەد بەشداریی لە کۆمەڵکوژیی "مەلیحە"دا کردووە کە لە ساڵی 2013دا بووە هۆی گیانلەدەستدانی 75 هاووڵاتیی مەدەنی.

دادگای تاوانەکان جەختیشی کردەوە کە بۆ دادگا سەلمێنراوە چەکدارانی سەر بە تۆمەتبارەکە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنییان رفاندووە و لە بەردەم خۆیدا کوشتوویانن، بەوەش دادگا بڕیاری کۆتایی لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە.