دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە تەلئەبیب و لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پێشوازی لێکرا.
بڕیارە لە سەردانەکەیدا دۆناڵد ترەمپ سەردانی کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان بکات.
هاوکات، دوای ئیسرائیل سەرۆکی ئەمریکا سەردانی میسر دەکات، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەرانبەر بە دەستگیرکراوە فەلەستینییەکان دەستیپێکرد و حەماس حەوت بارمتەی ئازادکرد، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هەزار و 716 زیندانیكراوی فەلەستینی لە كۆمەڵگەی ناسریە ئازادكرد
بزوتنەوەی حەماس ناوی 20 بارمتەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
لیستی بارمتە زیندووەکان، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن حەماسەوە بڵاوکراوەتەوە، بریتییە لە:
1. ماتان ئەنگریست
2. زیڤ بێرمان
3- ئالۆن ئۆهێل
4. یوسف حەیم ئۆهانا
5. ئاڤیتان ئۆر
6. ئاڤیتار دەیڤد
7- ئێلکانا بۆهبۆت
8. گالی بێرمان
9- سێگێڤ کالفۆن
10- رۆم برێسلاڤسکی
11- گای گیلبۆا
12. ماتان زینگاوکەر
13- ئیتان هۆرن
14- ماکسیم هارکین
15. نەمرود کۆهین
16. بار کوپەرشتاین
17. ئیتان مۆر
18. ئۆمری میران
19- دەیڤد کۆنیۆ
20- ئاریێل کۆنیۆ
ئازادكردنی بارمتەكانی غەززە لە بەرانبەر زیندانییە فەلەستینییەكان بەڕێوەچوو، لە قۆناغی یەكەمدا حەوت بارمتە ئازادكران.
سوپای ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، ئاڵوگۆڕی زیندانیانی فەلەستینی و بارمتەكانی ئیسرائیل لە ، لە سەعات 8ی بەیانی بە كاتی ناوخۆ لە دەروازەی نەتسەریمەوە دەستپێكرد، و لە قۆناغی یەكەمدا حەوت بارمتە ئازادكران، بڕیاریشە ئەوانی دیكە سەعات 10ی بەیانی لە خان یونس ئازادبكرێن.
بەپێی رێككەوتنەكە، حەماس 20 بارمتە ئازاد دەكات و تەرمی 28بارمتەش رادەست دەكات.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل 250 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەكات كە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە و هەزار و 700 زیندانی دیكەش ئازاد دەكات كە لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕەوە دەستبەسەركراون.
بنیامین ناتانیاهۆ، رایگەیاند؛ گەڕانەوەی بارمتەکان روداویكی مێژوویە بۆ ئیسرائیل و جەختیشیکردەوە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، بەڵام شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە و روبەڕووی ئاڵنگاری گەورەی ئەمنی دەبنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە پەیامێکی دا بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، “ئەمشەو شەوێکی سۆزدارییە، تێکەڵ بە فرمێسک و شادییە، چونکە سبەینێ منداڵەکانمان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەمە روداوێکی مێژووییە کە خەمی ئازادکردنی بکوژەکان لەگەڵ خۆشی گەڕانەوەی بارمتەکان تێکەڵ دەکات، روداوێک کە هەندێک باوەڕیان نەبوو روبدات، بەڵام سەربازەکانیان باوەڕیان هەبوو، زۆر کەس باوەڕیان هەبوو، منیش باوەڕم هەبوو.
جەختیشیکردەوە کە ئەم سەرکەوتنەی بەدەستیان هێناوە جیهانی سەرسامکردوە، ئەوان لە هەر شوێنێک شەڕیان کردبێت سەرکەوتوبوون.
دەشڵێت؛ دوای ئەو سەرکەوتنەی بەدەستیانهێناوە، ئێستا دەرفەتی گەورەترلەبەردەمماندایە؛ دەرفەتێک کە پێشتر ئەزموونیان نەکردووە.
وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرەبەیانی سبەینێ دووشەممە پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان دەستپێدەکات، ئەوەشی خستوەتە روو، بارمتەکان رادەستی خاچی سور دەکرێن و دواتر بە رێوشوێنی ئەمنی دەگوازرێنەوە بۆ ئیسرائیل.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەیڤید مینسەری وتەبێژی ئیسرائیل رایگەیاندوە؛ حەماس پابەندە بە ئازادکردنی 20 بارمتە لە بەرامبەر ئازادکردنی 2000 فەلەستنی.
ناوبراو وتوشیەتی؛ پڕۆسەکە بەرەبەیانی سەبەینێ ئەنجامدەدرێت و خاچێ سور بارمتەکان لە حەماس وەردەگنو دواتر دەیانگوازنەوە بۆ ئیسرائیل.
لەبارەی تەرمی بارمتەکانیشەوە ئاماژەی بەوەداوە، تەرمەکان لە ڕێورەسمێکی رێزدارانەدا رادەستی خێزانەکانیان دەکرێنەوە.
پرۆسەکە لەیەک کاتدا و لە ژێر چاودێری کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سووردا ئەنجام دەدرێن و وتوشیەتی؛ 400 بارهەڵگر کە هاوکاری مرۆیین؛ خۆراک، سووتەمەنی و دەرمانیان تێدایە، لە رێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە دەچنە ناو غەززە.
ئەمە لە کاتێكدایە، میدیاکانی ئیسرائیل پێشتر بڵاویان کردبوەوە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پەیوەندی کراوە بە بەشێک لە کەسوکاری بارمتەکانەوە و ئاگادارکراونەتەوە کە بارمتەکانی ئەوانی تێدا نییە.
ئێران ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی رەتدەكاتەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی دانوستانیان لەگەڵ ئەوروپا هیچ ئەنجامی ئەرێنی نابێت و ئەوروپییەكان هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی نانێن ، بۆیە هیچ هۆكارێك نابینن بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵیاندا دەستپێكەنەوە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران .
لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەكاتێكدایە ، فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا رۆژی هەینی لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند ، سورن لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئێران دەست بە دانوستان بكەنەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێكەوتنێكی گشتگیر و لە رێیەوە گەرەنتی ئەوە بكەن كە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، رایگەیاند کە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئیسرائیل دوای قۆناغی گەڕاندنەوەی بارمتەکان، وێرانکردنی تەواوی تونێلە تیرۆریستییەکانی حەماسە لە غەززە.
کاتز ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کارە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە رێگەی میکانیزمێکی نێودەوڵەتییەوە کە بە سەرۆکایەتی و چاودێری ئەمریکا دادەمەزرێت.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە واتای سەرەکی جێبەجێکردنی بنەمای بێچەککردنی غەززە و پووچەڵکردنەوەی چەکەکانی حەماسە.
کاتز راشیگەیاند: "رێنماییم بە سوپای ئیسرائیل کردووە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە ئامادە بکەن."
نێردەی تایبەتی ئەمریکا و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ سەردانی تەلئەبیبیان کرد و لە بەردەم هەزاران ئیسرائیلیدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەستەم نییە.
ستیڤ ویکتۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وتارێکدا لە ئیسرائیل رایگەیاند، ترەمپ بە جیهانی نیشاندا کە هێز و ئاشتی دوو شتی پێکەوەبەستراون، جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا سەلماندوویەتی سەرکردایەتییەکی ئازایانە دەتوانێت جیهان بگۆڕێت.
وتیشی، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەستەم نییە و جەختی لەسەر رۆڵی گەورەی سەرکردە عەرەبییەکان لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی غەززە کردەوە.
