دادگای ئەوروپا تانەیەكی توركیای بۆ مانەوەی دەمیرتاش لە زیندان رەتكردەوە، دەمیرتاشیش دەڵێت، بڕیارەكەی دادگای ئەوروپا بۆ 86 ملیۆن هاووڵاتی گرنگە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، تانەیەكی توركیای رەتكردەوە كە داوای پێداچوونەوەی بە بڕیاری ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشوتری "هەدەپە" كردبوو، دادگاكە جەختیشیكردووەتووە، بنەماكانی بڕیاری دەستگیركردنی دەمیرتاش كۆنكرێتی نەبووە و هیچ پەیوەندییەك لە نێوان روداوەكانی 2014 و تۆمەتەكان لە دژی دەمیرتاش نەبووە، دەستگیركردنەكەش دەستوەردانێكی سیاسی بووە.
سەڵاحەدین دەمیرتاشیش لە پەیامێكدا رایگەیاندووە، بڕیارەكەی دادگای ئەوروپا نەك تەنها بۆ ئەو، بەڵكو بۆ 86 ملیۆن هاووڵاتی توركیا گرنگە.
وتیشی، دەركردنی یاسای برایەتی لە هەموو بابەتێك بەنرخترە و دەبێت دەركردنی یاساكەش ببێتە هۆی بەهێزكردنی ئەو كارە كۆمەڵایەتی و ئابوری و یاساییانەی ئەنجام دەدرێن.
پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی"ش لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستگیركردنی دەمیرتاش بە هۆكاری سیاسی بەردەوامە و بە لەبەرچاوگرتنی چەندین بڕیاری دادگای ئەوروپاش، دەبێت دەستگیركراوانی دۆسیەی كۆبانێ ئازاد بكرێن.
ئیسرائیل جەختدەکاتەوە، هیچ هێزێکی تورکیا لە غەززە نابێت و رێگەیان پێنادرێت بەشداربن لەو هێزە نێودەوڵەتییە کە بڕیارە لە کەرتی غەززە جێگیربکرێت.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی کە بڕیارە لەنێوان چەند وڵاتێک پێکبهێنرێت و لە غەززە جێگیر بکرێت، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن تورکیا لەو هێزە بەشداربێت.
وتیشی، هیچ هێزێکی تورکی لە کەرتی غەززە بوونی نابێت و بە هەموو شێوەیەک رێگری لێدەکەن.
قسەکانی ناتانیاهۆ دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "تورکیا"ی نزیک لە حکومەت دێت، کە تێیدا جەختی لەوە کردبووەوە کە چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە، دانوستانەکان لەبارەی بەشداریکردنی هێزە تورکییەکان لە هێزە نێودەوڵەتییەکەی غەززە کۆتایی بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رایگەیاندبوو، بزووتنەوەی حەماس سورە لەسەر رێزگرتن لە رێککەوتن، لە بەرانبەردا، هەمووان دەبینن کە مامەڵەی ئیسرائیل لەم بارەیەوە زۆر خراپە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەم قۆناغەدا پێویستە هاوکاری مرۆیی زیاتر پێشکەش بە خەڵکی غەززە بکەن، پاشان دەست بە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە بکەن، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لەو کارە.
جێگەی ئاماژەیە، ئیسرائیل بە گومانەوە سەیری رۆڵی ئەنکەرە دەکات، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە چڕتر دەکاتەوە و هەوڵدەدات هەڵوێستی ئەمریکا کە پاڵپشتی ئیسرائیلە بگۆڕێت، بەتایبەتی لە سۆنگەی ئەو پەیوەندییەی ئەنکەرە بە سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماسەوە هەیەتی.
نەتانیاهۆ پشتیوانی لە یاسای لەسێدارەدانی دیلە فەلەستینییەکان دەکات و حەماسیش داوای جوڵەی نێودەوڵەتی دەکات
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژەیاسایەک دەربڕی کە رێگەخۆشکەرە بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دیلە فەلەستینییەکاندا. لە بەرامبەریشدا، بزوتنەوەی حەماس داوای هەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ راگرتنی ئەو پڕۆژەیاسایە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە کنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای لەسێدارەدانی دیل و راگیراوە فەلەستینییەکان بدات.
