عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە کاردانەوە کوژرانی هەیسەم عەلی تەباتەبایی و چەند ئەندامی دیکەی حزبوڵا رایگەیاند؛ ناتانیاهۆ بەردەوامە لە هەوڵەکانی تا هەموان بەو ئەنجامە دەگەن، جگە لە روبەڕوبونەوەی راستەوخۆی ئیسرائیل چارەیەکی دیکەیان نییە.
لاریجانی لە پۆستێکیدا بە زمانی عەرەبی لە پلاتفۆرمی ئێکس، سەرەخۆشی لە کوژرانی سەرۆکی ئەرکانی حزبوڵڵا و چەند ئەندامێکی دیکەی حزبوڵڵا کردوە نوسیویەتی؛ "ئەوان گەشتن بەخواستەکانیان".
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئیدانەی هێرشەکەی کردوە و لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا"ی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان وەسف کردوە و رایگەیاندوە؛ "هێرشێکی دڕندانە" بوو، بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی لوبنان و سەروەری نیشتمانیی وڵاتەکە.
دوێنێ ئیسرائل رایگەیاند لە بۆردومانێکدا کەسی دووەمی حزبوڵایان کوشتوە، حزبوڵای لوبنانیش پشتڕاستی کردەوە تەباتەبایی و چوار ئەندامی دیکەی ئەو گرووپە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراون و 28 کەسی دیکەش برینداربوون.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە رەسمی کوشتنی "عەلی تەبتەبائی"، سەرۆک ئەرکانی حیزبوڵای لوبنانی لە هێرشەکەی ئەمڕۆی بەیروتدا راگەیاند و جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن ئەو حزبە جارێکی دیکە هێزی خۆی بونیاد بنێتەوە.
نەتەنیاهوو لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا وتی: "ئەمڕۆ کۆتاییمان بە تەبتەبائی هێنا، کە فەرماندەیەکی گەورەی حیزبوڵا بوو، ئێمە رێگە نادەین ئەو حزبە جارێکی دیکە ببێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو فەرماندەیەی حیزبوڵای بە خاوەنی "دەستە خوێناوییەکان" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، بە ڕێکەوت نەبووە کە ئەمەریکا خەڵاتێکی گەورەی لەسەر سەری ئەو پیاوە دانابوو.
نەتەنیاهوو داوای لە حکومەتی لوبنان کرد بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و وتی: "چاوەڕوانین حکومەتی لوبنان حیزبوڵا لە چەک داماڵێت و پابەندی ئەرکەکانی بێت". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشێکی ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە دەرەوەی یاسا و کار لەسەر ئەوەی دیکەش دەکەن.
نووسینگەی ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، هێرشەکە بۆ سەر دڵی زاحیەی بەیروت بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران و لەسەر پێشنیاری وەزیری بەرگری و سوپاسالار ئەنجامدراوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاویکردەوە، لەو هێرشە ئاسمانییەدا کە ناوچەیەکی ئەمنی و پارێزراوی حیزبوڵای کردە ئامانج، کەسێک کوژراوە و 21 کەسی دیکە بریندار بوون.
تەقینەوەیەکی بەهێز ناوچەی حارە حەریک-ی لە زاحیەی باشوری بەیروت هەژاند و میدیاکانی ئیسرائیلیش ئاشکرای دەکەن، ئامانجی هێرشەکە "ئەبو عەلی تەبتەبائی" بووە.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە گەڕەکی حارە حەریک لە باشوری بەیروت بیسترا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکە شوقەیەکی نیشتەجێبوونی لە شەقامی "عەرید" کردووەتە ئامانج و راستەوخۆ دوای رووداوەکە ئەمبوڵانس و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکە.
هاوكات وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەبێ ئەوەی ناوی کەسەکە بێنێت، بە رەسمی رایگەیاند کە لەو هێرشەدا "سەرکردەیەکی باڵای حیزبوڵا"یان لە بەیروت کردووەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی وردەکاریی زیاتری بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسەی لە هێرشەکەی زاحیەدا کراوەتە ئامانج، "ئەبو عەلی تەبتەبائی"یە، کە بە پیاوی دووەمی حیزبوڵا و یەکێک لە کەسایەتییە هەرە نادیارەکانی ئەو حزبە دادەنرێت.