لەلای خۆشیەوە، جارید کوشنەر، زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، گەڕاندنەوەی بارمتەکان لە کارە سەرەکییەکان و هەرە گرنگەکانی ئیدارەی ئەمریکا بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە دانوستانەکاندا بینیوە، وتیشی، دۆناڵد ترەمپ بە هەموو هێزێکەوە کاری بۆ رێککەوتنی غەززە کردووە.
رۆژی دووشەممە، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی میسر دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا 'ئیلیزێ' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەردانی میسر دەکات بۆ پشتیوانی لە پلانی رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس لەبارەی راگرتنی شەڕی غەززە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە میانی سەردانەکەیدا ماکرۆن لەگەڵ هاوبەشەکانی قۆناغەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی تاوتوێ دەکات، بەڵام روونی نەکردوەتەوە، ئایا چاوی بە هاوتا ئەمریکییەکەی دەکەوێت یاخود نا، کە ئەویش بە هەمان شێوە سەردانی میسر دەکات.
کۆشکی ئیلیزێ ئاشکراشیکردووە، ئەو سەردانەی شاری شەرم شێخ لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە دەستپێشخەریی فەرەنسا و سعودیە و ئەو کارانەی لە مانگی ئەیلوولی رابردوو لە نیویۆرک ئەنجامدران، بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی و ئاسایش بۆ هەمووان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت دامەزراوە.
لەکای خۆشیەوە بەرگری شارستانی لە غەززە، ئەمڕۆ رایگەیاند، زیاتر لە نیو ملیۆن فەلەستینی گەڕاونەتەوە شاری غەززە لەدوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەوە.
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە؛ داواکاری رادەستکردنی چەکەکانیان وەک ئەوەی لە پلانەکەی ترەمپدا هاتووە؛ بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە قبوڵکراو نییە و تەنانەت شایەنی قسە لەسەرکردنیش نییە.
ئەمڕۆ شەممە، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای حەماسەوە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردوەتەوە، حەماس چەکدانانێت و ئەو پرسەشی یەکلایکردوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی حەماس کە ویستیی بووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، جەختیکردوەتەوە پرسی رادەستنەکردنی چەکەکانیان کۆتایی هاتووە و تەنانەت شایەنی پرسیارکردنیش نییە.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسەکەی حەماس، لە کاتیكدایە ئەمڕۆ دووەم رۆژی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسە و ڕۆژی پێنجشەممە لە شەرم شێخی میسر رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و رێگەی خۆشکرد بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی دوو ساڵەی کەرتی غەززە.
دوێنێ حازم قاسمی وتەبێژی حەماس، بە کەناڵی عەرەبییەی راگەیاند بوو؛ چەکەکانی دەستیان بە "ئامرازێکی بەرگریی شەرعی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئەوان بەرپرسیارێتی نیشتیمانیان لە ئەستۆدایە و لە ئێستادا کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ترەمپ لە پلانە 20 خاڵیەکەیدا، ئاماژەی بەوەداوە کە پرسی رادەستکردنی چەکەکانی حەماس لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتیدا چارەسەر دەکرێت.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سێنتکۆم، ئەمڕۆ سەردانێکی بنەکەیەکی سەربازی ئیسرائیلیان کرد لەناو کەرتی غەززە، بۆ دڵێنیانبوونەوە جێبەجێکردنی ئاگربەست لە ناوچەکە.
کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ ستیڤ ویکتۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە مەبەستی دڵنیابوونە لە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە ئەو سەردانەیان ئەنجامداوە.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، سەردانەکەم بۆ غەززە بۆ ئەوەبووە روونی بکەمەوە کە چۆن بەرەو پێشەوە دەڕۆین لەگەڵ دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگی مەدەنی و سەربازی لە ژێر فەرماندەیی ناوەندی، کە هەماهەنگی چالاکییەکان دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری دوای شەڕەکان دڵنیاببینەوە.
جێگەی ئاماژەیە،جێگیرکردنی سەرەتایی بە 200 سەربازی ئەمریکی بۆ ئیسرائیل دەستیپێکردووە، بۆ یارمەتیدانی چاودێریکردنی ئاگربەست لە غەززە بەپێی پلانی ئاشتی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە.
