ناکۆکییەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب لەسەر غەززە قوڵتر دەبنەوە و ئەمڕۆ کۆشنەر و ناتانیاهۆ لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە.

جارید کۆشنەر، زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی ئەمریکا لە کەرتی غەززە، ئەمڕۆ دووشەممە لە ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، سەردانەکەی کۆشنەر بۆ تەلئەبیب لە کاتێکدایە، حکومەتی ئیسرائیل تێبینی و سەرنجی جدی لەسەر بەشەکانی پلانی ئەمریکا هەیە، بەتایبەت لەبارەی پرسی داماڵینی چەکی حەماس و قۆناغەکانی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتەکە.

پێش گەیشتنی بۆ ئیسرائیل، کۆشنەر دوێنێ یەکشەممە لە میسر لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس کۆبووەوە، لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردوودا حەماس رەزامەندی لەسەر نەخشەڕێگەیەکی ئەمریکی دەربڕی کە ئامانج لێی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتییە، بە جۆرێک داماڵینی چەکی بزووتنەوەکە و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە لەخۆدەگرێت.

لە بەرانبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ بەڕەسمی بەڵگەنامەکەی رەتکردووەتەوە و داوای کردووە داماڵینی چەکی حەماس بە شێوەیەکی بەکردەوە و "راستەقینە" جێبەجێ بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بزووتنەوەی حەماس، لە سەرەتای مانگی تەمموزدا هەڵوەشاندنەوەی ئیدارە مەدەنییەکەی لە غەززە راگەیاند و ئامادەیی دەربڕی بۆ رادەستکردنی دەسەڵاتەکان بە "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە".