دوای سەردانە گرنگەکەی ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی حکومەتی سوریا بۆ واشنتۆن و کۆبونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وردەکاریی قۆناغێکی نوێی سیاسی و سەربازی لە سوریا دێتە ئاراوە، کە تێیدا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پێکهاتەی سوپای نوێی ئەو وڵاتەدا و گومان و پرسیارەکانیش لەسەر ئایندەی سوریا زیاتر دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی دەلیل زیلان، رۆژنامەنوسی نیشتەجێی رۆژئاوای کوردستان، پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، ئەحمەد شەڕع کۆبونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەنجامداوە. لەو کۆبونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا بەڕێوەچووە، رێککەوتنێکی زارەکی کراوە لەسەر ئەوەی سوپای داهاتووی سوریا لەسەر مۆدێلی سەربازیی هەسەدە دابمەزرێت.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم رێککەوتنە ئەوەیە کە مۆدێلی سەربازیی هەسەدە وەک کاراترین پێکهاتە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی سوریا سەیر دەکرێت، بەتایبەت کە هەسەدە خاوەنی نزیکەی 100 هەزار چەکداری راهێنراوە، لە کاتێکدا هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی ژمارەیان لە 30 هەزار تێپەڕ ناکات و خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و رێکخراو نین و زۆرینەیان بە چەکداری بەکرێ گیراو ناودەبرێن.
پلانە نوێیەکە تەنها لایەنە کوردی و عەرەبییەکانی ئۆپۆزسیۆن ناگرێتەوە، بەڵکو بووەتە مایەی دڵنیایی بۆ پێکهاتەکانی دیکەی سوریا. بە وتەی زیلان، عەلەوی و دروزییەکانی ناوچەکانی کەناراو و شاری سوەیدا، بەشداریکردنی هەسەدە لە پێکهاتەی ئەمنیی نوێدا وەک "گەرەنتییەک بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان" دەبینن، ئەمەش متمانە بەو هێزە فراوانتر دەکات.
لەم نێوەندەدا، تورکیا وەک رێگری سەرەکی لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدا دەبینرێت، چونکە نایەوێت کورد لە سوریای داهاتوودا خاوەنی هیچ پێگە و دەستکەوتێکی رەسمی بێت. سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەنکەرە، بەڵام پێدەچێت کاریگەرییەکانی لە هاوکێشەی سوریادا بەرەو کەمبونەوە چووبێت و ناچار بێت مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیەدا بکات.
ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی سیاسی و سەربازیی سوریادا، کە تێیدا هەسەدە لە هێزێکی سەربازیی ناوچەییەوە دەگۆڕێت بۆ بەشێکی سەرەکی و کاریگەر لە پێکهاتەی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکەدا، ئەمەش دەرگای قۆناغێکی نوێ بەڕووی چارەسەریی سیاسی لە سوریا دەکاتەوە.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی، رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش جێبەجێ ناکرێن و دەسەڵات پێداگری لەسەر "جێبەجێنەکردنی یاسا" دەکات.
وتەبێژی دەم پارتی جەختیکردەوە کە دۆسیەی دەمیرتاش و زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ "دۆسیەیەکی سیاسی و تۆڵەسەندنەوەیە" و داوایکرد دەستبەجێ کۆتایی بەو پێشێلکارییە یاساییانە بهێنرێت.
"پێویستە دەمیرتاش یەک خولەکیش لە زینداندا نەمێنێت"
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ چەندین جارە نایاساییبوونی دۆسیەکەی سەلماندووە و رایگەیاند: "ئەوەی پێویستە بکرێت روونە، بەڵام ناکرێت. نۆ ساڵە پێداگری لەسەر ئەم نایاساییە دەکرێت."
وتیشی: "بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تەنها دەمیرتاش ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو زیندانیانی دۆسیەی کۆبانێ و دۆسیە سیاسییەکانی دیکەش دەگرێتەوە. بۆیە پێویستە سەلاحەدین دەمیرتاش بەپەلە و بەبێ بەفیڕۆدانی کات ئازاد بکرێت و نابێت یەک خولەکی دیکەش لە زینداندا بمێنێتەوە."
بانگەواز بۆ کۆمسیۆنی پەرلەمان: لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە:
وتەبێژی دەم پارتی باسی لە کارەکانی "کۆمسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا کرد و رەخنەی لە دواکەوتنی کۆبونەوەکانی گرت.
