پۆلیسی هاتووچۆی سعودیە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، پاسێکی گواستنەوەی عومرەکاران لەگەڵ بارهەڵگرێکی سوتەمەنیدا لە نزیک شاری مەدینە پێکیدا داوە. هاوکات، پۆلیسی هیندستان گیانلەدەستدانی 45 هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە رووداوەکەدا پشتڕاستکردەوە.
پۆلیسی هیندستان رایگەیاند، پاسەکە عومرەکاری هیندی هەڵگرتبوو کە لە رووداوێکی دڵتەزێندا 45 سەرنشینی گیانیان لەدەستداوە.
ڤی. سی. ساگانار، کۆمسیاری گشتیی پۆلیسی حەیدەر ئاباد—کە زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی ئەو شارەن— رایگەیاند: "رووداوی پاسە دڵتەزێنەکەی عەمرەکارە هیندییەکان لە سعودیە زۆر ئازاربەخشە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 46 کەس لەناو پاسەکەدا بوون و بەداخەوە تەنها یەک کەس رزگاری بووە."
ناریندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی قوربانیان کرد و دووپاتیکردەوە کە باڵیۆزخانەی هیندستان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە.
مۆدی لەسەر تۆڕی "ئێکس" نوسیویەتی: "زۆر دڵگرانم بەو رووداوەی لە مەدینە روویدا و هاووڵاتیانی هیندیی تێدا بوونە قوربانی. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی ئەو خێزانانە دەکەم کە ئازیزانیان لەدەستداوە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم. باڵیۆزخانەکەمان لە ریاز و کونسوڵخانەکەمان لە جەدە هەموو هاوکارییەکی پێویست پێشکەش دەکەن."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بوونی تورکیا لە سوریا "تەواو ئاساییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا لە روانگەیەکی تەسکی بەرژەوەندی خۆیەوە مامەڵە ناکات، بەڵکو لە روانگەی مێژووی ستراتیژیەوە مامەڵە دەکات.
هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵەکانی وڵاتەکەی رایگەیاندوە ، "تورکیا لە روانگەیەکی تەسکی بەرژەوەندی خۆیە مامەڵە ناکات، بەڵکو لە روانگەی مێژووی ستراتیجی خۆی و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکەدا مامەڵە دەکات، بونی سوپای وڵآتەکەشی لە سوریادا بە مەبەستی سەقامگیریە لە ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پەیوەندیان لەگەڵ واشنتۆن بەردەوامە سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سوریادا و جەختیکردوەتەوە لە پێویستی کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە داگیرکارییەک کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا بکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراون بەهۆی دەستوەردانی ئیسرائیل لە باشووری سوریادا و وەزیرەکەی تورکیا راشیگەیاندوە؛ ئامانجی تورکیا رێزگرتنە لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری سوریا.
پێشتریش فیدان رایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکەن دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی هەسەدەو حکومەتی کاتی سوریا بگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، حەماس کار لەسەر گواستنەوەی چەکەکانی دەکات بۆ ئەو وڵاتانی پاڵپشتی دەکەن بە نهێنی، بە ئامانجی گواستنەوەی بە قاچاخ بۆ شوێنە ستراتیژییەکان، دەستەکە ئەوەشی خستوەتەروو، ئەم کارەی حەماس ئامادەکارییە بۆ ئەگەری ناچارکردنیان بە چەک دانان.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە؛ بزووتنەوەی حەماس ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری ناچارکردنی بە رادەستکردنی چەکەکانی و ماوەی دوو هەفتەیە چەکەکان دەگوازێتەوە بۆ وڵاتانی پاڵپشت، بە ئامانجی گواستنەوە و بە قاچاخبردنی بۆ شوێنە ستراتیژییە جیاوازەکان و بەکارهێنانەوە لەکاتی پێویستدا.
دەستەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو لە کاتێکدا قۆناغەکانی داهاتووی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ چەکداماڵینی حەماس لەخۆدەگرێت، بەڵام بزوتنەوەکە لە چەند هەفتەیەکە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی چەک لە ئەفریقا و یەمەن و وڵاتانی دیکەی پشتگیریی حەماس.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە؛ ئەم هەوڵەی حەماس لە کاتێکدایە کە هەموو لایەنەکان باس لە چەکداماڵینی حەماس دەکەن و ئەم کۆکردنەوەش بەڵگەی زیاترە لەسەر ئەوەی حەماس مەبەستی راستەقینەی درێژەدانە بە پلانە درێژخایەنەکانی.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: لە دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، لە ئێستادا یۆرانیۆم لە ئێران ناپیتێندرێت.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، لە ئێستادا هی پیتاندنێکی ناوەکی لە وڵاتەکەیدا نییە و هەموو دامەزراوەکانیان لە ژێر چاودێری و گەرەنتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدان.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆچوونی ئێران سەبارەت بە دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکان هێشتا روونە و پێویستە مافەکانیان پارێزراوبێت.
عراقچی وتیشی، لەو کاتەوەی کە هێرشکراوەتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان تائێستا هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم لە ئێراندا بوونی نەبووە.
ئاشکراشیکرد،ئێران دەبێت مافی پارێزراو بێت لە پیتاندن و بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی لە بواری ئاشتی و تەکنەلۆژیادا، دەشڵێت؛ ئەو مافەش بۆ وڵاتەکەی مافێکی رەوایە و دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا دانی پێدابنێن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: حەماس دەبێت چەک بکرێت جەختیشدەکاتەوە ئەوە قسەی کۆتایی ئەو و دۆناڵد ترەمپە.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی حکومەتەکەیدا رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک دژی دامەزراندنی دەوڵەتن بۆ فەلەستین لە هەر ناوچەیەکی رۆژئاوای ئوردن بێت، هەروەها بۆچونی ئەوان سەبارەت بەو پرسە نەگۆڕە.
وتیشی، ئەو و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا قسەی کۆتاییان ئەوەیە کە حەماس چەک بکرێت بەهەر رێگەیەک بێت، تەنانەت ئەگەر بەرێگەیەکی ئاسان بێت یاخود سەخت.
ناتانیاهۆ راشیگەیاند، پێویستی بە ئامۆژگاری و رێپشاندەری هیچ کەس نییە، ئەوەی بیەوێت جێبەجێ دەکات لە پێناو ئاسایشی وڵاتەکەی.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار لە رەشنوسێکدا ئاماژە بە دەوڵەتێکی فەلەستینی دراوە، کە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە، سەبارەت بە هێزێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بڕیارە لە کەرتی غەززە جێگیر بکرێت.
لە رەشنووسەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دوای جێبەجێکردنی پڕۆگرامی چاکسازیی دەسەڵاتی فەلەستینی، هەروەها پێشکەوتنی دووبارە پەرەپێدانی غەززە، رەنگە بارودۆخەکان لە کۆتاییدا ئامادە ببن بۆ رێڕەوێکی متمانەپێکراو بەرەو دیاریکردنی چارەنووسی فەلەستینی و دامەزراندنی دەوڵەت.
جێگەی ئاماژەیە، ئەمە هەمان دەستەواژەی بەکارهاتوو لە پلانی غەززەدا کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە ناوی دەوڵەتی فەلەستینی لە دەقی بڕیارە سەرەکییەکەدا باس دەکرێت نەک لە پاشکۆکەیدا.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی 25ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئامارەکان داتایەکی ترسناک لەبارەی دۆخی ژنان لە تورکیا لە ماوەی 23 ساڵی رابردووی دەسەڵاتدارێتیی ئاکپارتیدا ئاشکرا دەکەن. بەپێی ئامارە کۆکراوەکان، لەم ماوەیەدا لانیکەم 8 هەزار و 381ژن کوژراون و هەزار و 381 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
ئاکپارتی کە لە ساڵی 2002 بە دروشمی "لێبووردن بۆ توندوتیژی نییە" هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام بەپێی رێکخراوەکانی ژنان، سیاسەتەکانی حکومەت لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا نەک هەر توندوتیژیی کەمنەکردووەتەوە، بەڵکو کوشتنی ژنانی گەیاندووەتە ئاستی "ژنکوژیی سیستماتیک".
