رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

كەناڵ 14ی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەیەكی كەمدا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی چەكداماڵین یان دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر حەماس دەدات. 

كەناڵی 14ی ئیسرائل رایگەیاندووە، بەمزووانە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی شێوازی چەكداماڵینی حەماسەوە دەدات، كە ئاخۆ بە رێككەوتنی سیاسی بێت یان جارێكی دیكە دەست بە ئۆپەراسیۆنەكان بكەنەوە بۆسەر ئەو بزوتنەوەیە لە كەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر جارێكی دیكە ئیسرائیل بڕیاری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بدات، ئەوا ئۆپەراسیۆنەكانی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە غەززەدا ئەنجام دەدات و لەرێگای هێزەوە كۆتایی بە بزوتنەوەكە دەهێنێت.

لەلایەكی دیكەوە چەند لێپرسراوێكی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، ئاگاداری ئەوەن كە حەماس دەیەوێت ئاگربەستی غەززە وەك هەلێك بقۆزێتەوە بۆ دوبارە خۆبوونیادنانەوە و لە ئێستادا بە نهێنیی لەگەڵ حزبوڵا و ئێران لە پەیوەندیدایە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند؛ ئێرانییەکان رێککەوتنیان دەوێت، دوای ئەوەی توانا ئەتۆمییەکانی ئەوانمان لەناوبرد، ئەگەری زۆرە لەگەڵیان بگەینە رێککەوتن، ئەوەشی خستەڕوو بە بەهای 270 ملیار دۆلار رێککەوتن لەگەڵ سعودیەی ئیمزا دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ باسی هێرشەکانی وڵاتەکەی کرد بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و رایگەیاند، بە خێرایی و بە هێز لەناومان برد، رەنگە بەم نزیکانە لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن.

ناوبرا ئاماژەی بەوەشکرد محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەرکردەیەکی بوێرە و پابەندە بە پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، پێکەوە بناغەکانی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان سعودیە و ئەمریکایان داناوە.

لەبارەی ئیمزاکردنی  گرێبەستە ئابورییەکانیشەوە لەگەڵ سعودیە ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد؛ لە نێوان کەرتی ئەمریکی و سعودیە رێککەوتنێک بە بەهای 270 ملیار دۆلار ئیمزا دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاندوە هاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆ ناو خاکی سوریا بە توندی ئیدانە دەکەن، ئەوە پێشلکردنێکی ئاشکرای سەروەری خاکی سوریا و پێچەوانەی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.

دوای ئەوەی، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە یاوەری وەزیری بەرگری وڵاتەکەی سەردانی هێزەکانیان کرد لە خاکی سوریا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو سەردانەی کردوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریادا هاتووە؛ سوریا بە توندترین شێوە سەردانە نایاساییەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیرانی بەرگری و کاروباری دەرەوە بۆ باشووری سوریا ئیدانە دەکات.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ ئەو رێوشوێنانەی ئیسرائیل لە باشووری سوریا گرتوویانەتە بەر پووچەڵن، سوریا ئەمە بە پێشێلکردنی جیددی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی دەزانێت و پێچەوانەی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.

داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن ئیسرائیل ناچار بکات بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ساڵی 1974 و پێشێلکارییەکانی لە خاکی سوریادا رابگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەیەی کە هەفتەی رابردوو لە کەندادا دەستی بەسەردا گرتبوو، ئازاد کردوە و بڕیوەبەری کەشتیەکەش پشتراستیکردوەتەوە کە سەرجەم کارمەندانی ناو کشتییەکە سەلامتن و ئازاد کراونو دەستیان بە کارەکانیان کردوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندوە؛ کەشتی نەوتهەڵگری "تەلارا"یان ئازاد کردوە، کەشتیەکە هەفتەی رابردوو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی هەڵگرتنی باری نایاسایی دەستیبەسەردا گیرابوو.

بەڕێوەبەرایەتی کەشتیەکانی کۆڵۆمبیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، کەشتیی نەوتهەڵگری "تەلارا" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ 21 ئەندامی تیمەکەی ئازادکراوە، کە هەموویان سەلامەتن.

کۆمپانیاکە روونی کردەوە کە هیچ تۆمەتێک لە دژی کەشتییەکە و تیمەکەی و کۆمپانیای خاوەندارێتی کەشتییەکە تۆمار نەکراوە و ئێستا کەشتیەکە ئازادە لە دەستپێکردنەوەی کارە ئاساییەکانی.

سوپای پاسداران رایگەیاند بوو،  بە بڕیاری دادگا دەستیان گرتوە بەسەر کەشتییەکەدا کەبەرەو سەنگافورە بەڕێکەوتوە و بیانوەکەشیان ئەوەبوە، کە کەشتییەکە بارێکی بێ مۆڵەتی پێ بووە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران،  نەخشەیەکی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی ئەوەیان کردوە، ئەگەر ئەو وڵاتە جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئێران، 15 لە ناوەندە هەستیارەکانی ئیسرائیل بە مووشەکی ئێران تەخی زەوی دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسداران بە دانانی نەخشەیەک، پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئیسرائیل کردوە، لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنەوە بۆسەر ئێران، ئەو شوێنانە کە ستراتیژین، لە لایەن موشەکەکانیانەوە دەکرێنە ئامانج.

ئەو شوێن و ناوەندانەی سوپای پاسداران بڵاوکیکردوەتەوە بریتین لە پاڵاوگەکانی سوتەمەنی، وێستگەکانی کارەبا و کێڵگە غاز و نەوتییەکان.

سوپای پاسداران ناوی شوێنەکانیشی بڵاوکردوەتەوە، کێڵگەی غازی کاریش، کێڵگەی غازی تەمار، پاڵاوگەی نەوتی حەیفا، پاڵاوگەی نەوتی ئەشدۆد، وێستگەی کارەبای هاگیت، کێڵگەی نەوتی هاڵتز، تێرمیناڵی نەوت و کۆگای نەوتی ئەشقەلۆن، تێرمیناڵی نەوت و کۆگای نەوتی ئیلات ئەو شوێنانەن کە سوپای پاسداران دەڵێت؛ بە موشەکەکانیان تەختی زەوی دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای شەڕی 12رۆژەی نێوانیان، بەردەوام ئیسرائیل و ئێران هەڕشە لە یەکتری دەکەن و پەیامی هەڕەشە ئامیز ئاراستەی یەکدی دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، هێرشێکی توندی کردە سەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و رایگەیاند کە تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا شارەوانەکانیانن. هاوکات باسی لە دەستکەوتە ئابورییەکانی وڵاتەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە رێژەی بێکاری بۆ 8.5% دابەزیوە.

لە پاش ئەوەی کە دوێنێ ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڤیدیۆیەکی نماییشکردبوو بە ناونیشانی "مەزڵومی دوێنێ، زالمی ئەمڕۆ".

سەرۆک کۆماری تورکیا هێرشی کردە سەریو بە دوڕوو فێڵباز ناوی بردن، هاوکات ئاماژەی بە کاری حزبەکەی خۆیکرد و وتی؛ بەپێی ئامارەکانی چارەکی سێهەمی ساڵی 2025، رێژەی بێکاری بۆ 8.5% دابەزیوە و ماوەی 29 مانگە رێژەکە لە یەک خانەدا (خوار 10%) ماوەتەوە. وتیشی، "ئێمە ئەنجامەکانی بەرنامە ئابورییەکەمان وەردەگرین. ئەم سەرکەوتنانەمان سەرەڕای ململانێ گەرمەکانی ناوچەکە و جەنگی بازرگانی بەدەستهێناوە."

