بە مەبەستی رێگریكردن لە دووبارەبونیادنانەوەی توانا سەربازییەكان، سوپای ئیسرائیل هێرشێكی بۆ سەر ناوەندی غەززە ئەنجامدا و لێپرسراوێكی سەربازی حەماسی كوشت.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، عومەر ئەحمەد ئەبو قاسم، لێپرسراوی نیشانەشكێنەكانی حەماس لە هێرشێكی ئاسمانیدا كوژراوە.
بەپێی بەیاننامەكە، ئەو لێپرسراوە لە داڕشتنی نەخشەی هێرشەكان دژ بە ئیسرائیل لەناو كەرتی غەزە بەشدار بووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش كرد، ئەبو قاسم سەرقاڵی رێكخستنەوەی توانا سەربازییەكان و ئامادەكاری بووە بۆ هێرشی تر بووە.
جەختیشی كردەوە، ئەم چالاكییانە پێشێلكردنی ئاگربەستن و هێزەكانیان بۆ نەهێشتنی هەڕەشەكان بەردەوام دەبن.
ئیبراهیم زۆلفەقاری وتەبێژی ناوەندی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران هۆشدارییەكی توندی دایە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و رایگەیاند، لە ئەگەری هەر هێرشێك بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەكەی، سەرجەم ژێرخانەكانی ناوچەكە بە تەواوی لەناو دەبەن.
زۆلفەقاری جەختی لەوە كردەوە كە ئێران بە هیچ شێوەیەك رێگە بە دەستوەردانی ئەمریكا لە گەروی هورمزدا نادات، چونكە ئەم شوێنە هێڵی سووری سەرەكیی ئێرانە.
رونیشیكردەوە، ئەگەر هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هێرشكردنە سەر ژێرخانی ئێران بچنە بواری جێبەجێكردنەوە، هێزە چەكدارەكانی ئێران گورزێكی پۆڵایین و وێرانكەر دەوەشێنن و هیچ ژێرخانێك لە ناوچەكەدا ناهێڵنەوە.
لە كۆتاییدا وتەبێژەكە رایگەیاند، وەڵامی هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی تەنها گورزێكی هاوتا نابێت، بەڵكو لێدانێكی زۆر بەهێزتر و فرە رەهەندتر دەبێت كە سەرجەم دەستدرێژكاران لە ئاگری تووڕەیی خۆیدا دەسووتێنێت.
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی گەروی هورمز دەکات بە موڵکی ئێران و دەڵێت؛ گەروە ستراتیژییەکە دەستکەوتی جەنگە بۆ وڵاتەکەی و دەستبەرداری نابن، سوپای پاسدارانیش جەخت لە پارستنی گەروەکە دەکاتەوە.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، جەخت لەسەر سەپاندنی سەروەریی تەواوی ئێران بەسەر گەروی هورمزدا دەکەنەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، لە دوای جەنگی 40 رۆژەوە گەروەکە بە موڵکی ئێران دادەنرێت و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو سەروەرییە زەوت بکات.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، جەختیکردوەتەوە، کۆنتڕۆڵکردنی گەووەکە بە بڕیاری رابەری باڵا و وەک دەستکەوتێکی جەنگی 40 ڕۆژە هاتووەتە ئاراوە و دەستبەرداری نابن.
لایخۆشیەوە، وتەبێژی سوپای ئێران دووپاتی کردەوە کە توانای وڵاتەکەی بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر هورمزدا پشت بە کەناراوەکان و دورگەکان نابەستێت و لە هەر بستێکی خاکەکەیانەوە دەتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.
هۆشداریشی داوە، کە گەووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی واشنتۆن دان بە سیستەمی یاسایی ئێراندا دەنێت، کە ئێستا ئەم بابەتە بووەتە داواکارییەکی نیشتمانی لە وڵاتەکەدا.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا لە جەنگێکی بوونگەراییداین و دەبێت ئامادەی روبەڕووبوونەوە تەواوەتی بن، چونکە ئەمریکا دەیەوێت دەسەڵاتی ئێستای ئێران بڕوخێنێت.