ئاکپارتی ساڵی 2025ی وەک "ساڵی خێزان" راگەیاندبوو، بەڵام بەپێی ئامارەکان، تەنها لە10مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم 231 ژن بەهۆی توندوتیژیی پیاوانەوە کوژراون و 245 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە بودجەی ساڵی 2026دا، بودجەی تەرخانکراو بۆ "پاراستن و بەهێزکردنی خێزان" (21.8 ملیار لیرە) نزیکەی سێ هێندەی ئەو بودجەیەیە کە بۆ "بەهێزکردنی ژنان" (7.9 ملیار لیرە) تەرخانکراوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە پشتگوێخستنی پرسی ژنان لە سیاسەتی حکومەتدا لێکدەدرێتەوە.
لە ساڵی 2021دا، تورکیا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە "پەیمانی ئەستەنبوڵ" کشایەوە، کە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. رێکخراوەکانی ژنان ئەم هەنگاوەیان بە "راگەیاندنی رەسمی سیاسەتی دژایەتیکردنی ژنان" ناوبرد. ئامارەکان دەریدەخەن کە دوای کشانەوە لە پەیماننامەکە، رێژەی توندوتیژییەکان زیادیکردووە و میکانیزمەکانی پاراستنی ژنان لاوازتر بوون.
ئایشە میناز، ئەندامی پلاتفۆرمی ژنانی وان، رەخنە لە سیستمی دادوەریی تورکیا دەگرێت و دەڵێت: "کاتێک ژنێک دەکوژرێت، بکوژەکە لەبەردەم دادگا جلوبەرگی رێک لەبەردەکات و دەڵێت 'خۆشم دەویست' یان 'توڕەی کردم' و لە کۆتاییدا بە بیانووی 'رەفتاری باش' سزاکەی کەم دەکرێتەوە."
میناز جەختدەکاتەوە کە تاوانەکانی دژی ژنان دەبێت وەک "تاوانی سیاسی" و "تاوانی بەئەنقەست" مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و سزای توندیان بۆ دیاری بکرێت، نەک بە سیاسەتی بێسزایی، بکوژان هان بدرێن.
چاودێران ئەم پرسە بە دەسەڵاتی ئاکپارتیەوە دەبەستنەوە و دەڵێن؛ لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی ئاکپارتیدا، دۆسیەی چەندین ژنی وەک گولستان دۆکوی خوێندکاری زانکۆ و رۆژین کابائیش تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە و بکوژەکانیان دەستگیر نەکراون، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی بەردەوامی چالاکوانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە رەسمی لیستی ناوی ئەو هاووڵاتییانەی بڵاوکردەوە کە لە تیروپشکیدا بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 دەرچوون.
بەپێی راگەیاندنێکی وەزارەتەکە، ئەو کەسانەی پێشتر ناویان تۆمارکردبوو، دەتوانن لەرێگەی لینکێکی تایبەتەوە بەدوای ناوەکانیاندا بگەڕێن و دڵنیاببنەوە لە دەرچوونیان.
بۆ بینینی ناوەکان، سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
کاتز وتیشی: "غەززە تا دواین تونێل لە چەک دادەماڵرێت، حەماس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە چەک دەکرێت و لە کەرتی غەززەی کۆندا لەلایەن هێزێکی نێودەوڵەتییەوە - یان دیسانەوە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە - چەک دەکرێتەوە."