یەکێتیی ئەوروپا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات رێککەوتنی غەززە بەبێ دواکەوتن و بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و پێشوازیی لە گەیشتن بە رێککەوتنی قۆناغی یەکەمی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کرد.
یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە؛ ئەوان ئامادەن بەشداری بکەن لە جێبەجێکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و دەیانەوێت رۆڵیان هەبێت لە سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
دامەزراوەکە داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، بەبێ دواکەوتن و بە تەواوی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و ئازادکردنی بارمتەکان و بێ بەربەست چوونە ژوورەوە و دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتەکە.
هەروەها یەکێتیەکە پاڵپشتیکردنی تەواوی بۆ دەسەڵاتی فەلەستین دەربڕیوە لە هاوکاریکردن و گەیاندنی خێرای هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە.
عەباس کەعبی، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی مەدرەسەی قوم رایگەیاندوە؛ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە "ئامانجی سەرەکی" لایداوە و پێشنیازیش دەکات، خەڵاتێکی جیهانیی بەناوی "نەسرولڵا" دابنرێت.
ناوبرا لەبارەی خەڵاتەکەوە ئاماژەی بەوەکردوە؛ ماریا کۆرینا ماچادۆ، "لایەنگری" ئیسرائیل و دژبەری حکومەتی مادورۆ لە ڤەنزوێلا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە، کە "پرۆژەی روخاندنی دەوڵەت " بووە.
لەبارەی ئەو خەڵاتەشی کە پێشنیازیکردوە وتویەتی؛ خەڵاتی "نەسرولڵا" خەڵاتێکی "ئیلاهییە" و "خودا" پێشکەش بە بەندە باوەڕدارەکانی دەکات.
دەشڵێت؛ خەڵاتی نەسروڵڵا دەتوانێت هێمای "وەڵامی میللەت بێت بۆ بە ئاراستەبردنی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان.
سەرەڕای مێژوویەکی پڕ لە رەخنە، بۆچی حەماس متمانەی بە ناوبژیوانییەکی دۆناڵد ترەمپ بەخشی تا بارمتەکانی غەززە ئازاد بکات؟ لەم راپۆرتەدا کە بە سود بینین لە زانیارییەکانی رۆیتەرز نووسراوە، زانیاری ورد لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە نهێنییە و پشتەوەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە و هاوکێشە ئاڵۆزەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا دەکرێن.
گۆڕانکاری لە هەڵوێستدا: ترەمپ لە "رەگەزپەرست"ـەوە بۆ "ناوبژیوانێکی متمانەپێکراو"
حەماس، کە پێشتر دۆناڵد ترەمپی بە "رەگەزپەرست" و "هۆکاری ئاژاوەگێڕی" ناودێر کردبوو، لە مانگی رابردوودا بەهۆی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی خێرا و نهێنییەوە هەڵوێستی گۆڕا.
بەپێی لێدوانی دوو بەرپرسی فەلەستینی، ترەمپ توانی وا لە حەماس بکات، کە ئەگەر دەستبەرداری هەموو ئەو بارمتانە بێت کە بە تاکە کارتی فشاری دەستی دادەنرێن، ئیسرائیل پابەند دەکات بە رێککەوتنی ئاشتییەو و هێرشەکانی سەر غەززە بە یەکجاری رادەگیرێن.
ئەم گۆڕانکارییە لە بۆچوونی حەماسدا و متمانەکردنی بە ترەمپ، دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی کۆشکی سپیدا بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ناچارکرد داوای لێبوردن لە سەرۆک وەزیرانی قەتەر بکات لەسەر هێرشی بۆ سەر ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەی کە سەرکردەکانی حەماسی تێدابوون لە دەوحە.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ، بە بڕوای بەرپرسە فەلەستینییەکان، نیشانەی جدییەتی ئەو بوو لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و توانای وەستانەوەی لە بەرامبەر ناتانیاهۆدا.