تەبتەبائی، کەسایەتییەکی نهێنی و کاریگەرە لەناو حیزبوڵادا، ناوبراو بەوە ناسراوە کە فەرماندەیی هێزەکانی حیزبوڵای لە هەردوو جەنگی سوریا و یەمەندا کردووە. هێشتا چارەنوسی ئەم فەرماندەیە نادیارە، بەڵام پێشتر و لە ساڵی 2016، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوی تەبتەبائی خستبووە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتییەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە كاركردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ، بەڵام لە چوارچێوەی پەیماننامەی سنوردانان بۆ بڵاوبونەوەی چەكی ئەتۆمیی .
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند ، دانوستانەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەپێی ئەو یاسایە دەبێت كە پەرلەمانی ئێران پەسەندی كردوە و كاركردنیشیان لەگەڵ ئاژانسەكە لە چوارچێوەی پابەندبونیان بە پەیماننامەی سنوردانان بۆ بڵاوبونەوەی چەكی ئەتۆم دەبێت .
دوپاتیشیكردوەتەوە كە پێویستە لێپرسراوانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پابەند بن بە ئەركە تەكنیكییەكانیان و لە كاری پیشەیی ئاژانسەكە لانەدەن لە كاتی روبەروبونەوەی فشارەكانی ئەمریكا و 3 وڵاتـە ئەوروپیەكەدا .
هەسەدە لە لیستێكدا ناوی حەفتا فەرماندەی بۆ دیمەشق ناردووە بۆ ئەوەی لە سوپای ئەو وڵاتە پلە و پۆستیان بۆ دیاری بكرێت، سوریاش رەزامەندی دەردەبرێت.
سەرچاوەیەكی باڵای هەسەدە بە كەناڵی عەرەبیەی راگەیاندووە، لیستێكیان ناردووە بۆ دیمەشق كە ناوی 70 فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەخۆ دەگرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە بەپێی رێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە، ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوور ببێتە بەشێك لە سوپای سوریا، بە مەرجێك ناسنامە و تایبەتمەندییەكانی خۆی بپارێزێت و پلەی سەربازییان پێبدرێت.
سەرچاوە باڵاكەی هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر رێكارەكان و جێبەجێكردنی پلانەكان لە دێرەزوور بەباشی بەڕێوەبچن، لە داهاتوودا لە پارێزگای رەققەش هەمان پلان جێبەجێدەكرێت.
هاوكات، حكومەتی سوریاش رەزامەندی لەسەر هەمواركردنەوەی ژمارەیەك بڕگەی دەستوری كاتیی دەربڕیوە، لەپێناو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10 ی ئاداری نێوان هەردولا.
هەسەدە رایگەیاندوە، گروپەچەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هێرشێکی نوێیان کردوەتەوە سەر هێزەکانیان لە شارۆچکەی ئەبو حەمام، لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزۆر، جەختیشیانکردوەتەوە وەڵامی گونجاوی هێرشەکەیان داوەتەوە.
هەسەدە راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ لە هێرشێکی نوێدا کە دەکەوێتە چوارچێوەی پەرەسەندن و ئاژاوەگێڕی، گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق چەند پێگەیەکی هێزەکانیان لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە رۆژهەڵاتی لادێی دێرەزۆر کردەوە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ هێزەچەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی پێگە سەربازییەکان و ماڵە مەدەنییەکان بە بێ جیاوازی و راستەوخۆ بە موشەک و چەکی قورس دەیانکەنە ئامانج.
هەسەدە ئەوەشەی خستوەتەڕوو، لە هێرشەکانیاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و درۆنی خۆکوژ بەکاردەهێنن و بونەتە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی وە ئەم هێرشە "بەشێکە لە ستراتیژی پەرەسەندن بە ئامانجی دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکەدا" و هێزەکانیان بەگوێرەی یاساکان وەڵامیان داونەتەوە.
بزوتنەوەی حەماس، رایدەگەیەنێت؛ ئیسرائل بە بەرنامە بەردەوامە لە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانیشیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە، داواش لە ناوبژیوانان دەکات بە پەلە دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل.
ئەمڕۆ شەممە، دوای ئەوەی ئیسرائیل بۆردومانی غەززەی کردە ورایگەیاند؛ بەرپرسێکی حەماس و سێ ئەندامی تری ئەو بزوتنەوەیان کوشتوە، حەماس راگەیەدراوێکی بڵاوکردەوەوە داوا دەکات فشاربکرێت لە ئیسرائیل بۆ وەستاندنی هێرشەکانی.