ئەم لێدوانەی کاتز لە کاتێکدایە کە بۆ یەکەمجار، ئاماژە بە دەوڵەتی فەلەستینی کرا لە رەشنووسی بڕیارێکی پێشکەشکراو بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە تایبەتە بەو هێزە ئەمنییە نێودەوڵەتییەی بڕیارە لە کەرتی غەززە بڵاوبکرێتەوە.
لە رەشنووسەکەدا هاتووە، "دوای جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیی دەسەڵاتی فەلەستینی و بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا، رەنگە لە کۆتاییدا هەلومەرج بۆ رێڕەوێکی باوەڕپێکراو بەرەو مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بڕەخسێت."
هەروەها لە بەندێکی نوێی رەشنووسەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان گفتوگۆیەک لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا دەستپێدەکات بۆ رێککەوتن لەسەر ئاسۆیەکی سیاسی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گەشەسەندوو."
جێی باسە، ئەمە هەمان ئەو داڕشتنەوەیەیە کە لە پلانی غەززەدا بە پشتیوانیی ئەمریکا بەکارهاتووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ناوی "دەوڵەتی فەلەستینی" لە دەقی سەرەکیی بڕیارەکەدا بهێنرێت، نەک لە پاشکۆکەیدا.
مردنی تراژیدیی خێزانی "بۆجەک" کە بۆ پشوو لە ئەڵمانیاوە هاتبوونە ئەستەنبوڵ، تورکیای هەژاندووە. دوای ئەوەی سەرەتا گومان دەکرا رووداوەکە بەهۆی ژەهراویبوونی خۆراکەوە بێت، بەڵام بەهۆی دەرنەچوونی ئەنجامی یەکلاکەرەوە لە پشکنینەکاندا، داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ دۆسیەکەی وەک "مردنی گوماناوی" و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری "دەستێوەردانی دەرەکی" دەستیپێکردووە.
چیرۆکی کارەساتەکە:
خێزانی بۆجەک، دوای خواردنی چەند جۆرێکی خۆراکی وەک "تەنتونی، کوکمیدیا، کۆکۆرێچ و سوجوک" )چەند خواردنێکی تورکین) لە ناوچەی ئۆرتاکۆی، باری تەندروستییان تێکدەچێت و دەگەیەنرێنە نەخۆشخانە. لەوێ، کادیر محەمەدی 6 ساڵان و مەسالی 3 ساڵان گیان لەدەستدەدەن. چەند رۆژێک دواتریش، دایکیان، چیغدەم بۆجەک، گیان لەدەستدەدات. باوکی خێزانەکە، سێرڤێت بۆجەک، لەژێر چاودێریی چڕدایە و بەپێی زانیارییەکان سێ جار دڵی لە لێدان کەوتووە و مەترسی لەسەر ژیانی بەردەوامە.
گۆڕانی رێڕەوی لێکۆڵینەوە
تیمەکانی پزیشکی داد و وەزارەتی کشتوکاڵ، نمونەیان لەو خواردنانە وەرگرت کە خێزانەکە خواردبوویان، بەڵام لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نەدۆزرایەوە کە ببێتە هۆی ژەهراویبوون. ئەمەش وایکرد رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان بگۆڕدرێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "سەباح"ی نزیک لە حکومەت، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی روون، داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەستەنبوڵ بڕیاریدا دۆسیەکە لە چوارچێوەی "مردنی گوماناوی"دا لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و فەرمانی بە بەشی کوشتنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەیرەتتەپە کردووە کە کاری لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکیش بکەن.
لە راپۆرتی توێکاریی دایک و دوو منداڵەکەدا، ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر ئەژنۆکان، خوێنبەربوون لە دیواری گەدە و هەندێک ناوچەی دیکەدا دەرکەوتووە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی مردنەکە بە دیاریکراوی دەستنیشان نەکراوە.