ئەردۆغان بە توندی هێرشی کردە سەر جەهەپە و وتی: "لەکاتێکدا سەرۆکی جەهەپە و هاوڕێکانی تەنها درۆ و ململانێ بەرهەمدەهێنن، ئێمە رۆژانە 550 یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ دروست دەکەین. لەکاتێکدا ئێمە وەک دەسەڵات و هاوپەیمانێتی خەریکی خزمەتکردنی وڵاتین، ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بەدوای حەز و ئارەزووەکانی خۆیدا دەگەڕێت."

وتیشی: "دوێنێ سەیرم کرد، دیسان لاسایی ئێمەیان کردۆتەوە. لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیاندا ڤیدیۆیەکیان نمایش کردووە. بێگومان کاتێک یەک بەرهەم و خزمەتگوزارییان نییە، تەنها دۆسیەی گەندەڵییان بەدەستەوە دەمێنێت. ئەگەر لەسەر ئەمە بڕۆن، هیچ کێشەیەکیان لە دۆزینەوەی کەرەستە بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ نابێت. لە قوتوی بەقلاوەوە تا بورجی پارە، بەشی چەندین ساڵیان کەرەستە لایە."

ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە جەهەپە هەوڵدەدات بە زۆر ئاکپارتی تێوەبگلێنێت لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا و وتی: "بەڕێز ئۆزێل با ئەوە لەبیر نەکات، ئێمە نە لایەنی شەڕی ناوخۆیی ناو پارتەکەیانین و نە لایەنی ئەم دۆسیەیەین کە پڕە لە تۆمەتی شەرمهێنەر."

ئەردۆغان بە تووندی وتی: "ئەم حیسابە بە فێڵبازیی سیاسی و شاردنەوەی تاوان داناخرێت. تۆمەتباری یەکەمی ئەم دۆسیەیە شارەوانەکەتان یان شارەوانەکانتانن. سکاڵاکار و دانپێدانەرانی ئەم دۆسیەیەش هەر پیاوی خۆتانن. ئێمە لە هیچ شوێنێکی ئەم دۆسیەیەدا نین و نەبووین."

لە کۆتاییدا وتی، "ئێمە لەگەڵ گەلەکەماندا دەبینین کە چۆن هەوڵی سیاسییکردن و شلکردنەوەی ئەم دۆسیەیە دەدەن. هێرشکردنە سەر ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەری کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە."

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت کە دوێنێ ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڤیدیۆیەکی نماییشکردبوو بە ناونیشانی "مەزڵومی دوێنێ، زالمی ئەمڕۆ".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی باش (İYİ Parti)، وەڵامێکی توندی قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی دایەوە سەبارەت بە سەردانیکردنی ئیمراڵی و رایگەیاند، "دیارە مۆڵەتی لە سەرۆک کۆمار وەرنەگرتووە، بۆیە داوای لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کرد."

سەرۆکی پارتی باش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، رەخنەی توندی لە هەڵوێستی باخچەلی گرت کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپەدا پرسیاری لە پەرلەمانتارانی کردبوو "ئایا رێگەم پێدەدەن بچم بۆ ئیمراڵی؟" و ئەوانیش بە چەپڵەڕێزان وەڵامیان دابووەوە.

دەرڤیشئۆغڵو وتی: "سەرەتا وتەبێژی ئیمراڵی دەرکەوت و داوای مافی هیوای کرد، بەڵام سەرینەگرت. وتیان با بێت لە پەرلەمان قسە بکات، ئەوەش سەرینەگرت. هەموو فێڵێکیان کرد و دۆستە گیانی بە گیانییەکەی، نومان کورتوڵموشیشی هێنایە ناو باسەکەوە و ویستی پەرلەمان بەرێت (بۆ ئیمراڵی). بینی ئەوەش سەرناگرێت، چونکە گەلی تورک بەرگری دەکرد. گەلی تورک فریوی نەخوارد و کۆڵی نەدا. لە کۆتاییدا دەرکەوت و وتی ئەگەر پێویست بکات من و هاوڕێکانم دەچین. پرسیاریشی لە چەپڵەلێدەرەکانی کرد و وتی 'رێگەم پێدەدەن بچم؟' و ئەوانیش چەپڵەیان لێدا."

سەرۆکی پارتی باش بە تەنزەوە وتی: "پێویستە لێیان بپرسرێت، تا ئێستا چی کردووە کە داوای مۆڵەتی لێکردوون تا ئێستاش داوا بکات؟ دیارە مۆڵەتی لە سەرۆک کۆمار وەرنەگرتووە، بۆیە داوای لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کردووە. مخابن!"

دەرڤیشئۆغڵو جەختی کردەوە: "بەڕێز باخچەلی بۆ کوێی دەوێت با بچێت، دەیەوێت بۆ قەندیل یان ئیمراڵی، ئاراستەی گەل ناگۆڕێت."

رەخنە لە راوێژکارەکەی ئەردۆغان:

هاوکات دەرڤیشئۆغڵو هێرشی کردە سەر محەمەد ئوچوم، راوێژکاری سەرۆک کۆمار، لەسەر نوسینێکی سەبارەت بە یاسایەکی تایبەت کە دوای شۆڕشەکەی شێخ سەعید دەرچووە و وتی:

"یەکێک لە ماستاوچییەکانی کۆشک کە پۆستی سەرۆکی راوێژکارانی هەیە، وادیارە ئیلهامی لە نومان کورتوڵموش وەرگرتووە و بۆ بەخشینی شەرعیەت بە "تیرۆریستان"، بابەتەکەی گەیاندۆتەوە سەر مستەفا کەمال ئەتاتورک. گەمژەیی، خراپەکاری و ناپاکی، هێندە هێڵی نزیکن لە یەکەوە کە لە خاڵێک بەدواوە جیاکردنەوەیان مەحاڵە."

وتیشی، "ئەم راوێژکارە پسپۆڕەی یاسای کار، دۆزینەوەی ئاماژە لە مستەفا کەمالەوە بۆ لێبوردنی پەکەکە، کارێکی زۆر داهێنەرانەیە. راستە، کۆمار سەرەڕای ئەوەی لە پشتیەوە خەنجەری لێدرا، لێبوردنی دەرکرد، بەڵام سەرۆکی یاخیبووەکانی نەکردە قسەکەر و حوکمەکەی بە گەردنیدا هەڵواسی. واتە کۆمار کاری پێویستی کرد."

باخچەلی چی وتبوو؟

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاندبوو، "هیچ مانایەک نییە بۆ خۆدزینەوە لە سەردانی ئیمراڵی. ئەگەر هیچ کەسێک ئامادە نەبێت سەردانەکە بکات، ئەوا 3 هاوڕێی خۆم لەگەڵ خۆم دەبەم و لە چوون بۆ ئیمراڵی و لە رووبەڕووبوونەوە لەسەر مێزێک سڵناکەمەوە." 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە)، رایگەیاند، رۆژی هەینی 21ی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، بڕیاری سەردانیکردنی دوورگەی ئیمراڵی دەدات.

ئەم لێدوانە دوای قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دێت، کە رۆژی سێشەممە رایگەیاندبوو، "هیچ مانایەک نییە بۆ خۆدزینەوە لە سەردانی ئیمراڵی. ئەگەر هیچ کەسێک ئامادە نەبێت بچێت، ئەوا سێ هاوڕێی خۆم لەگەڵ خۆم دەبەم و بە توانای خۆمان دەچینە ئیمراڵی".

"پارتەکان هەڵوێستیان روون بکەنەوە"

فەتی یڵدز ئەمڕۆ هەڵوێستەکەی باخچەلی زیاتر روونکردەوە و وتی: "رۆژی هەینی 21ی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاری چوون بۆ دوورگەی ئیمراڵی دەدات. لە ماوەی چەند رۆژێکیشدا وەفدێک کە لە پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکان پێکدێت، بۆ وەرگرتنی لێدوانەکانی دامەزرێنەری پەکەکە سەردانی دوورگەکە دەکات."

ناوبراو داوای لە پارتە سیاسییەکانی دیکە کرد و وتی: "ئەگەر پارتێکی سیاسی هەیە کە نایەوێت پەرلەمانتار بنێرێت بۆ وەفدەکە، دەبێت بە شێوەیەکی ئاشکرا و روون بە رای گشتی رابگەیەنێت."

یڵدز پرۆسەکەی بە "هەنگاوێکی سیاسیی دامەزرێنەرانە" وەسفکرد و رایگەیاند: "ئەقڵی دەوڵەت، کاردانەوە کاتییەکان و ستراتیژییە درێژخایەنەکان بە وردی لە یەکتر جیادەکاتەوە. نابێت ئەوە لەبیربکرێت کە "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر"، پرۆسەیەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و رادەستکردنی چەکەکانی بەبێ هیچ ئەمما و بەڵام و مەرجێک."

وتیشی، "ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بابەتی دانوستان و گفتوگۆ نین و پاراستن و گەشەپێدانیان ئەرکی سەرەکیی دەوڵەتە."

وابڕیارە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا، رۆژی هەینی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەسەر سەردانیکردنی دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سعودیەى وەک "هاوپەیمانێکی سەرەکی" لە دەرەوەی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ناساند، ئەمەش وەک هەنگاوێک کە قووڵی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتن و ریاز دەردەخات.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ترەمپ و شازادەی جێنشینی سعودیە رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژییان واژۆ کرد.

بەپێی ئەم بڕیارە، سعودیە بووە بیستەمین وڵات کە بە رەسمی ئەم نازناوەی پێبەخشراوە. وڵاتانی دیکەی وەک ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەحرەین، بەرازیل، کۆڵۆمبیا، میسر، ئیسرائیل، ژاپۆن، ئوردن، کینیا، کوێت، مەغریب، نیووزلەندا، پاکستان، فلیپین، قەتەر، کۆریای باشوور، تایلەند و تونس پێشتر ئەم نازناوەیان بەدەستهێناوە.

گرنگیی نازناوەکە و رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژی:

ئەم پۆلێنکردنە وەک هەنگاوێکی هێمایی بەهێز سەیر دەکرێت کە تەوژمى بەهێزی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان واشنتن و ریاز پیشان دەدات، بەتایبەتی لە بواری بەرگریی هاوبەش دژی هەڕەشەکانی ناوچەکە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ رێککەوتنی نوێی بەرگریی کە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 و وەبەرهێنانی زۆری سعودیە لە ئەمریکا دەگرێتەوە.

کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 1987ەوە بەپێی مادەی 22ی دەستووری ئەمریکا، دەستی بە بەخشینی ئەم نازناوە کردووە، بەڵام ئەمە گەرەنتی بەرگریی هاوبەش ناگرێتەوە وەک مادەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ، کە ئەندامەکانی پابەند دەکات بە بەرگریکردن لە یەکتر ئەگەر یەکێکیان رووبەڕووی هێرش ببێتەوە.

گرنگترین سوودەکانی ئەم نازناوە:

  • ئاسانکاری لە کڕینی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی بە خێرایی و بە مەرجی باشتر.

  • ئیمکانیەتی عەمبارکردنی چەکی یەدەگی ئەمریکی لەسەر خاکی وڵات (وەک کۆگاکانی جەنگ).

  • لەپێشینەدان لە بەدەستهێنانی کەرەستەی سەربازیی زیادە لە سوپای ئەمریکا (وەک فڕۆکە یان کەشتی).

  • رێگەدان بە کۆمپانیاکانی وڵاتەکە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر گرێبەستەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کەرەستەی سەربازیی ئەمریکی لە دەرەوە.

  • تەمویلی باشتر بۆ کڕینی چەک، و قەرزی مادە و کەرەستە بۆ مەبەستی توێژینەوە و پەرەپێدانی هاوبەش.

  • بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگری، و مەشق و راهێنانی سەربازیی هاوبەش.

رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژی:

هەر لەم چوارچێوەیەدا، شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رێککەوتنی بەرگریی ستراتیژییان لە نێوان سعودیە و ئەمریکادا واژۆ کرد.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی سعودیە "واس"، ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژی و پەیوەندییە مێژووییە قووڵەکانی نێوانیان دێت کە زیاتر لە 90 ساڵە هەردوو وڵاتی پێکەوە بەستووەتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم رێککەوتنە "هەنگاوێکی سەرەکییە کە هاوبەشیی بەرگریی درێژخایەن بەهێز دەکات، و پابەندبوونی هەردوو لایەن بە پشتگیریکردنی ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا نیشان دەدات."

رێککەوتنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "سعودیە و ئەمریکا دوو هاوبەشی ئەمنین کە توانای کاری هاوبەشیان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و هەڕەشەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەجۆرێک کە هەماهەنگیی بەرگریی درێژخایەن قووڵتر دەکات، و توانای رێگریکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی، لەگەڵ پەرەپێدان و تەواوکاریی تواناکانی بەرگری لە نێوان هەردوو لایەن دەچەسپێنێت."

هەروەها رێککەوتنەکە "چوارچێوەیەکی پتەو بۆ هاوبەشیی بەرگریی بەردەوام و بەردەوام دەستنیشان دەکات، کە یارمەتی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵات دەدات."

پۆلێنکردنی هاوپەیمانێکی سەرەکی لە دەرەوەی ناتۆ، وەک هاوبەشییەکی ستراتیژیی زۆر پێشکەوتوو لە چەک، مەشق و راهێنان و هاوکاریدا دادەنرێت، بەڵام "هاوپەیمانێتی بەرگری" نییە. بەڵام "رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش" واتە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتێک کە رێککەوتنەکەی واژۆ کردبێت، وەک هێرشێک بۆ سەر خودی ئەمریکا ئەژمار دەکرێت، و ئەمریکا بە یاسایی پابەند دەکات بە دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە، بە بیانوی بونی حەماس بۆردومانی  کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە عەین ئەلحیلوە لە باشووری لوبنان کرد و بە گوێرەی زانیاریەی سەرەتاییەکان زیاتر لە  10 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

درەنگانێکی ئەمشەو سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پێگەیەکیان بۆردومان کردوە لە باشوری لوبنان کە چەکدارانی حەماس  تێیدا مەشق و راهێنانیان کردوە و وەک شوێنێک بۆ چالاکی دژی ئیسرائیل بەکاریان هێناوە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە؛ ئەو شوێنەی کە بۆردومانیان کردوە لە لایەن چەکدارانی حەماسەوە بە مەبەستی پلاندانان و ئەنجامدانی هێرش دژی سەربازانی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل بەکارهێنراوە.

بە گوێرەی زانیاریەی سەرەتاییەکان لە هێرشەکەدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و  چوارکەسی دیکەش بریندار بوون، سوپای ئیسرائیل دەڵێت؛ پێش هێرشکردنەوە ئامادەکارییان کردوە بۆ ئەوەی زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی نەگەیەندرێت.

 ئەوەشیخستوەتەروو، چەکدارانی حەماس لە ئێستادا لە لوبنان چالاکی ئەنجامدەدەن، هەموو هەوڵێکیش دەخەنە گەڕ و لە هەرشوێنێک بن لەلایەن سوپاکەیانەوە دەکرێنە ئامانج و ئۆپراسیۆنەکانیان دژ بە حەماس بەردەوام دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی مەهەپە دەڵێت، هیچ دوودڵی ناكات بۆ سەردانی ئیمراڵی و ئەگەر كەسیش رازی نەبێت لەگەڵ سێ‌ هاوڕێی سەردانی ئۆجەلان دەكات.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" رایگەیاند، بابەتی چوون یان نەچوون بۆ ئیمراڵی دەبێت كۆتایی بێت، چونكە ئەگەر پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی پرۆسەی ئاشتی مەحاڵ بێت، چۆن ئەنجامەكان بەدەست دەهێنرێن.

وتیشی، دوو دڵی ناكات لە چوون بۆ ئیمراڵی و سێ هاوڕێی لەگەڵ خۆی دەبات، یاخود بە تەنها دەڕوات و سەردانی ئیمراڵی دەكات و چاوپێكەوتنی روبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام دەدات.

باخچەلی راشیگەیاند، كەسانێك هەن هەوڵی تێكدانی پرۆسەكە دەدەن و پێویستە وریابن لەو بابەتەدا، تاكە داواكاریش ئەوەیە هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن. 

یەڵماز تونج وەزیری دادی توركیاش لەبارەی ئەو بابەتە رایگەیاند، بڕیاری سەردانی ئیمراڵی بە تەواوی پەیوەستە بە كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی و چاوەڕێی بڕیاری كۆمیسیۆنن لەسەر ئەو بابەتە.


باخچەلی: بابەتی چوون یان نەچوون بۆ ئیمراڵی دەبێت كۆتایی پێبهێنرێت
باخچەلی: ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ لایەنی سەرەكی ئاشتی نەبێت بێت ناگەینە ئامانج
باخچەلی: دوو دڵی ناكەم لە چوون بۆ ئیمراڵی و چاوپێكەوتنی روبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام دەدەم
وەزیری دادی توركیا: بڕیاری سەردانی ئیمراڵی پەیوەستە بە كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی ناكۆكی لەسەر كشانەوە لە سنورەكانی باشوری سوریا، گفتوگۆكانی نێوان ئیسرائیل و سوریا گەیشتوونەتە بنبەست و راگیراون.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، ئیسرائیل بۆ كشانەوە لەو ناوچانەی لەدوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە دەستی بەسەرداگرتوون، مەرجی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی ئاشتی لەگەڵ سوریا داناوە لەبری رێككەوتنی ئەمنی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سوریا بەو مەرجە رازی نییە و دەیەوێت ئیسرائیل لە سەرجەم ئەو ناوچانە بكشێتەوە كە لەدوای مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە داگیریكردون و بگەڕێتەوە بۆئەو ناوچانەی بەر لە روخانی ئەسەد لێی بووە.

دوو رۆژ بەر لەئێستاش، یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە جەبەل شێخ دەمێنێتەوە كە زنجیرە چیایەكە چوار لوتكەی بەرزی هەیە و دەڕوانێت بەسەر دیمەشق و لوبنان و بەرزاییەكانی جۆلاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی هاتووچۆی سعودیە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، پاسێکی گواستنەوەی عومرەکاران لەگەڵ بارهەڵگرێکی سوتەمەنیدا لە نزیک شاری مەدینە پێکیدا داوە. هاوکات، پۆلیسی هیندستان گیانلەدەستدانی 45 هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە رووداوەکەدا پشتڕاستکردەوە.

پۆلیسی هیندستان رایگەیاند، پاسەکە عومرەکاری هیندی هەڵگرتبوو کە لە رووداوێکی دڵتەزێندا 45 سەرنشینی گیانیان لەدەستداوە.

ڤی. سی. ساگانار، کۆمسیاری گشتیی پۆلیسی حەیدەر ئاباد—کە زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی ئەو شارەن— رایگەیاند: "رووداوی پاسە دڵتەزێنەکەی عەمرەکارە هیندییەکان لە سعودیە زۆر ئازاربەخشە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 46 کەس لەناو پاسەکەدا بوون و بەداخەوە تەنها یەک کەس رزگاری بووە."

ناریندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی قوربانیان کرد و دووپاتیکردەوە کە باڵیۆزخانەی هیندستان لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە.

مۆدی لەسەر تۆڕی "ئێکس" نوسیویەتی: "زۆر دڵگرانم بەو رووداوەی لە مەدینە روویدا و هاووڵاتیانی هیندیی تێدا بوونە قوربانی. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی ئەو خێزانانە دەکەم کە ئازیزانیان لەدەستداوە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم. باڵیۆزخانەکەمان لە ریاز و کونسوڵخانەکەمان لە جەدە هەموو هاوکارییەکی پێویست پێشکەش دەکەن."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بوونی تورکیا لە سوریا "تەواو ئاساییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا لە روانگەیەکی تەسکی بەرژەوەندی خۆیەوە مامەڵە ناکات، بەڵکو لە روانگەی مێژووی ستراتیژیەوە  مامەڵە دەکات.

هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵەکانی وڵاتەکەی رایگەیاندوە ، "تورکیا لە روانگەیەکی تەسکی بەرژەوەندی خۆیە مامەڵە ناکات، بەڵکو لە روانگەی مێژووی ستراتیجی خۆی و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکەدا مامەڵە دەکات، بونی سوپای وڵآتەکەشی لە سوریادا بە مەبەستی سەقامگیریە لە ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پەیوەندیان لەگەڵ واشنتۆن بەردەوامە  سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سوریادا و جەختیکردوەتەوە لە پێویستی کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە داگیرکارییەک  کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا بکات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراون بەهۆی دەستوەردانی ئیسرائیل لە باشووری سوریادا و وەزیرەکەی تورکیا راشیگەیاندوە؛ ئامانجی تورکیا رێزگرتنە لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری سوریا.

پێشتریش فیدان رایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکەن دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی  هەسەدەو حکومەتی کاتی سوریا بگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، حەماس کار لەسەر گواستنەوەی چەکەکانی دەکات بۆ ئەو وڵاتانی پاڵپشتی دەکەن بە نهێنی، بە ئامانجی گواستنەوەی بە قاچاخ بۆ شوێنە ستراتیژییەکان، دەستەکە ئەوەشی خستوەتەروو، ئەم کارەی حەماس ئامادەکارییە بۆ ئەگەری ناچارکردنیان بە چەک دانان.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە؛ بزووتنەوەی حەماس ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری  ناچارکردنی بە رادەستکردنی چەکەکانی و ماوەی دوو هەفتەیە چەکەکان دەگوازێتەوە بۆ وڵاتانی پاڵپشت، بە ئامانجی گواستنەوە و بە  قاچاخبردنی بۆ شوێنە ستراتیژییە جیاوازەکان و بەکارهێنانەوە لەکاتی پێویستدا.

دەستەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو لە کاتێکدا قۆناغەکانی داهاتووی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ چەکداماڵینی حەماس لەخۆدەگرێت، بەڵام بزوتنەوەکە لە چەند هەفتەیەکە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی چەک لە ئەفریقا و یەمەن و وڵاتانی دیکەی پشتگیریی حەماس.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە؛ ئەم هەوڵەی حەماس لە کاتێکدایە کە هەموو لایەنەکان باس لە چەکداماڵینی حەماس دەکەن و ئەم کۆکردنەوەش بەڵگەی زیاترە لەسەر ئەوەی حەماس مەبەستی راستەقینەی درێژەدانە بە پلانە درێژخایەنەکانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: لە دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، لە ئێستادا یۆرانیۆم لە ئێران ناپیتێندرێت.

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، لە ئێستادا هی پیتاندنێکی ناوەکی لە وڵاتەکەیدا نییە و هەموو دامەزراوەکانیان لە ژێر چاودێری و گەرەنتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدان.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆچوونی ئێران سەبارەت بە دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکان هێشتا روونە و پێویستە مافەکانیان پارێزراوبێت.

عراقچی وتیشی، لەو کاتەوەی کە هێرشکراوەتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان تائێستا هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم لە ئێراندا بوونی نەبووە.

ئاشکراشیکرد،ئێران دەبێت مافی پارێزراو بێت لە پیتاندن و بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی لە بواری ئاشتی و تەکنەلۆژیادا، دەشڵێت؛ ئەو مافەش بۆ وڵاتەکەی مافێکی رەوایە و دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا دانی پێدابنێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...100101102103104...188