محەمد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە ناو جەنگێکی بوونگەراییدایە، کە ئامانج لێی روخاندنی دەسەڵآتی ئێستای ئێران و دابەشکردنی خاکەکەیەتی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان هەرگیز پێشوازییان لە جەنگ نەکردووە و ناشیەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە بە تەواوی ئامادەی مەیدانی جەنگ بن و تا تا مردن لە پێناو پاراستنی دەجەنگن
هاوکات سەبارەت بە رێککەوتننامەکان ئاماژەی بەوە کرد کە یاداشتنامەی لێکگەیشتن تەنها کاتێک مانای دەبێت کە بەندەکانی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە و کارایان پێ بکرێت و رێبازی ئەوان بۆ جەنگ یان دانوستان دەبێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاسایش بێت.
لەبارەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا، قالیباف دەڵێت؛ هێزە چەکدارەکانیان ئازادییەکی تەواویان هەیە و بەردەوام ئامادەن بۆ روبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و جەختیکردوەتەوە کە، ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پەیوەستە بە پاراستنی گەروی هورمز لەلایەن وڵاتەکەیەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەندین ئامانج لە ئێران راگەیاند، تەندروستیی ئێرانیش ئاشکرایکرد، لە هێرشە نوێیەکانی ئەمریکادا، زیاتر لە 260 هاووڵاتی برینداربوون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەندراوێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' رایگەیاند: ئامانج لەم هێرشانە بەردەوامبوونی لاوازکردنی ئەو توانایە سەربازییانەیە کە هێزەکانی ئێران بەکاریدەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەیان ئامانجی سەربازییان لە نزیک گەروی هورمز و ناوچە کەناراوەکانی ئێران پێکاوە.
هاوکات، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش رایگەیاند، لە هێرشە نوێیەکانی ئەمریکادا، زیاتر لە 260 کەس بریندار بوون، کە ئەمەش بە بەرزترین ئاماری برینداربوون دادەنرێت لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات.
جێی ئاماژەیە، ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاندبوو، ئەگەر تاران نەگاتە رێککەوتن، هەفتەی داهاتوو مەودای هێرشەکانی ئەمریکا فراوانتر دەکات بۆ سەر ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاندبوو، "هەفتەی داهاتوو زۆر خراپ دەبێت بۆ ئیران، چونکە وێستگەکانی وزە و پردەکان دەکرێنە ئامانج."
میدیاکانی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە رایانگەیاند، لە 24 سەعاتی رابردوودا، دوو کەشتی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئاڕاستەکەیان گۆڕاوە، ئاماژەیان بەوەشکردوە دوو کەشتییەکە ویستویانە بە بێ هەماهەنگی ئێران گەروەکە تێپەرێنن
ئەمڕۆ چوارشەممە، تەلەڤزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویکردەوە، لانی کەم دوو کەشتی کە ویستویانە، بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و بە شێوەیەکی نایاسایی بە گەروی هورمزدا تێپەڕن، دوای پشتگوێخستنی هۆشدارییە سەرەتاییەکان، بە تەقەی هۆشداریی هێزی دەریایی سوپای پاسداران راگیراون.
بە گوێرەی زانیارییەکان، کەشتییەکان دوای وەرگرتنی هۆشدارییەکان لە بەردەوامبوون لەسەر رێڕەوەکەیان وەستاون، و هیچ زانیارییەکی تر لەسەر ناسنامە و ئاڵای وڵاتەکەیان یان شوێنی مەبەستی ئەو کەشتییانە بڵاو نەکردووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە سێنتکۆمیش پێش ئەم بڵاوکراوەی میدیاکانی ئێران رایگەیاند بوو، رێڕەوی دوو کەشتیان گۆریوە، کە ویستویانە گەروی هورمز تێپەڕێنن.
دۆناڵد ترەمپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە راشکاوی داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ سوپاکەی لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنێتەوە، چونکە پێی وایە بوونی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانە بووەتە هۆی کێشەنانەوە بۆ ئەمریکا.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەو فشارەی واشنتۆن دوای دیدارەکەی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی سوریا، لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ، دێت.
ئەوەشی راگەیاند، ئیداەی ئەمریکا هەوڵدەدات ئیسرائیل لەو ناوچانەی سوریا بکشێتەوە کە دوای روخانی رژێمی ئەسەد کۆنترۆڵی کردوون، بەڵام لێپرسراوانی ئەمریکی دەڵێن ناتانیاهۆ نایەوێت ئەو سازشانە بکات کە بۆ رێککەوتنی ئەمنی پێویستن.