داوایکرد کۆمسیۆنەکە لە نزیکترین کاتدا کۆببێتەوە و یەکەم کاری، بڕیاردان بێت لەسەر سەردانیکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی و وتی: "چونکە کاری سەرەکیی کۆمسیۆنەکە دروستکردنی زەمینەی سیاسی و یاساییە بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک. بەبێ گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسی سەرەکیی پرۆسەکە، ناکرێت هەنگاو بنرێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، ئایشەگوڵ دۆغان وتی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکەین. هیوادارین پرۆسەی دوای هەڵبژاردن بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و دیموکراسیی زیاتر بۆ گەلانی عیراق بهێنێت."
وتیشی: "ئەوەی تا ئێستا دیارە رێژەی بەشداری کەم بووە و هەندێک مشتومڕی دیکەش هەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێین هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی دیموکراتی و لە کەشێکی باشدابوو. هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و دەڵێین با ئەنجامەکان خێریان لەدوابێت."
لە شەش مانگدا زیاتر لە 250 كەس لە پارێزگای سنە بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە لێپرسراوێكی پزیشكی داد دەڵێت؛ ژمارەی قوربانییانی هاتوچۆ بەراورد بە رابردوو زیادی كردوە.
پزیشكی دادی پارێزگای سنە بڵاویكردوەتەوە لە سەرەتای بەهارەوە تا كۆتایی هاوینی ئەمساڵ 256 كەس بەهۆی روداوی هاتوچۆ لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 617 كەسیش برینداربوون كە سێ هەزار و 245 كەسیان لە رەگەزی نێر بووە و هەزار و 272 كەسیان ژن بوون.
لە ئامارەكانی پزیشكی دادی سنە ئاماژە بەوەكراوە، ئەگەرچی روداوەكانی هاتوچۆ بە رێژەی زیاتر لە 2٪ كەمی كردوە بەڵام ژمارەی قوربانییانی ئەو روداوانە بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیكەی 7٪ زیادی كردوە.
نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا رایدەگەیەنێت، سەردانەكەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریكا وەچەرخانێكی مێژوویی بوو، دەشڵێت دەبێت هەسەدە ببێتە بەشێك لە سوریای نوێ لە هەموو سێكتەرەكاندا.
تۆم باراك نێردەری ئەمریكا بۆ سوریا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە سەردانەكەی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بۆ كۆشكی سپی نوسیویەتی، ئەم هەفتەیە وەرچەرخانێكی یەكلاكەرەوە بوو لە مێژووی مۆدێرنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی بۆ سوریا كە لە وڵاتێكی گۆشەگیرەوە بووە بە هاوبەشی راستەقیینە.
راشیگەیاند، بەلابردنی سزاكانی قەیسەر دەرفەتێكی باش دراوە بە سوریا بۆ هەڵسانەوە و ئاوەدانكردنەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لە دانیشتنێكی سێ قۆڵیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و توركیا و سوریادا، نەخشەی قۆناغی داهاتووی چوارچێوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا-توركیا-سوریایان داناوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، باسیان لە یەكخستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ سوریای نوێدا كردوە لە هەموو سێكتەرەكاندا، لەگەڵ دۆزینەوەی پێناسەیەكی نوێ بۆ پەیوەندییەكانی توركیا و سوریا و ئیسرائیل.
رۆژی 2 شەممەی رابردوو ئەحمەد شەرع سەردانی ئەمریكای كرد بەوەش بوو بە یەكەم سەرۆكی ئەو وڵاتە كە سەردانی واشنتۆنی كردبێت.
كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ حكومەتی سوریا بۆ پەرەپێدانی كێڵگە غازییەكانی سوریا ئیمزاكرد.
بەپێی لێكتێگەیشتنەكە، كۆمپانیای دانەغاز دەست دەكات بە گەران و گەشەپێدان و فراوانكردنی چەند كێڵگەیەكی غاز لە ناوەڕاستی وڵاتەكە كە دیارترینیان كێڵگەی ئەبو رەباحە كە یەكێكە لە گەورەترین كێڵگەكانی سوریا.
ئامانجی یاداشتنامەكە پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی حكومەتی سوریایە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و باشتركردنی بەرهەمهێنانی كارەبا و بوژاندنەوەی كەرتی وزە.
كۆمپانیای دانەغاز لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردوە، كۆمپانیاكە بوەتە یەكەم وەبەرهێنەری غاز كە ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە لەگەڵ حكومەتی سوریا ئەنجام بدات، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی خۆی بۆ فراوانكردنی وەبەرهێنانە ناوچەییەكانی، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشووی لە پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوشێوەدا.
ریچارد هۆڵ بەرێوەبەری جێبەجێكاری دانەغاز رایگەیاند، بەپێی ئەو ئەزمونەی بەدەستمانهێناوە لە عیراق بەتایبەتی لە كێڵگەی كۆرمۆر ، دەتوانین رۆڵێكی باش بگێرین لە بەهێزكردنی ژێرخانی وزەی سوریا.
یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بڕیاریدا رادیۆی نیشتمانیی سوپا کە لە ساڵی 1950ەوە دامەزراوە، دابخات.
بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، بڕیارەکە وەستاندنی یەکجارەکیی پەخش لەخۆدەگرێت تا 1ی ئازاری2026، و تیمێکیش بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە.
کاتز: رادیۆکە زیانی بە پێگەی سوپا گەیاندووە:
بەپێی لێدوانەکانی کاتز، کە دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "کان" گواستوویەتییەوە، رادیۆی "گالی تزاهال" لە بنەڕەتدا وەک میدیایەکی سەربازیی سەر بە حکومەت دامەزراوە بۆ خزمەتکردنی سەربازانی سوپای ئیسرائیل و بنەماڵەکانیان، وەک "بڵندگۆیەک بۆ دەنگی سوپا و گوێیەک بۆ سەربازەکانی"، نەک وەک سەکۆیەک بۆ دەربڕینی رای رەخنەگرانە دژی سوپا و ئەندامەکانی.
کاتز روونیکردەوە: "بەردەوامبوونی کاری رادیۆکە، سوپا بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوە، تێوەدەگلێنێت لە گوتاری سیاسی و زیانێکی گەورە بە پێگەی وەک سوپایەکی گەل دەگەیەنێت کە پشتیوانییەکی بەرفراوانی لە تەواوی لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە."
جێی ئاماژەیە، رادیۆکە بە یەکێک لە دیارترین دامەزراوە میدیاییەکانی ئیسرائیل دادەنرێت، رادیۆیەکی نیشتمانیی سەر بە سوپایە و بە درێژایی 24 سەعات پەخشی هەیە. گەشتی هەواڵی سەربازی و سیاسی، شرۆڤە، راپۆرت لەسەر دۆخی هاتوچۆ، لەگەڵ بەرنامەی پەروەردەیی و کات بەسەربردن پێشکەش دەکات. بودجەی رادیۆکە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە دابین دەکرێت، جگە لەو داهاتەی لە رێکلامەوە دەستی دەکەوێت.
ئەحمەد شەرع وەک یەکەم سەرۆکی سوریا کە سەردانی کۆشکی سپی دەکات چووە ناو مێژووەوە، بەڵام دیمەنی سوریا لە واشنتن هێشتا تەمومژاویی و کراوەیە بەڕووی چەندین ئەگەردا، ئەمەش رێگە بە لایەنگران و نەیارانی شەرع دەدات کە هەریەکەیان لێکدانەوەی تایبەتی خۆی بۆ ئەو سەردانە مێژووییە بەو شێوەیەی دەیەوێت و ئارەزووی دەکات، دروستبکات.
پێش سەردانەکە، لە کاتی سەردانەکە و دوای سەردانەکەش، لایەنگرانی سیاسەتی شەرع بە درێژی باسیان لە لێهاتوویی سیاسی ئەو کرد کە بە وتەی ئەوان، بووە هۆی شکاندنی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی کە دەیان ساڵ بوو سوریای گرتبووەوە. هەروەها باسیان لە سەرکەوتنی کرد لە هەڵپەساردنی سزاکانی ئابووری و خستنە ژێر چەتری بەهێزترین دەوڵەتی جیهانەوە بۆ پاراستنی لە "ئیسرائیل" کە سەردانەکە رێگەی لە بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر سوریا گرت.