حەماس رایگەیاندوە پێشێلکارییە سیستماتیکییەکانی ئیسرائیل بۆ رێککەوتنەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و دەستکاریکردنی هێڵەکانی کشانەوە کە دیاری کراوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ حکومەتی ناتانیاهۆ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ شکاندنی رێککەوتنەکە و داوا لە ناوبژیوانان دەکەن، بەپەلە دەستوەردان بکەن و فشار بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئیسرائیل پێشێلکارییەکان رابگرێت.
حەماس پەیامێکیشی ئاراستەی واشنتۆن کردوە و داوا دەکات بەڵێنەکانی جێبەجێبکات، بە ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ پابەندبون بە رێککەوتنەکەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندوە؛ حەماس رێککەوتنەکەی پێشێلکردوە و لەو کاردانەوەیدا پێنج سەرکردەی حەماسیان کوشتوە.
هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاندوە؛ پێکهاتەی ئێستای هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و یەکپارچەیی خاکی سوریا دروست دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە؛ چالاکییە فراوانخوازیەکان و دەستوەردانەکانی ئیسرائیلیش، هەڕەشەیەکی ترە بۆ سەر رەوشی سوریا و جەختیکردوەتەوە؛ ئەنكەرە بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق لە هەموو بوارەکاندا و پشتیوانی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات.
هاکان فیدان وتوشیەتی؛ بەدەستهێنانی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی مەرجێکی سەرەكییە بۆ دەستپێکردنی قۆناغی ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەی ئابوری لە سوریا و توركیا پێداگرە لەسەر هەڵوێستەکانی سەبارەت بە پێویستی نەهێشتنی ئەو مەترسیانەی کە لەسەر سوریادا هەن و بەردەوامدەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ سوریا.
وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاندوە؛ ئیسرائیل دەیەوێت عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکاتە ئامانج و هەوڵ دەدات ئەم خۆراگرییەی ئێران لەناوببات، ئاماژەی بەوەشکردوە لە شەڕی 12 رۆژەدا شاهیدی ئێرانێکی زلهێز و یەکگرتوو و بوون و سەپاندنی ماڵوێرانی بەسەر دوژمندا بوە هۆی پێگەی ئیسرائیل لە جیهاندا بە تەواوەتی دابەزێت.
ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ دوژمن هەوڵدەدات سەرکردایەتیان بکاتە ئامانج و هەنگاو بە ئاراستەیەکدا بنێت کە ئەم میحوەرەی یەکێتی و سەرکەوتن و پێشکەوتن و سەقامگیری و خۆڕاگری وڵات لەناوببات.
باسی لەوەشکردوە؛ هەوڵەکانی ئیسرائیل هەندێکجار لە رێگەی تیرۆرکردن و هەندێکجاریش لە رێگەی هێرشی دوژمنکارانەوەیە، کە ئەوانیش لە ناوخۆی وڵاتدا ئەنجامی دەدەن.
ئیسماعیل خەتیب ئاماژەی بەوەکردوە دوژمن هەوڵ دەدەن بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی شەڕی نەرمیان، خەڵکی ئێران بێمتمانەبکەن، ئەرکی ئەوان لەم هەلومەرجەدا پاراستنی یەکڕیزی و یەکدەنگییە بۆ شکستپێهێنان هەوڵەکانی ئیسرائیل.
وەزیرەکەی ئێران ئەوەشی خستوەتەڕوو، حکومەت هەموو هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێوی کۆمەڵگە و خەڵک خستۆتەگەڕ و دەیخاتەگەڕ، گەرچی بەشێوەیەکی سروشتی دوژمن هەموو فشارەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی حکومەت نەتوانێت ئامانجەکانی بۆ بژێوی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەدیبهێنێت.
لە شاری سلێمانی "لوتکەی نیشتمانیی سلێمانی بۆ کارسازی" دەستیپێکرد کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و ئامانجی سەرەکیی کۆکردنەوە و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی گەنجانە.
عەلی عومەر، دامەزرێنەری لوتکەکە لە وتەیەکدا رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پێشکەش دەکرێت.
وتیشی: "ئامانجمانە پڕۆژەی سەرجەم ئەو بەشداربووانە کۆبکەینەوە کە لەم لوتکەیەدا کار دەکەن، تاوەکو بتوانین پاڵپشتی لە گەنجان بکەین و بیرۆکەکانیان بخەینە سەر کار".