هاوکات، ناتانیاهۆ جەخت لەسەر پێویستیی دروستکردنی "ناوچەی ئارام" دەکاتەوە بۆ رێگریکردن لە هێرشی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەر.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ترەمپ داوای پاشەکشێ دەکات، بەشێک لە وەزیرە توندڕەوەکانی ئیسرائیل فشار دەکەن بۆ مانەوەی هەمیشەیی و تەنانەت دروستکردنی نیشتەجێبوونی جولەکە لەو ناوچانەدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشوازیکردنی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار دەکات بۆ ئەنجامدانی چەندین گرێبەستی جۆراوجۆر لەگەڵ عیراقدا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئاراستەیەکی روون هەیە بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی بەهێز لە کەرتی نەوتدا لە نێوان هەردوو وڵات کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە رەسمی رادەگەیەنرێت.
ترەمپ جەختی کردەوە کە کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان بە ئاستێکی بێپێشینە دەچنە ناو بازاڕی عیراقەوە، هاوکات ئاشکرای کرد کە واشنتۆن و پێویست نابینێت هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عیراقدا بمێننەوە و بەردەوام بن.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر رۆڵی تاران و رایگەیاند کە ئێران بووەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر شانی عیراق و تەواوی ناوچەکەوە، بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە دەرفەتێکی بە ئێران بەخشیوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
ترەمپ باسی لە کێشەکانی دەریایی و گەروی هورمز کرد و روونیکردەوە کە ئەمریکا کار بۆ پاراستنی گەرووەکە دەکات و دوای ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بڕیاری پاشەکشەکردنی داوە لەسەر پرسی سەپاندنی باج لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەروەکەدا، ئەمەش لە بەرانبەر پابەندبوونی ئەو وڵاتانە بە ئەنجامدانی وەبەرهێنانی هاوبەش.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لە وەبەرهێنانەکان دەکات لە بەرانبەر دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی جیهان.
محەمەد خالید حەنەفی، وەزیری فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە لە حکومەتی تاڵیبان، رەخنە نێودەوڵەتییەکانی دژ بە توندکردنی یاساکانی پۆشینی جلوبەرگی ژنان لە شاری هیرات رەتکردەوە و رایگەیاند: ئەم رێوشوێنانە بۆ "پاراستنی کەرامەتە" و پێچەوانەی پروپاگەندەی میدیاکان، ئەمانە رێسای تاڵیبان نین بەڵکو "فەرمانی خودان".
ئەم لێدوانانەی وەزیری تاڵیبان لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردووەوە، پۆلیسی ئادابی ئەو وڵاتە کەمپینێکی توندی بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو ژنانە دەستپێکردووە کە پابەندی پۆشینی باڵای تەواو (حیجاب و نیقاب) نین، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەناو ژناندا دروستکردووە.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەم بڕیارە نوێیانە کاریگەریی نەرێنی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی رۆژانە و کەرتی ئابووری هیرات جێهێشتووە، خاوەن دوکان و شۆفێران دەڵێن بازاڕ بە تەواوی کز بووە، چونکە زۆربەی ژنان لە ترسی دەستبەسەرکردنیان لەلایەن پۆلیسی ئادابەوە، مانەوەیان لە ماڵەوە هەڵبژاردووە و تەنها بۆ کاری زۆر پێویست نەیەنە دەرەوە.
وتەبێژی سوپای ئێران دەڵێت، دەستبەرداری گەروی هورمز نابن و بەرپرسیارێتی هەر جۆرە تێپەڕبوونێكیش لەو گەروە لە ئەستۆی ئێراندایە.
محەممەد ئەكرەمی نیا وتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند، تەنها رێگە بۆ كردنەوەی گەروی هورمز رێزگرتنە لە مافەكانی گەلی ئێران و پابەندبوونی ئەمریكا بە بڕگەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ.
وتیشی، ئەمریكا هەوڵ دەدات بە دەستوەردانی نەگونجاو رێڕەوێكی نادروست لە باشوری گەروی هورمز بچەسپێنێت، ئەوەش پێچەوانەی ئەو لێكتێگەیشتنەیە كە لە نێوان ئێران و ئەمریكا ئیمزاكراوە و بووەتە هۆی نائارامی بۆ ناوچەكە.