مستەفا چەلیک، باپیری منداڵەکان، کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان چووبووە پزیشکی داد، بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە داوای لە بەرپرسان کرد و وتی: "بۆ پشوویەکی هەفتەیەک هاتبوون، هەر سێکمان لەدەستدا. داواکارم واز لەم کەیسە نەهێنرێت، با جگەری کەسی دیکە نەسوتێت."
دۆناڵد بۆس، نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ سودان، جەختیکردەوە کە سەرکەوتنی بژاردەی سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سودان مەحاڵە و رایگەیاند، تەنها "گروپی چواری" دەتوانن فشار لەسەر لایەنە ناکۆکەکان دروست بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.
بۆس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "سکای نیوز عەرەبییە" وتی: "ئەوەی لە سودان روویداوە و روودەدات کارەساتە بۆ گەلی سودان. هیچ چارەسەرێکی سەربازی لە سودان بوونی نییە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "مێژووی سودان سەلماندوویەتی کە مەحاڵە هێزە چەکدارەکان بتوانن سەرکەوتن بەسەر هێزەکانی بەرەی دژدا بسەپێنن."
نێردە پێشووەکەی ئەمریکا جەختیکردەوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ وڵاتانی گروپی چوار کاردەکات بۆ هێنانەدیی ئاشتی لە سودان و دەستپێکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و دەستپێکردنی رێڕەوێکی سیاسی."
وتیشی: "کۆتاییهاتنی شەڕ کاتێک دێتەدی کە حکومەتێک لە سودان هەبێت رەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی گەلی سودان بێت و رۆڵیان تێیدا هەبێت."
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتەکەی محەمەد حەمدان دۆقلۆ (حەمیدتی) پێشوازیی لە سەردانی لیژنەی راستیی دۆزینەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی کرد و رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە رووداوەکانی شاری فاشر، لەسەر بنەمای زانیاریی "چەواشەکارانە"ن.
لە راگەیاندنێکدا، حکومەتەکەی دۆقلۆ ئاماژەی بەوەداوە کە هەموو ئەو وتانەی لە دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا لەبارەی دۆخی فاشرەوە دراون، پشتیان بە "هەواڵی درۆ و ڤیدیۆی چەواشەکارانە" بەستووە کە گوایە دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە بڵاوکراونەتەوە.
هەروەها جەختیکردەوە، "ئەو لایەنەی مێزەکانی ئاشتی تێکدەدات و ئاگربەستە مرۆییەکان پێشێل دەکات، هەمان ئەو لایەنەیە کە ئەم شەڕەی هەڵگیرساندووە و دەیەوێت بەردەوام بێت."
لە کاتێکدا واشنتن و وڵاتانی دراوسێ و گروپی چواریی نێودەوڵەتی کۆکن لەسەر پێویستیی پاڵنانی هەردوو لا بۆ ئاگربەست، ئیمارات لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا جەختیکردەوە کە ئەو تاوانە ئەنجامدراوانە پێویستیی رێڕەوێکی سیاسیی نوێ دەسەلمێنن.
هاوکات، مەسعود بۆلس، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ئەفریقا و وڵاتانی عەرەبی، رایگەیاند، چارەسەر لە سودان بەبێ گروپی چوار و هاوبەشەکان و وڵاتانی دراوسێی سودان ئەستەمە و دوپاتیکردەوە کە واشنتن لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێکە لە پەیوەندیدایە.
گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە حەسەکە هێرشیانکردە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، سێ ئەندامی هەسەدە بەهۆی هێرشەکەوە برینداربوون.
هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، گروپێکی چەکداری سەر حکومەتی دیمەشق، هێرشێکی نوێیان بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە لە حەسەکە ئەنجامداوە، کە ئەو گروپە چەکدارە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و چەکی قورسیان بەکارهێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گروپە چەکدارانە لە رۆژهەڵاتی حەسەکە هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانیان، هەروەها گوێیان نەداوەتە ئاسایشی هاووڵاتیانی مەدەنی و سەقامگیری ناوچەکە .