بەڵام ژمارەیەک لە سورییەکان بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە و لەو گۆشەنیگایەوە سەیری سەردانەکە دەکەن کە هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی لێ نەکەوتەوە پشتی پێ ببەسترێت، چونکە تەمومژیی هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەردانەکە زاڵ بوو، سزاکانیش تەنها هەڵپەسێردراون و هەڵنەوەشێنراونەتەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی لایەنگرانی شەرع بانگەشەی بۆ دەکەن.
سەردانێکی مێژووویی:
ئەوەی ئەحمەد شەرع وەک یەکەم سەرۆکی سوریا سەردانی کۆشکی سپی بکات، تەنها وردەکارییەک نییە، بەڵکو هەنگاوێکە دەرئەنجامی گەورەی دەبێت، چونکە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی سوریا و ئەمریکا دادەمەزرێنێت کە بۆ ماوەی چەندین ساڵی دوور و درێژ پڕ لە لێدوانی دژ بە یەک و دوژمنکارانەبووە
جەمال رەزوان، شیکاری سیاسی سوری، بە "RT"ی راگەیاند: "سوریا بە هەنگاوی پڕ لە متمانەوە بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە هیچ کەسێکی عاقڵ ناتوانێت ئامادەیی بەردەوامی لە جیهاندا و توانای بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە هەر وڵاتێکدا پشتگوێ بخات."
رەزوان پێیوایە، شەرع بە دیدگایەکی روونەوە چووە واشنتۆن و دەیزانی کە پێکدادان لەگەڵ ئەمریکییەکان، دەرفەتی سەقامگیری لە وڵاتەکەی دەشێوێنێت کە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد هاتۆتە ئاراوە. وتیشی: "سورییەکان ئەمڕۆ تامەزرۆی ئەوەن ئاسایش بەرقەرار بێت، کە ئەمەش لەرێگەی بەشداری کارا لەگەڵ واشنتۆن لە شەڕی دژی تیرۆر و پشت پێبەستنی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بەدی دێت."
سەبارەت بە پرۆتۆکۆڵی پێشوازییەکە و چوونەژوورەوەی شەرع لە دەرگایەکی لاوەکییەوە بۆ کۆشکی سپی، رەزوان بە وردەکارییەکی ئاسایی ناویبرد و وتی: "ئەو قسانەی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا، کردوویەتی ئەو بۆچوونە بەتاڵ دەکاتەوە، کاتێک وتی سەرۆک ترەمپ سەردانەکەی بۆ دوو سەعات درێژکردەوە، دوای ئەوەی بڕیاربوو تەنها بیست خولەک بێت، ئەمەش نیشانەی رێزی بووە بۆ هاوتا سورییەکەی."
هەڵپەساردنی سزاكان; هەنگاوێكی باش بەڵام ناتەواو:
لە بواری ئابوورییدا، ئیلیاس جەبور، شارەزای سوری، رایگەیاند، سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتۆن سەرکەوتوو بوو لە رازیکردنی ئەندامانی کۆنگرێس و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە سزاکانی قەیسەر، بۆ پێدانی دەرفەتێکی گونجاو بە حکومەتی نوێی سوریا تا توانای خۆی لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا بسەلمێنێت.
جبور ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵپەساردنی سزاکانی قەیسەر بۆ ماوەی شەش مانگ، حکومەتی سوریای خستۆتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەوە، ئەگەر بە سەرکەوتوویی لێی دەربچێت، ئەوا شایستەیی خۆی دەسەلمێنێت. وتیشی: "ئەو هەڵمەتانەی هێزە ئەمنییەکانی سوریا پێش سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتۆن دژی چەکدارانی داعش و شانەکانی دەستیانپێکرد، یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی سوریا بوو بە خواستی ئەمریکا بۆ شەڕکردن دژی ئەو رێکخراوە."
شەرع خاوەنی چ کارتێکی دانوستانە؟
بەڵام لە بەرامبەردا، بەشێکی دیکە لە سورییەکان پێیانوایە شەرع بەبێ هیچ کارتێکی بەهێز چووەتە کۆشکی سپی تا بتوانێت لەسەر پرسە گرنگەکانی وەک ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی دانوستان بکات.
حەمدان عەبدولحەق، پارێزەر و شیکاری سیاسی، پێیوایە، شێوازی پێشوازییەکە لە کۆشکی سپی پەیامێکی روونی تێدابوو کە "دانپێدانان بە شەرعییەتی تۆ هێشتا نەهاتووە و بەشێک لە پلانی ئەمریکا بۆ سوریا هێشتا لەناو دۆسیە داخراوەکاندایە."