وتەبێژی سوپای ئێران ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی یاداشتی لێكتێگەیشتن، بەرپرسیارێتی هەر جۆرە هاتووچۆ و تێپەڕبوونێك لە گەروی هورمزدا خراوەتە ئەستۆی ئێران، ئیرانیش هەوڵ دەدات لەگەڵ عومان، بگاتە لێكتێگەیشتن و رێوشوێنی هاوبەش لە ناوچەكەدا جێگیر بكات.
جەختیشیكردووەتەوە، ئێران بەپێی ئەو بڕگانەی لە لێكتێگەیشتنەكەدا هاتووە، بەرگری لە مافەكانی خۆی دەكات و پێویستە ئەمریكاش دەست لە دەستوەردانی ناوچەكە هەڵبگرێت و ملبدات بۆ ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنەكە، ئاسایشی وڵاتانی ناوچەكە لەبەرچاو بگرێت.
لە كۆبوونەوەی وڵاتانی بەخشەر سەر بە یەكێتیی ئەوروپا لە برۆكسل، دەستپێشخەرییەكی نێودەوڵەتی بە ناوی تیمی غەززە بە بڕی 883.6 ملیۆن یۆرۆ راگەیاند، كە دەكاتە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار، بۆ پشتگیریكردنی ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە.
بەپێی راگەیەنراوێكی كۆمیسیۆنی ئەوروپاش، ئەو دەستپێشخەرییە لەلایەن كۆمیسیۆنەكە و زیاتر لە 12 وڵاتەوە پشتیوانی دەكرێت، لەوانەش، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، دانیمارك و بەریتانیا، جگە لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكانی وەك بانكی جیهانی و بانكی ئەوروپا بۆ وەبەرهێنان.
ئاماژە بەوەشكراوە، پرۆژەكە سەرنج دەخاتە سەر نۆژەنكردنەوەی ژێرخانی سەرەكی كەرتی غەززە، وەك تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ، كەرتی تەندروستی و لادانی پاشماوەی خانوو و باڵەخانە روخاوەكان، بەپێی خەمڵاندنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە پێویستی بە نزیكەی 70 ملیار دۆلارە.
بە 19 کەشتیی جەنگیی، ئەمریکا ئامادەکارییەکانی بۆ سەپاندنەوەی گەمارۆیەکی دەریایی توند بەسەر ئێراندا دەکات و لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکاتە ئامانج کە مامەڵە لەگەڵ بەندەرەکانی تاراندا دەکەن.
لێپرسراوێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی راگەیاندووە، واشنتۆن لە ئێستادا 19 کەشتیی جەنگیی زەبەلاحی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە. ئەم هەنگاوە هێزێکی ئاگرینی بێپێشینە بە ئەمریکا دەبەخشێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ئەو هێزە دەریاییەی ئەمریکا کە لە ناوچەکە جێگریرکراون بریتین لە، دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری گەورە بە ناوەکانی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش"، لەگەڵ 13 کەشتی هێرشبەر و تێکشکێنەر و چەند کەشتییەکی دیکە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، گەمارۆ نوێیەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە سەعات ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (بە کاتی ئەمریکا) دەستپێدەکاتەوە، کە تێیدا سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکرێنە ئامانج کە روو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێیانەوە دەردەچن.
لە ماوەی گەمارۆدانی پێشوودا، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا رێگرییان لە زیاتر لە 140 کەشتیی بازرگانی کردووە یان ناچاریان کردوون بگەڕێنەوە، تەنانەت تەقە لە ژووری بزوێنەری نۆ کەشتی کراوە بۆ پەکخستنیان، دوای ئەوەی رەتیانکردووەتەوە فەرمانەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکەن.
خولێكی نوێی دانوستان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستپێدەكات و بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت.
بەپێی زانیارییەكانی میدیا عەرەبییەكان، ئەمڕۆ خولێكی نوێی دانوستانە راستەوخۆكانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەسەر ئاستی باڵیۆزان لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستپێبكات و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت كە شەشەم خولی دانوستانەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێت و راستەوخۆش بە سەرپەرشتی ئەمریكادا دەبێت، كە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێككەوتنێك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و چەكداماڵینی حزبوڵا و كشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی سوپای ئیسرائیل لە باشوری لوبنان و جێگیركردنی سوپای لوبنان لە دوو ناوچە.