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، وەڵامی هێرشەکەیان داوەتە تێکیانشکاندووە، هەروەها جەختیشدەکاتەوە لەئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نابن و رێوشوێنی گونجاو دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ناوچەکانیان، هێزەکانیان و گەلەکەیان لە هەر هەڕەشەیەک.
ئاشکراشیکرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سێ ئەندامی هێزەکانیان بە سوکی برینداربوون، هەروەها زیانی زۆر بە گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق گەشتووە.
لە درێژەی بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، سەرۆك كۆماری توركیا رەزامەندی نیشاندا لەسەر سەردانی كۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی بۆ دورگەی ئیمراڵی و كۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان.
رۆژنامەی " حورییەت"ی توركی بڵاویكردەوە، لە دوایین كۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە"، كە رۆژی 12ی ئەم مانگە لە ئەنكەرە بەڕێوەچوو، بە وردی گفتوگۆكراوە لەبارەی دوایین بەرەوپێشچونەكانی پرۆسەی ئاشتی و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەوڵەكان بەچڕی بەو ئاڕاستەیە بەردەوام بن.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئەردۆغان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر سەردانی كۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی بۆ دورگەی ئیمراڵی و كۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان" پەكەكە"، بۆ تاوتوێكردنی دوایین بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی ئاشتی.
ئەو رۆژنامەیە ئاشكراشیكردووە، دانپێدانانی باخچەلی بەوەی كە تائێستا ئۆجەلان سەرجەم بەڵێنەكانی لە پرۆسەی ئاشتی جێبەجێكردووە، متمانە بە پرۆسەی ئاشتی زیاتر دەكات.
میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە لە رێگەی درۆنەوە ناوچەی مێززە 86 لە دیمەشق کراوەتە ئامانج و زانیاریەی سەرەتاییەکان، پشتراستیان کردوەتەوە بەهۆی تەقینەوەکەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون .
ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا) بڵاویکردوەتەوە چەند تەقینەوەیەک ناوچەی مێززەیان لە دیمەشق کردوەتە ئامانج و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستی پێکردوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان تەقینەوەکە لە دەوروبەری مزگەوتەکێک رویداوە و پێدەچێت بەهۆی مووشەکەوە بووبێت کە لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئاراستەی کراون.
ناوچەی مێززە ، یەکێکە لە ناوچە هەستیارەەکانی دیمەشق و چەندین دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی تێدایە و رەنگە هەر ئەمەش هۆکاری کردنە ئامانجەکە بێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە "دیداری هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان و هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی گشتیی پارێزگاکان" لە ناوەندی کۆنگرەی چاندا ئامەد رایگەیاند، "ئەگەر لە تورکیا باس لە پرۆسەیەک و دیموکراسییەک بکرێت، پێویستە هەنگاوی وا بنرێت کە قەییومەکان لەناو ببات و هاوسەرۆکی شارەوانییەکانمان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان."
لە وتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا، تونجەر باکرهان جەختیکردەوە کە دەبێت هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن و ئاماژەی بە رەتکردنەوەی داوای ئازادکردنی مەرجداری سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی گەورەی ئامەد کرد.
باکرهان وتی: "پاساوەکەیان ئەوەیە کە 'لە رێکخستن دانەبڕاوە'. بەڵێ، ئەو ئەندامی رێکخستنە، ئەندامی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا و ئەندامی پارتەکەمانە. هیچ ئەندامێتییەکی دیکەی نەبووە. ئەم بڕیارە تۆڵەسێنەرەوانە هیچ سوودێکی نییە و دەبێت وازی لێبهێنرێت. ئەم وڵاتە بە زیندانیکردنی ئیرادەی گەلەکەی هیچ شتێکی بەدەست نەهێناوە."