بە بڕوای عەبدولحەق، شەرع هەوڵدەدات هەموو لایەنەکان رازی بکات و بە هەر لایەنێکی هەرێمی یان نێودەوڵەتی ئەوە دەڵێت کە حەز دەکات بیبیستێت، بێ ئەوەی ئاگاداری ناکۆکییە گەورەکانی نێوان ئەو لایەنانە بێت. وتیشی: "کێشە گەورەکە لە رێکخستنەوەی نێوخۆی دەستەی تەحریری شام و گروپە جیهادییەکانی دیکەدایە کە ترسیان لەو بەڵێنانە هەیە شەرع بە واشنتۆنی داوە."
شەرع: باشترین چارەسەر تێکەڵکردنی هەسەدەیە بە سەرپەرشتی ئەمریکا:
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا رایگەیاند: "باشترین چارەسەر ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا سەرپەرشتی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بکەن بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ناوەندییەوە." وتیشی: "پاراستنی خاکی سوریا بەرپرسیارێتی دەوڵەت دەبێت."
سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، شەرع وتی: "ئێمە لە دانوستانی راستەوخۆداین لەگەڵ ئیسرائیل و هەنگاوێکی باشمان بڕیوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، پێویستە ئیسرائیل بکشێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش ٨ی کانوونی یەکەم."
شەرع ئامانجی سەرەکی سەردانەکەشی بۆ "دەستپێکردنی بنیادنانی پەیوەندی نێوان سوریا و ویلایەتە یەکگرتووەکان" گەڕاندەوە و رایگەیاند، "سەقامگیری سوریا کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت، هەروەک چۆن ناسەقامگیرییەکەشی کاریگەری دەبێت."
ئەوەی ماوەتەوە، هەوڵەکانی شەرع و حکومەتەکەیەتی بە ئاراستەیەکدا کە بتوانێت ببێتە دەنگی تەواوی سوریا و ئەو گەلەی کە تینوی ئازادی و ژیانێکی ئازادە، بەتایبەت دروزییەکان و کوردەکان و عەلەوییەکان، گرەوێکن کە ڕەنگە شەرع و حکومەتەکەی نەتوانن بیبەنەوە.
رۆژنامەیەکی تورکی ئاماژە بە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی یان تەقاندنەوەی تەقەمەنی دەکات لەناو ئەو فڕۆکە سەربازییەی تورکیا کە لە جۆرجیا کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە 20سەرباز گیانیان لەدەستدا، هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا وێنەی قوربانییەکان بڵاوکراوەتەوە.
رۆژنامەی "تورکیا" کە لە حکومەتەوە نزیکە، بڵاویکردەوە، فڕۆکەکە لە جۆری C-130 Hercules بووە، لە فڕۆکەخانەی گەنجە لە تورکیاوە فڕیوە و دوای چوونە ناو ئاسمانی جۆرجیا، لە دووری پێنج کیلۆمەتر لە سنوورەوە تێکشکاوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی: "تێکشانی فڕۆکەکە لە ئاسماندا، نەک بەهۆی کێشەی تەکنیکی یان هەڵەی نیشتنەوە، گومانەکان بە ئاراستەی ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی یان تەقینەوەی ئەو تەقەمەنییەی هەڵیگرتبوو، دەمانبات."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە تیمە تەکنیکییەکان لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکارە وردەکان.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، فڕۆکەکە لەسەر خاکی جۆرجیا کەوتۆتەخوارەوە و جەختیشیکردەوە، ئەنکەرە بە شێوەیەکی نزیک هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی جۆرجیا دەکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن و کۆکردنەوەی بەڵگەکاندا.
نوسینگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاندووە، "لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی رووداوەکە بە شێوەیەکی زۆر ورد" ئەنجام دەدرێت.
سەرۆكی سوریا رایگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ یەكخستنەوەی هێزەكان لە سوریادا ئەوەیە ئەمریكا سەرپەرشتی پرۆسەكە بكات. دەشڵێت: لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر سنورەكانیان.
ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی راگەیاندووە، باشترین چارەسەر بۆ یەكخستنەوەی هێزەكان لە سوریا و تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات 'هەسەدە' بە سوپای سوریا ئەوەیە، ئەمریكا سەرپەرشتیی ئەو یەكگرتنەوەیە بكات، بە جۆرێك كە دەوڵەت ئەركی پاراستنی سوریا لە ئەستۆ بگرێت.
شەرع وتووشییەتی، لەئێستادا لەگفتوگۆدان لەگەڵ ئیسرائیل و بەرەو رێككەوتن هەنگاو دەنێین، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتاییش پێویستە ئیسرائیل بۆ ئەو ناوچانە بكشێتەوە كە بەر لە رووخانی رژێمی ئەسەد لێی بووە.
سەرۆكی سوریا ئەوەشی خستووەتە روو، ماوەی 10 ساڵ وەك ئۆپۆزسیۆن شەڕی روسیایان كرد، بەڵام لە ئێستادا حكومەتی سوریا پێویستی بە روسیایە و بەرژەوەندی ستراتیژیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سورن لەسەر دادگاییكردنی ئەسەد.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەڵێنیدا کار بۆ خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە چوارچێوەی رەسمی دەوڵەتی سوریاوە بکات و هاوکات رێزی خۆی بۆ رۆڵی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی رێڕەوی سیاسی لە سوریا دەربڕی.
مەزڵوم کۆبانێ، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەم بۆ سەرکردایەتیکردنی دۆسیەی سوریا و پێدانی دەرفەت بە گەلی سوریا بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی مەزن."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە لەگەڵ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا و نێردەی تایبەت بۆ سوریا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا لە کۆشکی سپی.
مەزڵوم کۆبانێ راشیگەیاندووە، هەردولا رێککەوتوون لەسەر "خێراکردنی هەنگاوەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریاو."
ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، چوونەپاڵی سوریا بۆ "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی" دژی رێکخراوی داعش بە "هەنگاوێکی سەرەکی" دادەنرێت کە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەدەستهێنانی شکستێکی هەمیشەیی بەسەر رێکخراوەکە و نەهێشتنی هەڕەشەکانی لەسەر ئاسایشی هەرێمی بەهێزتر دەکات.
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، مەزڵوم کۆبانێ نووسیویەتی: "ئێمە بە جدی و متمانەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان کاردەکەین، بە هەماهەنگییەکی نزیک، بۆ پاڵنانی کاروانی پێشکەوتن بەرەو داهاتوویەکی ئارامتر و گەشاوەتر بۆ گەلی سوریامان، لە دەوڵەتێکی یەکگرتوو و سەروەردا."
ئەحمەد شەرع وەک یەکەم سەرۆکی سوری، بڕیارە لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و سوریا، پرسی رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و رووبەڕووبونەوەی تیرۆر دەبێت.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا رایگەیاند، دۆسیەی هەڵگرتنی سزا لەسەر وڵاتەکەی چووەتە قۆناغەکانی کۆتاییەوە، و پێشبینی دەکات ئەنجامەکان لە دوو رۆژی داهاتوودا دوای دیدار لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا سەرجەم سزاکانی سەر سوریا هەڵبگیرێت.
وتیشی، حکومەتی وڵاتەکەی هەوڵی سەقامگیرکردنی باشوری سوریا دەدات، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئاوەدانکردنەوە.
جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەکانی رابردوودا شەرع بە یاوەری ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سەردانی ئەمریکایان کرد و بەشدارییان لە کۆبوونەوە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.
ئەحمەد شەرع دەبێتە یەکەم سەرۆکی سوریا ، لە دوای سالی 1946وە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکێکی سوری بکرێت و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، دژ بە فەرمانی دەستگیرکردنی بەرپرسانی ئیسرائیل، وەڵامێکی توندی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای دایەوە و رایگەیاند، فەرمانەکانی دەستگیرکردن زیاتر بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە گونجاون کە تورکیا دژی کورد ئەنجامی داوە و لە گەڵ پۆستەکەشیدا وێنەیەکی کاریکاتێری ئەردۆغانی بە دووربینێکەوە داناوە کە چاوەکانی بە ئاڵای ئیسرائیل داپۆشراوە.
