جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی هەرێمی کوردستان دەكات
لاوان
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كارگێڕی و سەرچاوەكان گەشتێك بۆ وڵاتانی عیراق و توركیا و ئیسرائیل ئەنجامدەدات و لە سەردانەكەشی بۆ عیراق، كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكا لە هەولێر دەكاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو مایكڵ ریگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشتێك بۆ وڵاتانی عیراق و توركیا و ئیسرائیل ئەنجامدەدات، گەشتەكەش تاكو رۆژی 5ی مانگی داهاتوو دەخایەنێت.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئامانج لە گەشتەكەی مایكڵ ریگاس بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختكردنەوەیە لە پابەندبوونی ئەمریكا بۆ پێشخستنی سەقامگیری و ئاسایش و ئازادی ئایینی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەكە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاندووە، مایكڵ ریگاس لە پەراوێزی سەردانەكەی بۆ عیراق، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی عیراق ئەنجامدەدات و دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكاش لە عیراق بەسەردەكاتەوە، هەروەها كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكا لە هەولێر دەكاتەوە.