سەرۆكایەتی لوبنانیش رایگەیاندووە، وەفدی وڵاتەكەی رێنمایی كراوە پێش هەر گفتوگۆیەك، داوای كشانەوەی دەستبەجێی سوپای ئیسرائیل لەو دوو ناوچەیە بكات.
حزبوڵای لوبنانیش رایگەیاندووە، بە توندی لە دژی ئەو رێككەوتنە دەوەستێتەوە و بەهیچ شێوەیەك پابەندی نابێت.
دوای هێرشکردنە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئیماراتی لەلایەن ئێرانەوە، ئاژانسی بلومبێرگ رایدەگەیەنێت کە جوڵەی کەشتیوانی لە گەروی هورمز بە تەواوی پەکیکەوتووە و ئیماراتیش هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات.
ئاژانسی "بلومبێرگ"ـی ئەمریکی، بەپێی داتاکانی چاودێریکردنی هێڵی گواستنەوەی دەریایی رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە جوڵەی کەشتیوانی لە گەروی ستراتیژیی هورمز بە شێوەیەکی نیمچە تەواو راگیراوە و وەستاوە.
لەلایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی ئیمارات بە رەسمی رایگەیاند، دوو کەشتی نەوتهەڵگری نیشتمانیی وڵاتەکەی بە ناوەکانی "مەمباسا" و "ئەلباهییە"، لە رێڕەوی باشوری گەرووی هورمز و لە ناو سنورە ئاوییەکانی سوڵتانییەتی عوماندا، بە دوو موشەکی کرووزی ئێرانی کراونەتە ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو، کارمەندێکی نەوتهەڵگری "مەمباسا" کە بە رەگەز هیندییە، گیانی لەدەستداوە و هەروەها هەشت کارمەندی تر بریندار بوون کە برینی چواریان سەختە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختیشی کردووەتەوە، وڵاتەکەی مافی تەواوی خۆی دەپارێزێت بۆ وەڵامدانەوە و گرتنەبەری سەرجەم رێوشوێنە پێویستەکان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش، سەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی.
سوپای پاسداران رایگەیاند، ناوەندی كۆنترۆڵی ئاسمانی دەستەی پێنجەمی دەریایی ئەمریكایان لەناوبردووە.
سوپای پاسداران سەبارەت بە هێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر وڵاتەكەی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، لە قۆناغی دووەمی هێرشەكاندا، ناوەندی كۆنترۆڵكردن و چاودێریكردنی بەلەمە بێسەرنشینەكان لە بەحرین و سیستمێكی راداری ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی سی رام لەناوبراون.
راشیگەیاندووە، بە هێرشێكی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ناوەندی كۆنترۆڵكردن و چاودێریكردنی بەلەمەكان بەتەواوی لەناوبراون.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، لە بەردەوامی هێرشەكانی ئەمریكا، وەڵامدانەوەی هاوشێوە بەردەوامە.
وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا دەڵێت، بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەن ئەمریكا دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا بكات.
ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەرپرسیارێتی هەموو نائارامییەكان و پەرەسەندنی جەنگ لە ناوچەكەدا، دەكەوێتە ئەستۆی ئەمریكا و ئەو وڵاتانەی هاوكاری دەكەن.
وتیشی، هاوكاری هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە بووەتە هۆی ئەوەی مەترسی پەرەسەندنی جەنگ لە سەرانسەری ناوچەكەدا زیاد بكات، لەسەر ئەو بنەمایەش بەهیچ شێوەیەك رێگە بە ئەمریكا نادەن دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی گەروی هورمزدا بكات.
لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا هۆشداری بە وڵاتانی ناوچەكە دەدات و دەڵێت، سەركردەی وڵاتانی ناوچەكە هەر جۆرە هاوكاریی و پشتیوانی لۆجستی لە سوپای ئەمریكا، بە واتای جەنگ دژی سەروەری و ئاسایشی ئێران دادەنرێت، لە ئەگەری پەرەسەندنی جەنگ لە ناوچەكەدا، ئاگری شەڕەكە هەموو وڵاتانی ناوچەكە دەگرێتەوە.