رۆژی دووشەممە، گاڵ هیرش، بەرپرسی حکومیی دۆسیەی بارمتەکان، لەبەردەم لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند کە ناتانیاهۆ "پشتیوانی لە یاساکە دەکات." گاڵ هیرش وتی: "هەڵوێستی سەرۆک وەزیران، کە پێش کۆبوونەوەکە قسەم لەگەڵدا کرد، پشتیوانیکردنی پڕۆژەیاساکەیە."
پێشتر گاڵ هیرش دژایەتیی خۆی بۆ پڕۆژەیاساکە راگەیاندبوو کاتێک هێشتا بارمتەی زیندوو لە کەرتی غەززە مابوون، بەڵام بە لیژنەکەی راگەیاند، "ئێستا کە هەموویان گەڕاونەتەوە، من کۆتایی بە دژایەتییەکەم دەهێنم."
لە لایەکی دیکەوە، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند: "تێڕوانینەکان گۆڕاون و هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە یاسای سزای لەسێدارەدان بۆ چەکدارەکان دەتوانێت ببێتە هۆی رێگری."
ئەو وەزیرە راستڕەوە توندڕەوە وتیشی: "ئەو ساتەی چەکدارێک کە تاوانی کوشتنی ئەنجامداوە، بزانێت رووبەڕووی یاسای سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە، هیچ گومان و دوودڵییەکی نامێنێت." بن گڤیر جەختی لەوەشکردەوە: "دەبێت ئەمە ئەرکێکی ناچاری بێت، نەک بەدەست دادگا بێت، تا هەر چەکدارێک بیەوێت کەسێک بکوژێت، بزانێت تەنها یەک سزا چاوەڕێی دەکات: لەسێدارەدان."
کاردانەوەی حەماس:
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەدا، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا داوای کرد:
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری دەم پارتی، رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە شێوازێکی جیاواز لە رابردوو بەڕێوەدەچێت و لە یەکەم دیداریاندا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بە روونیی دڵسۆزیی ئەویان بۆ ئاشتی بینیوە و باسیش لە رۆڵی سەکردەکانی ناو تورکیا و ئەردۆغانیش دەکات.
ئەحمەد تورک وتیشی: "ئەم پرۆسەیە، پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی گەلانە لەسەر بەها دیموکراتییە هاوبەشەکان" و جەختی لەوەشکردەوە کە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بنەمای یاسایی بەهێز بکرێت.
ئەحمەد تورک وتی: "فراکسیۆنێکی نەتەوەپەرست هەیە، دەبینین کە نیگەرانن لەوەی پرۆسەکە بەرەو ئاشتی بڕوات، ئەمەش لە رێگەی ئەو کەسانەوە بە روونی دەبینین کە دەیهێننە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان." ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن کە خۆی بە سۆسیال دیموکرات دەزانێت، رۆڵێکی چالاکتری هەبێت لە دابینکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا.
ئەحمەد تورک جەختیکردەوە: "پێویست ناکات ئەم پڕۆژەیە تەنها وەک دانانی چەکی پەکەکە ببینرێت، بەڵکو دەبێت وەک پڕۆژەیەکی گەورەتر سەیر بکرێت کە لە برایەتیی تورک و کورد زیاترە و رێگە بۆ دیموکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش دەکات." وتیشی، تورکیایەک کە کێشەی کوردی چارەسەر کردبێت، سوودێکی گەورە بە ناوچەکە دەگەیەنێت. "پێویستە وەک وێنە گەورەکە سەیری پرۆسەی چارەسەری بکرێت، بیروبۆچوونت هەرچییەک بێت، دەبێت هاوکار بیت لە پرۆسەی چارەسەریدا." ئەحمەد تورک ئەوەشی خستەڕوو کە هێشتا چینێکی نا-سیاسی لە تورکیادا دەڵێن "کورد بوونی نییە" و وتی: "ئاگایان لەوە نییە چی روویداوە، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم چینەش روونبکرێتەوە.
ئەحمەد تورک دووپاتیکردەوە کە کێشەی کورد کێشەیەکی سەد ساڵەیە و وتی: "کێشەیەکی لەم جۆرە تەنها سەرکردەیەک دەتوانێت چارەسەری بکات کە باڵادەستیی بەسەر هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا مسۆگەر کردبێت،" و لەم روانگەیەوە رایگەیاند کە ئەردۆغان لە پێگەیەکی بەهێزدایە. تورک بیریهێنایەوە کە لە رابردوودا دوو خول پەرلەمانتاری جەهەپە بووە و وتی: "راست نییە جەهەپە وەک یەک پاکێج هەڵبسەنگێنرێت. لەناو پارتەکەدا هاوڕێمان هەن کە پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن، بەڵام هەندێکیش هەن پێیانوایە لە ئەگەری سەرکەوتنیدا ئێمە بەرەو لایەنێکدا دەڕۆین، ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە. ئۆزگور ئۆزێل کەسێکە کە دەیەوێت پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت. من هەڵوێستی ئۆزگور ئۆزێل بە بنیاتنەرانە دەزانم."