کاتز لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی ئەردۆغانی کردووە، دەڵێت، "ئەردۆغان، فەرمانە گاڵتەجاڕییەکانی دەستگیرکردنت هەڵبگرە و لێرە بڕۆ، چونکە ئەوانە زیاتر بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە دەشێن کە دژی کوردەکان ئەنجامت داوە."
وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختیشیکردەوە، "ئیسرائیل بەهێزە و ناترسێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا کاتز وەک ئاماژەیەک بە وێنەکە، بە ئەردۆغانی وتووە، "تۆ غەززە تەنها بە دووربین دەبینیت."
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردودا ئەردۆغان رایگەیاند کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ و ژمارەیەک بەرپرسی ئیسرائیل دەرکردووە.
کاریکاتێرەکەی ئەردۆغان:
قەیرانی وشکەساڵی بە تەواوەتی بەرۆکی ئێرانی گرتووە، ئەمڕۆ شەممە، میدیاکانی وڵاتەکە رایانگەیاندوە؛ 19 بەنداوی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی وشکیان کردوە و کەمتر لە ٪5 ئاوی تێدایە، شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر وشکەساڵی و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان بەردەوام بێت ئەوا وڵاتەکە روبەڕوی چارەنوسێکی نادیار دەبێتەوە.
ساڵی 2025 ساڵی وشکەساڵی بوو، بەتایبەت بۆ ئێران،کەم بەرپرسیان هەیە باسی لە کێشەی کەم ئاوی نەکردبێت، سەرچاوە رەسمیەکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە لە 10 سەدی وڵاتەکەی یەکیان وشکی کردوە، قەیرانی وشکەساڵی قوڵترە لەوەی چاوەڕێان دەکرد و وەزیری وزەی وڵاتەکەش رایگەیاند، رەنگە ئیدی بە شەواندا نەتوانن ئاو دابین بکەن و داوای لە هاوڵاتییان کردوە بۆ شيوان ئاوی پێوسیت هەڵبگرن.
لە ئێستادا ئێران 19 بەنداویان بە تەواوەتی وشکی کردوە یاخود کەمتر لە ٪5 ئاوی تێدایە، ئەمەش لە کاتێكدایە لە دوو هەفتەی رابردودا تەنها هەشت سەد ئەو دۆخەی هەبوو، دوێنی سەرۆک کۆم،اری ئێڕان رایگەیاند ئەگەر باران نەبارێت دەبێت تاران چۆڵ بکەین.
شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر وشکەساڵی و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنان بەردەوام بێت، بەشێکی بەرچاو لە ژێرخانی ئاوی وڵات رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەتر دەبێتەوە .
هەسەدە رایگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، ئۆپراسیۆنێکیان لە کەمپی هوڵ ئەنجامداوە و توانیویانە سەرکردەیەکی مەترسیداری داعش دەستگیر بکەن، کە ئەرکی زیندوکردنەوەی گروپەکان بووە لە کەمپەکەدا و خەڵکی عیراقە.
ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە و تییدا هاتووە؛ لە چوارچێوەی شەڕی بەردەوامی دژ بە تیرۆر و رێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەوڵەکانی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تۆڕە نهێنییەکانی، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە هەماهەنگی مەیدانی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناو کەمپی هوڵ ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی باڵایان ئەنجامدا.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ لە ئۆپراسیۆنەکەدا کە لە رێگەی هەواڵگری فراوانو وردەوە ئەنجامدراوە، توانیویانە سەرکردەیەکی مەترسیداری داعش دەستگیر بکەن، کە ناوی (بەها ئەلمەسیریە) و ناسراوە بە ئەبو عەبدولڕەحمان و خەڵکی عیراقە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشیانخستوەتەڕوو، ئەو سەرکردەی داعش رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە چالاککردنەوەی شانەکانی رێکخراوەکە و هەماهەنگی دامەزراندنی ئایدیۆلۆژی و سەربازی و دروستکردن و ئامادەکردنی تەقەمەنی بۆ گواستنەوە بۆ دەرەوەی کەمپەکە بۆ بەئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی و هێزەکانیان .