قومارێکی پڕ مەترسی و نیگەرانییەکی بەردەوام:
دوای ئیمزاکردنی ئاگربەستەکە، کە ترەمپ رۆژی چوارشەممە ناوبژیوانی تێدا کرد، حەماس رازی بوو دەستبەرداری بارمتەکان بێت لەبەرانبەر کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل. بەرپرسانی حەماس ئەم هەنگاوەیان بە "قومارێکی پڕ مەترسی" ناوبرد، کە تەنیا لەسەر بنەمای پشت بەستن بە رێککەوتنەکە و متمانەکردن بە سەرۆکی ئەمریکا ئیمزاکراوە.
ترسی سەرەکی حەماس ئەوەیە کە ئیسرائیل، دوای ئازادکردنی بارمتەکان، هێرشی سەربازیی خۆی دەستپێبکاتەوە، وەک ئەوەی لە دوای ئاگربەستەکانی پێشوتر لە مانگی یەکدا رویدا. لەو کاتەدا، سەرەڕای هەوڵەکانی تیمی ترەمپ، ئاگربەستەکە تێکچوو و بووە هۆی کارەساتێکی مرۆیی لە غەززەدا.
رۆڵی ترەمپ لە پشت پەردەوە:
رۆیتەرز دەڵێت: گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان کە لە شاری شەرم شێخ، بە ئامادەیی نزیکترین هاوڕێیانی ترەمپ و کاراکتەرە کاریگەرەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، وایکرد حەماس متمانەی تەواوی لەلا دروستبێت. بەرپرسێکی حەماس بە رۆیتەرزی وت، پەرۆشی ترەمپ "بە جدی" هەستی پێدەکرا. ترەمپ خۆی سێ جار پەیوەندی تەلەفۆنی کرد و یاریدەدەرەکانیشی بە بەردەوامی لە نێوان دانوستانکارانی ئیسرائیلی و قەتەریدا لە گواستنەوەدا بوون.
شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ هێرشەکانی قەتەر و ئاگربەستی جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران لە مانگی حوزەیراندا، دانوستانکارانی حەماسی دڵنیا کردەوە کە ئەو دوای ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە، هەرگیز رێگە نادات ئیسرائیل دووبارە شەڕ دەستپێبکاتەوە. بەرپرسێکی فەلەستینی لە غەززە ئاماژەی بە بەڵێنی ترەمپ دا کە چیتر هیچ هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر رونادات و بە گەرەنتییەکی ئەمنی دای نا.
رێگەیەکی نادڵنیا بەرەو ئاشتی:
سەرەڕای ئەم ئاگربەستە، هیچ دڵنیاییەک نییە کە قۆناغەکانی داهاتووی پلانی 20 خاڵی ترەمپ بۆ غەززە جێبەجێ ببن. لە کاتێکدا تا رۆژی سێشەممەی رابردوو، گفتوگۆکان لەسەر وردەکارییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و چۆنیەتی ئازادکردنی بارمتەکان وەستابوون.
لە کۆتاییدا، حەماس بەبێ گەرەنتی نووسراو، بەڵێنی زارەکی لە ئەمریکا و وڵاتانی ناوبژیوانەوە (میسر، قەتەر، تورکیا) قبوڵ کردووە کە ترەمپ رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات و رێگە نادات ئیسرائیل هەڵمەتی سەربازیی خۆی دەستپێبکاتەوە. یەکێک لە بەرپرسانی حەماس رایگەیاند: "تا ئێستا بۆ ئێمە ئەم رێککەوتنە وادیارە کە کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت."
داهاتوو نادیارە:
هەرچەندە ئاگربەستەکە هیوایەکی نوێی دروستکردووە، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە کە قومارەکەی حەماس کاریگەری پێچەوانەی هەبێت. لە رابردوودا، لە کاتێکدا ترەمپ داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی بە یەکجار کرد، رێککەوتنەکە تێکچوو و بووە هۆی کارەساتی زیاتر.