ئەحمەد تورک، لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لەو تێکۆشانە کرد کە لە رابردووەوە تا ئێستا بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراتیانە ئەنجامیان داوە.
یفات تۆمەر یەروشالمی، داواکاری گشتیی سەربازیی ئیسرائیل کە هەفتەی رابردوو دەستی لەکارکێشایەوە، بەهۆی دزەپێکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە دەستگیرکرا کە تێیدا دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر دەستبەسەرکراوێکی فەلەستینی.
تۆمەر یەروشالمی تۆمەتبارە بەوەی کە رێگری لە لێکۆڵینەوەی پۆلیس کردووە لە دۆسیەی دزەپێکردنی ڤیدیۆکە، کە دەرکەوتووە خۆی لەپشت بڵاوکردنەوەیەوە بووە. لە کاتی دەستلەکارکێشانەوەیدا، بەرپرسیارێتیی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی لەئەستۆگرت و رایگەیاند، ویستویەتی "روبەڕووی پروپاگەندەی چەواشەکارانە ببێتەوە کە دژی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسای سەربازی دەکرێت."
بەڵام دواتر دەرکەوت کە ناوبراو نەک هەر خۆی ڤیدیۆکەی دزەپێکردووە، بەڵکو جێگرەکەی خۆی راسپاردووە بۆ "لێکۆڵینەوە" لە رووداوەکە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش بەو شێوەیە دەرچووە کە "هیچ رێگەیەک نییە" بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنەکە.
گرتە ڤیدیۆییەکە کە لەلایەن کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، تێیدا دەردەکەوێت ژمارەیەک سەرباز لە بنکەی سەربازیی "سدی تێمان" لە باشوری ئیسرائیل، هێرش دەکەنە سەر چەکدارێکی بزووتنەوەی حەماس کە دەستبەسەرە. بەپێی زانیارییەکان، لێدانەکە بە تەواوی روون نییە، چونکە سەربازەکان بە قەڵغانەکانیان دیوارێکیان لە دەوری دەستبەسەرکراوەکە دروستکردووە. دواتر ئەو دەستبەسەرکراوە فەلەستینییە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئاشکرابوونی ئەم پیلانگێڕییە دوای پشکنینی ئاسایی "پۆلیگراف" (درۆدۆزەرەوە) هات بۆ وتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتی، کە دانی بە هەموو شتێکدا ناوە. هەروەها دەرکەوتووە کە گروپێکی نهێنیی واتسئاپ هەبووە کە لانیکەم نۆ ئەفسەری دیکەی هەمان نووسینگە تێیدا ئەندام بوون و ئاگاداری دزەپێکردنەکە و شاردنەوەی راستییەکان بوون، بەڵام بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
لەسەر رووداوەکە، پێنج سەربازی یەدەگ تۆمەتبارکراون، لە کاتێکدا پارێزەرەکانیان ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە گوایە دەستدرێژیی سێکسیش کرابێتە سەر دەستبەسەرکراوەکە.
لەلایەن خۆیەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی سەرکۆنە کرد و بە "مەترسیدارترین هێرشی پروپاگەندە" ناویبرد کە ئیسرائیل لە دامەزراندنییەوە رووبەڕووی بووبێتەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەوبارەیەوە دەکرێت.
لایەنگرانی چاکسازیی دادوەری لە حکومەتی ئیسرائیلدا، ئەم دۆسیەیە وەک روونترین نموونە بۆ بوونی "دەوڵەتی قوڵ" لەناو دامەزراوەکانی ئیسرائیلدا بەکاردەهێنن.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە بە پێوەری رێختەر شاری مەزاری شەریفی لە باکوری ئەفغانستان هەژاند، بەهۆیەوە لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 300 کەسی دیکە برینداربوون.
دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا رایگەیاند، چەقی بومەلەرزەکە لە قوڵایی 28 کیلۆمەتردا بووە لە نزیک شاری مەزاری شەریف. لە ئامارێکی سەرەتاییدا، وتەبێژی تەندروستی هەرێمی سەمەنگان رایگەیاندبوو کە 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 150ی دیکە برینداربوون، بەڵام دواتر دەسەڵاتە خۆجێیەکان ئامارەکەیان بۆ لانیکەم 20 کوژراو و 320 بریندار بەرزکردەوە.
دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا "ئاگادارکردنەوەی پرتەقاڵی" دەرکردووە، کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری "روودانی زیانی گیانیی گەورە و کارەساتێکی بەرفراوان." دەستەکە راشیگەیاندووە، ئەو رووداوانەی پێشتر گەیشتوونەتە ئەم ئاستەی ئاگادارکردنەوە، پێویستیان بە بەدەنگەوەچوونی نیشتمانی و هەرێمی هەبووە.
حاجی زەید، وتەبێژی هەرێمی بەلخ رایگەیاند، بومەلەرزەکە زیانی بە بەشێک لە مەزارگەی پیرۆزی شاری مەزاری شەریف گەیاندووە، کە بە مزگەوتی شین ناسراوە. هاوکات، دەستەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ئەفغانستان رایگەیاندووە کە دواتر راپۆرتی ورد لەبارەی زیانەکانەوە بڵاودەکەنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی هەوڵەکانی رزگارکردنی ئەو کەسانە بڵاوکراوەتەوە کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە روخاوەکاندا گیریان خواردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بومەلەرزەی تێدا روودەدات. لە ساڵی 2023 بومەلەرزەیەک گیانی لانیکەم هەزار کەسی سەند، هەروەها لە ساڵی 2015 بومەلەرزەیەکی دیکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس لە ئەفغانستان و پاکستانی دراوسێ.
بەهۆی تەقینەوەیەكی بەهێزەوە لە دەوروبەری حەسەكە، هاووڵاتیەك كوژراو سێ هاووڵاتی دیكە برینداربوون.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، تەقینەوەكە لە نزیك سایلۆی عامر لە ناوچەی تەل براك لە نێوان قامیشلۆ و حەسەكە روویداوە.
وتیشی، هۆكاری تەقینەوەكە، پاشماوەی مین و تەقەمەنی رژێمی پێشوی سوریا بووە كە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆوە تەقێنراوەتەوە، بەڵام لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە دوای روخانی رژێمی پێشوەوە، مین و پاشماوەكانی جەنگ، بووەتە هەڕەشەیەكی بەردەوامی هاووڵاتیانی سوری، بەجۆرێك لە 8ـی كانونی یەكەمی رابردوەوە تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، زیاتر لە 900 كەس بەهۆی مینەوە كوژراون، پێشبینی ئەوەش دەكرێت، لە سەرتاسەری وڵاتەكەدا نزیكەی 300 هەزار پاشماوەی مین و تەقەمەنی هەبێت.
ئێران ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لە بارەی بەرنامە ئەتۆمی وڵاتەکەی دەردەبڕێت، بەڵام مەرجی پێشوەختە رەتدەکاتەوە.
عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئهنجومهنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئەوان ناڵێن دانوستان ناکەن بەڵکو دەبێت زانیارییان لەسەر شێوازی دانوستانەکان هەبێت، هەروەها دەبێت دانوستانەکان راستەقینە بن.
وتیشی، نابێت وڵاتەکەی مەرجی پێشوەختەی بەسەردا بسەپێندرێت، جەختیشدەکاتەوە تاران هەرگیز دانوستانی رەتنەکردوەتەوە.
لاریجانی ئاشکرایکرد، رێگەی دروست بۆ گۆڕینی دیدی ئەوانی تر، بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانییە، هەروەها لە رێگەی چاکسازییەکی ئابورییەوە سەقامگیری بۆ ژیانی خەڵک دەگەڕێنێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، لاریجانی هەفتەی رابردوو ئاشکرایکرد، دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی ئەوروپا (فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا) و هەروەها ئەمریکا، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا شکستی هێناوە، بەهۆی مەرجێکی پێشوەختە سەبارەت بە کەمکردنەوەی مەودای موشەکەکانی ئێران.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو ناوچانەی لە غەززە کۆنتڕۆڵی دەکەن، گروپی حەماسی تێدایە و هەوڵ دەدەن بە تەواوەتی لەناویان بەرن، جەختیشیکردەوە جارێکی دیکە رێگەنادەن لوبنان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئیسرائیل
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ کابینەی حکومەتەکەی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند؛ لەو ناوچانەی غەززە کە کۆنتڕۆڵیان کردوە، هێشتا گروپی حەماسی تێدایە، ئەوانیش لەئێستدا لەهەوڵی لە ناوبردنی حەماسدان.
ناوبراو وتوشیەتی؛ حەماس گورزی کوشندەی بەرکەوتووە و ئێستا تەنها "سێبەرێکە" لەچاو پێشوتردا، ، بەڵام هەوڵی بەهێزبونەوە دەدەن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردوە ئەزانن حزبوڵای لوبنانیش بە هەمانشێوە هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و بەهێزبونەوە دەدات، بەڵام ئەوان دەزانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەنو جارێکی دیکە رێگەنادەن لوبنان ببێتە بەرەیەکی نوێ لەدژی ئەوان.
ناتانیاهۆ هەڕەشەی لە حوسییەکانیش کردوە و جەختیکردوەتەوە، ئەوان هەڕەشەیەکی جدی و مەترسیدارن، هەرچی پێویست بێت بۆ نەهێشتنیان ئەنجامی دەدەن.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سوریا، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، سوریا رەتیدەکاتەوە ببێتە سەنتەرێکی جەمسەرگیری و هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای هاریکاری و کرانەوە پتەو بکات.
شەیبانی لە وتارێکدا لە کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە 2025 روونیکردەوە، یاسا بنەمای کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریایە و جەختی لە پابەندبوونی حکومەتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی دادپەروەری، ئەمەش سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە سەختانەی رووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە و ونبوونی زیاتر لە 250 هەزار کەس لە سەردەمی رژێمی پێشوودا.
وەزیری دەرەوەی سوریا ئاشکراشیکرد، بڕیارە ئەحمەد شەرع لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا سەردانی کۆشکی سپی بکات و جەختی کردەوە، دۆسیەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا و پرسی هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ ئەمریکا، تەوری سەرەکیی گفتوگۆکان دەبن لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا.
شەیبانی جەختی کردەوە، دیمەشق بە دیپلۆماسی مامەڵە لەگەڵ جموجۆڵە وروژێنەرەکانی ئیسرائیل دەکات و سوورە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەبێ ئەوەی بەرەو ئاڵۆزی یان روبەڕوبوونەوە هەنگاو بنێت.
ناوبراو وتیشی: "دەمانەوێت هاوبەشییەکی زۆر بەهێزمان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت، هەوڵدەدەین بە دیپلۆماسی مامەڵە لەگەڵ گێچەڵەکانی ئیسرائیل بکەین، ئێمە بەرەو ئیسرائیل ناچین، بەڵکو هەوڵدەدەین شەڕی ئەوان لە خۆمان دووربخەینەوە."
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی "بە هێزێکی زیاترەوە" دامەزراوە ئەتۆمییەکانی خۆی ئاوەدان دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دەستپێکردنەوەش زانیارییەکان لە مێشکی زاناکانیاندا ئامادەن، وێرانبونی بنکە ئەتۆمیی و باڵەخانەکان خاویان ناکەنەوە و کێشە بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دروست ناکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسعود پزیشکیان سەردانی بارەگای رێکخراوی وزەی ئەتۆمی لە تاران کرد و جەختیکردەوە لەوەی ئەوان بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەکرد، راستە شوێن و باڵەخانەکان وێرانکراون، بەڵام زانست و زانیارییەکان لە مێشکی زاناکانیاندایە و فراوانکردنی پیشەسازی ئەتۆمی ئامانجی خزمەتکردنی گەلەکەیانە بە مەبەستی باشترکردنی خۆشگوزەرانی نیشتمانییە نەک بۆ بەرهەمهێنانی چەک.
ئەم قسانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، پێش ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە بنکەی ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومان بکرێت، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندبوو کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران گەیشتووەتە ٪60 بەمەش ئێران لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە.
حەماس رایدەگەیەنێت، تۆمەتەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی رەوایەتیدانە بە کەمکردنەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان کە لە ئێستاوە سنوردار کراون بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە .
دوای ئەوەی دوێنی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد؛ چەکدارەکانی حەماس دەست بە سەر بارهەڵگرێکدا دەگرن، کەهاوکاری تێدا بووە ئەمڕۆ حەماس لە راگەیەندراوێکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی حەماسدا هاتووە؛ بە توندی ئیدانەی تۆمەتەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەکەن سەبارەت بە تاڵانکردنی بارهەڵگرێکی یارمەتی و دووپاتی دەکەنەوە کە ئەمانە بانگەشەی بێ بنەمان.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ تۆمەتەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی رەوایەتیدانن بە کەمکردنەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان کە لە ئێستاوە سنووردار کراون بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە.
جەختیشیانکردوەتەوە؛ ئەو دیمەنەی کە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا قسەکانی لەسەر بنیات ناوە، هەڵبەستراوە و داڕێژراوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتەکانی گەمارۆدان و کەمکردنەوەی پشتیوانی.
ئەمە لە کاتێكدایە، دوێنێ فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆمارکرابوو و لەسەریان نوسی بوو، ژمارەیەک چەکداری حەماس دەست بەسەر بارهەڵگرێدادەگرن کە پڕە لە هاوکاری و بۆ خەڵکی غەززە نێردراوە.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ پێویستە حەماس چەکدابنێت و لە ئێستادا بونەتە بەربەست و ناهێڵنن هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە دەست خەڵکی غەززە.
ئەمڕۆ شەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پلاتفۆڕمی ئێکس، گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت چەکدارەکانی حەماس، بارهەڵگرێک دەبەن بۆ خۆیان و دەستیبەسەردا دەگرن لەو بارهەڵگرانەی وەک هاوکاریی هاتونەتە خان یونس.
وەزیرەکەی ئەمریکا لەسەر گرتە ڤیدیۆییەکە نوسیویەتی؛ "حەماس بەردەوامە لەوەی نەهێڵێت ئەو هاوکارییە مرۆییانەی خەڵکی غەززە، کە زۆر پێویستیان پێیەتی بگاتە دەستیان."
ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بردنی ئەم بارهەڵگرە لەلایەن حەماسەوە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان تێکدەدات بۆ پشتیوانیکردن لە پلانە 20 خاڵییەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان لە غەززە.
ناوبراو جەختیشیکردوەتەوە لەوەی لە ئێستادا حەماس بەربەستە و دەبێت چەکی خۆی دابنێت بۆ ئەوەی غەززە داهاتوویەکی باشتری هەبێت.
ئوردن و ئەڵمانیا رۆژی شەممە رایانگەیاند کە هەر هێزێکی نێودەوڵەتی کە بڕیارە لە کەرتی غەززە بڵاوەپێبکرێت، دەبێت رێگەپێدانی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەبێت.
ئەم هێزە بەشێکە لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا، کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردوو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. پلانی 20 خاڵییەکەی ترەمپ، لە قۆناغێکی دواتردا، داوای پێکهێنانی "هێزێکی کاتیی سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی دەستبەجێ" لە غەززە. ئەرکی ئەم هێزە "دابینکردنی راهێنان و پشتیوانی دەبێت بۆ هێزێکی پۆلیسی فەڵەستینیی پەسەندکراو" لە کەرتی غەززە.
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە میانی کۆڕبەندی "دیالۆگی مەنامە" لە پایتەختی بەحرەین، رایگەیاند: "هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە بۆ ئەوەی هێزی سەقامگیری بتوانێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا کاریگەر بێت، دەبێت رێگەپێدانی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەبێت".
سەفەدی جەختیشی کردەوە کە ئوردن سەربازەکانی نانێرێت بۆ بەشداریکردن لەم هێزەدا. شایەنی باسە، عەممان بەشداری لەو ناوەندەدا دەکات کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لە باشوری ئیسرائیل دامەزراوە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست.
لەلایەن خۆیەوە، یۆهان ڤادیفول، هاوتا ئەڵمانییەکەی سەفەدی، پشتیوانیی بەرلینی بۆ پێدانی رێگەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هێزە نێودەوڵەتییەکە لە غەززە، دەربڕی. ڤادیفول رایگەیاند کە هێزەکە "پێویستی بە بنەمایەکی یاسایی رون دەبێت لە یاسای نێودەوڵەتیدا" و دانی بەوەدانا کە ئەمە "گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەو وڵاتانەی کە رەنگە ئامادەبن هێزەکانیان بنێرن بۆ غەززە، هەروەها بۆ فەڵەستینییەکانیش. ئەڵمانیاش دەیەوێت رێگەپێدانێکی رون بۆ ئەم هێزە ببینێت".
پێشتریش، گروپە فەڵەستینییەکان بە سەرۆکایەتیی بزوتنەوەکانی فەتح و حەماس، لە کۆبوونەوەیەکدا لە قاهیرە لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا، جەختیان لە "گرنگیی دەرکردنی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبووەوە سەبارەت بەو هێزە کاتییەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست".
سەید عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڕەشەکانی ئیسرائیل خستەڕوو و رایگەیاند، ماددە ئەتۆمییەکان هێشتا لەژێر داروپەردووی دامەزراوە بۆردومانکراوەکاندان و وتیشی؛ ناتوانین پیتاندن رابگرین.
لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیلدا، عراقچی جەختی کردەوە: "ئێمە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین و پێشبینیی هەر رەفتارێکی دوژمنکارانە لەلایەن دوژمنانەوە دەکەین". ناوبراو وتیشی؛ کە ئیسرائیل بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریکا نەیدەتوانی هێرش بکاتە سەر ئێران و وتی: "ناتانیاهۆ تاوانباری جەنگە و سەلماندی کە ئیسرائیل دوژمنی راستەقینەی ناوچەکەیە".
سەبارەت بە دانوستانەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆ نیشاندا بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان و دڵنیاییدا لە ئاشتیانەبوونی. ئەو وتی: "دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە ئارادایە، بەڵام واشنتن مەرجی قبوڵنەکراوی خستووەتەڕوو".
عراقچی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هەرگیز دانوستان لەسەر بەرنامە موشەکییەکەی ناکات و هیچ کەسێکی ژیر چەککردنی خۆی قبوڵ ناکات. ناوبراو وتیشی: "ناتوانین پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرین و ئەوەی بە جەنگ بەدەست نەهاتووە، ناتوانرێت بە سیاسەت ببەخشرێت".
عراقچی ئاماژەی بەوەشکرد کە خواستیان بۆ دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن نییە، بەڵام دەتوانن لە رێگەی دانوستانی ناراستەوخۆوە بگەنە رێککەوتن.
سەبارەت بە دۆخی ماددە پیتێنراوەکانی ئێران، وەزیری دەرەوە وتی: "ماددە ئەتۆمییەکان هێشتا لەژێر داروپەردووی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆردومانکراوەکاندا ماونەتەوە و بۆ هیچ شوێنێکی تر نەگواستراونەتەوە".
لە کۆتاییدا،عراقچی هەڵوێستی ئێرانی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا دووپاتکردەوە و وتی: "ئێمە پشتگیریی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەین و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە شەرمەزار دەکەین".

لە یادی رۆژی جیهانیی هاوسۆزی بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای یادکردنەوەی قوربانیدانی شەڕڤانان و خەڵکی شارەکە، جەختی لە گرنگیی هاوپەیمانیی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی کردەوە لە تێکشکاندنی داعشدا.
مەزڵوم کۆبانێ لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "لە رۆژی جیهانیی هاوسۆزی بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ دژی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش، قوربانیدانە گەورەکانی شەڕڤانان و گەلەکەمان بەبیردێنینەوە لەپێناو بەرگریکردن لە شارەکەیان و مرۆڤایەتی بەگشتی."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بە رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد لەو شەڕەدا و وتی: "ئەو هاوسۆزییە جیهانییە و پشتیوانییەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانمان لەو شەڕەدا، هەروەها هەڵوێستی هەموو ئەوانەی لەو رۆژە سەختانەدا لەگەڵمان وەستان، بوونە هێمای یەکگرتوویی مرۆڤایەتی لە روبەروبوونەوەی تاریکی و توندڕەویدا."
کۆبانێ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پشتیوانییە بووە هۆی تێکشکاندنی داعش و وتی: "ئەو هاوپەیمانێتییە وایکرد توانای تێکشکاندنی رێکخراوەکەمان هەبێت لە شارەکەماندا و لەوێوە دەستپێبکەین بۆ کۆتاییهێنان بە خەلافەتە بەناوەکەیان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو سورییەکان."
رۆژی١ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک وەک "رۆژی جیهانیی کۆبانێ" دیاریکراوە. ئەمەش وەک رێزگرتنێک لە خۆڕاگریی مێژوویی خەڵک و شەڕڤانانی شارەکە کە لە ساڵی 2014دا، دوای134 رۆژ بەرخۆدانی قارەمانانە، توانیان هێرشی چەکدارانی داعش تێکبشکێنن و شارەکە ئازاد بکەن.