نیویۆرک تایمز: دۆناڵد ترەمپ شکستیهێناوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لەگەڵ ئێراندا
بڵند
١٨ی ئابی ٢٠٢٦
دوای کۆتایی هاتنی مۆڵەتە 60 رۆژیەکەی دۆناڵد ترەمپ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بڵاویکردوەتەوە ئیدارەی ئەمریکا شکستی هێناوە لە ئامانجەکانیدا و دووبارە پەنای بردوەتەوە بەر سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار و جەنگی ئابوری دژی ئێران
رۆژناماکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم بڕیارەی واشنتن دوای ئەوە هات کە مۆڵەتە 60 رۆژییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەسەرچوو و ئەمریکا نەیتوانی ئامانجە سەرەتاییەکانی بپێکێت، لەوانەش راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی گەروی هورمز.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە دوای راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکان لە کۆتایی مانگی تەموزەوە، ئیدارەی ترەمپ توندکردنەوەی سزاکانی سەر کەرتی نەوت و خستنەسەرپێی گوشاری سەر بەندەرەکانی ئێرانی کردووەتە لەپێشینەی کارەکانی.
سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا جەختی لەسەر سەپاندنی توندترین گوشاری دارایی کردوەتەوە تا تاران ناچار بکەن لە گەروی هورمز پاشەکشە بکات.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەم رێکارانەی دۆناڵد ترەمپ بە دوبارەکردنەوەی ئەزمونی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دەزانێت، کە لە رابردودا نەیتوانی ئێران بە گۆڕینی ئاڕاستەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی یان قبوڵکردنی داواکارییەکانی واشنتن ناچار بکات.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، پسپۆڕانی سیاسی و ئابوری گومانی جدییان لەسەر کاریگەریی دووبارەی ئەم سیاسەتە هەیە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، تیشکخراوەتەی سەر لێدوانەکانی ئەم دوایەی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی دەربارەی راگەیاندنی گەروی هورمز وەک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا.
رۆژنامەکە دەڵێت؛ ئەمەی سەرۆکی ئەمریکا دەیکات هەوڵێکە بۆ داپۆشینی شکستە سەربازی و دیپلۆماسییەکان و نیشانەی سەرگەردانیی ئیدارەکەیەتی.
نیویۆرک تایمز رایدەگەیەنێت، کە ئەم گەڕانەوەیە زیاتر لەوەی ستراتیژێکی نوێ بێت، دەرخەری بێدەسەڵاتی ئەمریکایە لە بەرانبەر ئێراندا؛ سیاسەتێک کە زەحمەتە تاران بۆ سازش رابکێشێت و رەنگە واشنتن روبەڕوی جەنگێک بکاتەوە کە دیار نییە کەی کۆتایی دێت.