ئێستاش ئەوەی چی رودەدات و داهاتوو چی بۆ جیهان و حەماس و منداڵانی فەڵەستین هەڵگرتووە پرسیارێکی بەردەوامی هەمووانەو، خەڵکی غەززە لەناو خوێن و ماتەمی لەدەستدانی ئازیزانیاندا خەریکە دەگەڕێنەوە و هاوکات دەپرسن، ئەی ئەگەر بارمتەکانیشمان رادەستکردنەوە و هێرشیانکرد؟ ئایا ئەوە چوون بەرەو مەرگی بە کۆمەڵ نییە؟
پەروین بوڵدان دەڵێت، پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە و پێویستە پرۆسەكە خێراتر بكرێت و كۆمسیۆنی پشتیوانیش سەردانی ئیمراڵی بكات.
پەروین بوڵدان ئەندامی وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە پەككەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەكەن لە توركیا دورن لە راستییەوە، وتیشی، هەرچەندە پرۆسەكە لەسەرخۆ بێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە و ئەو لەسەرخۆییەش لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا ئاستەنگ دروست دەكات و باشتر وایە خێراتر بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆتا دیداری وەفدەكەیاندا بۆ ئیمراڵی عەبدوڵا ئۆجەلان پێی راگەیاندوون، پێویستە هەنگاوەكان پێكەوە بنرێن، بەپێچەوانەوە نەیارانی ئاشتی زیاتر دەبن و ئاستەنگی زیاتر دەخەنە بەردەم پرۆسەكە.
پەروین بوڵدان راشیگەیاند، ئۆجەلان داوایكردووە كۆمسیۆنی ئاشتی لە قۆناغەكانی داهاتووتریدا بچێتە ئیمراڵی و سەردانی بكەن، چاوەڕوانیش دەكرێت وەفدێكی پێنج كەسی كە پێكهاتوون لە ئەندامانی كۆمسیۆن لە داهاتوودا سەردانی ئیمراڵی بكەن.
رۆژی شەممە، رایگەیاند کە دەزگای چاکسازی دەستی کردووە بە گواستنەوەی ئەو زیندانییە فەلەستینییانەی بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندا ئازاد بکرێن.
بەپێی رێکەوتنەکە، ئەو زیندانییانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن بۆ کەرتی غەززە یان بۆ دەرەوە لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە، گواسترانەوە بۆ زیندانی کتسیعۆت و ئامادە دەکرێن.
لە کاتێکدا ئەو زیندانییانەی کە بڕیارە بۆ کەناراوەکانی رۆژئاوا دووربخرێنەوە، گواسترانەوە بۆ زیندانی عۆفەر، لە رۆژئاوای رامەڵڵا.
پێشبینی دەکرێت ئیسرائیل 250 فەلەستینی ئازاد بکات کە سزای درێژخایەنیان لە زیندانەکاندا بەسەر دەبەن، جگە لە 1700 کەسی دیکە کە لەدوای سەرهەڵدانی جەنگ لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە دەستگیر کراون.
لەلایەکی دیکەوە، چاوەڕوان دەکرێت حەماس 20 بارمتەی زیندووی ئیسرائیلی بە یەک جار ئازاد بکات، دوای 72 سەعات لە دەستپێکردنی ئاگربەست.
رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس نیوەڕۆی رۆژی هەینی لە غەززە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە وای لە هەزاران ئاوارە کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان لەو کەرتەی کە بەهۆی جەنگێکی دوو ساڵەوە وێران ببوو.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە هیوادارە لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە بە گەڕانەوەی "هەموو بارمتەکان"ی دەستبەسەرکراو لە غەززەدا، "رۆژی شادی نیشتمانی" بێنێتە ئاراوە.