هەروەها ئەرکی ئەو تیرۆریستە بریتی بووە؛ لە زیندووکردنەوەی پێکهاتەی رێکخراوەکە لەناو کەمپەکەدا و گۆڕینی بۆ سەکۆیەکی پلاندانان و بەڕێوەبردن بۆ شانەکان کە لە دەرەوەی سنوورەکانی درێژدەبنەوە، ئەمەش وایکرد کە گرتنی ئەو ببێتە زەربەیەکی قووڵ لە تواناکانی رێکخراوەکە و خاڵێکی سەرەکی بێت لە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی پەیوەندی و رێگەکانی پارەدان بۆ رێکخراو تیرۆرستییەکە.
ئەمڕۆ شەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە باشووری لوبنان، دوو برا گیانیان لەدەستدا و ئۆتۆمبێلەکەیان بە تەواوی سووتا. سوپای ئیسرائیل دواتر رایگەیاند کە کوژراوەکان ئەندامی حزبوڵا بوون.
بەپێی ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی دوو براکەی کردووەتە ئامانج کاتێک بە رێگایەکدا تێپەڕیون لە دامێنی رۆژئاوای چیای شێخ (جبل الشيخ). وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش گیان لەدەستدانی هەردووکیانی پشت راستکردوە.
ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج، دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی هێرشە ئاساییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی پێکدادانەکان لەگەڵ حزبوڵا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی بەردەوامی گرژییەکان.
لوبنان داوای گفتوگۆ دەکات و حزبوڵا رەتیدەکاتەوە
پەرەسەندنەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە لوبنان بەردەوام داوای گفتوگۆ دەکات بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکان. بەڵام حزبوڵا، بەپێی راگەیەندراوێکی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەر رێڕەوێکی دانوستانی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکاتەوە.
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان رایگەیاندووە، گفتوگۆ تاکە بژاردەی بەردەمە بۆ راگرتنی هێرشەکان، بەڵام ئیسرائیل هەر چارەسەرێکی سیاسی رەتدەکاتەوە. بەپێی سەرچاوەیەکی رەسمی لوبنان، ئیسرائیل تا ئێستا وەڵامی پێشنیازی گفتوگۆکەی نەداوەتەوە.
شایەنی باسە، حکومەتی لوبنان لە مانگی ئابی رابردوودا بڕیاریدابوو لە چوارچێوەی پلانێکی پێنج قۆناغیدا چەکی حزبوڵا دابماڵێت، بەڵام حزبوڵا بڕیارەکەی رەتکردەوە و بە "تاوان" ناویبرد.
ئەمڕۆ شەممە، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە کارگە و کۆگایەکی دروستکردنی بۆن لە ناوچەی دیلۆڤاسی لە پارێزگای کۆجائەلی لە باکووری رۆژئاوای تورکیا، شەش کرێکار گیانیان لەدەستدا و شەشی دیکەش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
ئاگرەکە نزیک سەعات 9ی بەیانی لە باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی لە گەڕەکی میمار سینان روویدا و بەهۆی سروشتی مادەکانەوە، بەخێرایی تەشەنەی سەند و دوکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی گرت.
دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی فریاکەوتن، ژمارەیەکی زۆر لە تیمی ئاگرکوژێنەوە، پۆلیس و ئەمبوڵانس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام دواتر ئاشکرابوو کە ژمارەیەک کرێکار لەناو باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە.
لێدوانی بەرپرسان و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە:
ئیلهامی ئاکتاش، پارێزگاری ناوچەکە، رایگەیاند کە ئاگرەکە کوژێنراوەتەوە و بەداخەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس و برینداربوونی شەشی دیکە.
لەلایەن خۆیەوە، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، رایگەیاند کە داواکاری گشتیی گەبزە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی دادوەریی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش جێگرێکی داواکاری گشتی و دوو داواکاری گشتیی دیکە لەگەڵ لیژنەیەکی پسپۆڕ راسپێردراون.
پرسیار لەسەر کەمتەرخەمی و مۆڵەت:
رووداوەکە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە و پرسیاری جددی لەبارەی چۆنیەتیی مۆڵەتدان بەو جۆرە کارگەیە لەناوچەیەکی نیشتەجێبوون و ئاستی رێکارەکانی سەلامەتی وروژاندووە.
چالاکوانان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە "قەزا و قەدەر" نییە، بەڵکو ئەنجامی زنجیرەیەک "کەمتەرخەمییە کە دەکرا رێگری لێبکرێت." هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە "مافی ژیان، سەرەکیترین مافە. نەمردن لەکاتی کارکردندا خۆشگوزەرانی نییە!"