باکرهان ئاماژەی بەوەکرد، لە هەر پرۆسەیەکی نوێی ئاشتیدا، ئەرک و بەرپرسیارێتیی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی شارەوانییەکان و وتی:
"پرۆسەی ئاشتی بە واتای شارەوانیی چالاک دێت. بە واتای فراوانبوونی بواری کاری ئێوە دێت. ئاشتی واتە لەبری هەڵبژێردراوان، فەرمانبەرانی دەوڵەت دانەنرێن. ئاشتی واتە بانکی پارێزگاکان بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ هەموو شارەوانییەکاندا بکات، نەک پڕۆژەی هەندێکیان بلۆک بکات و یارمەتیی هەندێکی دیکە بدات."
وتیشی: "جێبەجێکارە سەرەکییەکانی پرۆسەکە، هاوڕێیانی هاوسەرۆکی شارەوانییەکانن. داواکاریی سەرەکیمان ئەوەیە کە چیتر بەڕێوەبەرە خۆجێیەکان دەستگیر نەکرێن. شارەوانییەکانمان دەبێت ببنە ناوەندی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک."
بانگەواز بۆ بانکی پارێزگاکان
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی توندی لە بانکی پارێزگاکان (İller Bankası) گرت و رایگەیاند کە سیاسەتێکی جیاکارانە بەرامبەر شارەوانییەکانیان پەیڕەو دەکات.
"ئەم دەسەڵاتە هەوڵێکی تایبەت دەدات بۆ شکستپێهێنانی شارەوانییەکانمان. ئەو قەرزانەی قەییومەکان بەفیڕۆیان داوە، کاتێک ئێمە شارەوانییەکان وەردەگرینەوە، بیر دەسەڵاتیان دەکەوێتەوە و دەیانەوێت لە ئێمەی وەربگرن. بانکی پارێزگاکان نابێت بە عەقڵییەتێکی جیاکارانە بجوڵێتەوە."
باکرهان بە توندی رەخنەی لە نزیکایەتیی "سەرچاوەی بێسنوور بۆ دزی، بەڵام هیچ سەرچاوەیەک بۆ خزمەت" گرت و رایگەیاند، "کاتێک ئەم وڵاتە دیموکراتی بێت، داوا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەین کە سەرچاوەی بێسنووریان بۆ دزی دابین کردووە."
کێشەی کورد چییە؟
لە کۆتایی قسەکانیدا، باکرهان پرسیاری "کێشەی کورد چییە؟"ی کرد و وتی: "کێشەی کورد بانکی پارێزگاکان و نزیکایەتییەکەیەتی. کێشەی کورد ئەو شارەوانیانەن کە پڕۆژەکانیان رادەگیرێن چونکە هی دەم پارتین. ئەم نزیکایەتیانە باوەڕی ئێمە بە پرۆسەکە لاواز دەکات و برینی وا دروست دەکات کە چارەسەر ناکرێن."

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسرائیل لە رێگەی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە، تەرمی یەکێک لەو چوار بارمتەیەی وەرگرتۆتەوە کە لای بزوتنەوەی حەماس لە غەززە مابوونەوە.
لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی ناتانیاهۆدا هاتووە، ئەو تابوتەی لە کەرتی غەززە رادەستی سوپای ئیسرائیل و دەزگای شاباک کراوە، دەگوازرێتەوە بۆ پەیمانگای نیشتمانیی پزیشکیی دادوەری لە تەلئەبیب، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ناسنامەی روفاتەکە.
گەڕاندنەوەی تەرمەکان بەپێی ئەو بڕگانەیە کە لە رێککەوتنی ئاگربەستی غەززەدا هاتووە، کە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت.
لەوەتەی رێککەوتنەکە دەستیپێکردووە، تەرمی 24 بارمتە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئیسرائیل و ئەگەر ناسنامەی ئەم روفاتە نوێیەش پشتڕاست بکرێتەوە، روفاتی سێ بارمتەی دیکە لە غەززە دەمێنێتەوە.