مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بڵاوکردەوە و هەردوولا ئامادەییان نیشاندا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن.
دەقی راگەیەنراوەکەی یەکێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ
ئەمڕۆ چوارشەممە 9-9-2026 لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، کۆبوونەوەی لووتکەی ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. لەو بارەیەوە هەردوو لایەن ئامادەییان دەربڕی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، کە حکومەتێکی هاوسەنگ و پەسەندکراو بێت لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، هەروەها حکومەتێک بێت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پێبێت.
هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، کە پێکنەهێنانی حکومەت پەیوەستە بە ژیان و گوزەران و داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە هەر لایەنێک ببێتە هۆکاری بەربەستی پێکنەهێنانی حکومەت، ئەوا بەرپرس دەبێت بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ، و هەر شتێک کە لە داهاتوودا ڕوودەدات.
کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە کە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان هەموو ڕێگەیەکی چارەسەر دەگرینە بەر .
وەک هەمیشە دەرگای گفتوگۆی ئەم هاوپەیمانێتییەمان کراوەیە بەڕووی هەموو لایەک، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو واقیعە نوێیەی لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.