لای خۆیەوە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەشداری لە لوتکەکەدا کرد و رایگەیاند، دیاریکردنی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە یەکێکە لە بژاردە راستەکان.
پارێزگاری سلێمانی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "سلێمانی یەکێکە لەو پایتەختانەی بە بڕیاری سیاسی دروستکراوە"، بۆیە شوێنێکی گونجاوە بۆ دەستپێشخەرییە نیشتمانی و کارسازییەکان.
ماوەی چەند رۆژێکە ئاگرێکی بەهێز لە دارستانە دێرینەکانی هیرکانی لە ناوچەی ئەلیت-ی سەر بە شاری چالوس لە باکووری ئێران کەوتووەتەوە، بەهۆی سەختی ناوچەکە و بای بەهێزەوە هێشتا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە و مەترسی لەناوچوونی بەشێک لەو میراتە جیهانییە هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە 1ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکارەکەی "هەڵەی مرۆیی" بووە و گومان دەکرێت بەهۆی مانەوەی راوچییەکانەوە لەو ناوچە شاخاوییانە ئاگرەکە دروست بووبێت.
سەرەڕای ئەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانی، ژینگەپارێزی و خەڵکی ناوچەکە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنیان داوە، بەڵام وشکی دارستانەکە و بوونی با وایکردووە جارێکی دیکە ئاگرەکە گڕ بگرێتەوە. حسێن عەلی محەمەدی، بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای مازەندەران رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و رێگەی ئۆتۆمبێلی نییە، گەیاندنی ئاو و کەرەستە زۆر سەختە و تەنیا بە هەلیکۆپتەر و گوێدرێژ دەتوانرێت بگەیەنرێنە شوێنی رووداوەکە.
تورکیا دێتە سەر هێڵ:
شینا ئەنساری، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە لە ئێران رایگەیاند، داوای هاوکاری نێودەوڵەتییان کردووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە تورکیا دوو فڕۆکە و هەلیکۆپتەرێک بە 8 کارمەندەوە رەوانەی ناوچەکە بکات بۆ هاوکاریکردن.
هاوکات لە ناوخۆی ئێران، 6 هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی "ئیلوشین" کە توانای هەڵگرتنی 40 تەن ئاویان هەیە، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەکەدا دەکەن.
محەمەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری مازەندەران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەموو توانای وڵات بۆ رزگارکردنی دارستانەکانی هیرکانی بەکاربهێنرێت و نابێت رێگە بدرێت ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات.
لەلایەکی دیکەوە عەباس پوریانی، سەرۆکی دادگای مازەندەران رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان و دادوەری لە ناوچەکەن بۆ دۆزینەوەی هۆکارانی ئاگرەکە و هەر بەرپرسێکیش کەمتەرخەمی کردبێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی مانگی سوور، ئێستا 17 تیمی فریاگوزاری و نزیکەی 400 کەس لە هێزەکان و خەڵکی خۆبەخش بە شەو و رۆژ سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەرپرسان دەڵێن ئەگەر فریای نەکەوتنایە، ئاگرەکە زیاتر لە 20 هێکتار دارستانی دەسووتاند.
لیژنەی "هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا، بەبێ بەشداریی جەهەپە بڕیاریدا وەفدێک رەوانەی دورگەی ئیمراڵی بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە. بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە ئەندامانی جەهەپە وەک ناڕەزایەتی هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا (هەژدەیەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە) کە بە سەرۆکایەتیی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەچوو، سەرەتا پێشنیازکرا دانیشتنەکە بە داخراوی بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو.
جەهەپە: بەشدار نابین
مورات ئەمیر، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە دژی داخراویی دانیشتنەکە و شێوازی پرۆسەکە وەستایەوە و رایگەیاند: "کاتێک هێشتا هەنگاوە سەرەتاییەکان وەک لابردنی قەیومەکان، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و کردنەوەی دەرگای سیاسەتی دیموکراسی نەنراون، ئێمە بە ڕاستی نازانین ئەندام بۆ ئەو وەفدە دیاری بکەین".
دوای ئەوەی بە دەنگی ئەکەپە، مەهەپە و دەم پارتی بڕیاری دانیشتنی داخراو پەسەندکرا، ئەندامانی جەهەپە هۆڵەکەیان بەجێهێشت و رایانگەیاند کە ئەوان ئەندام بۆ وەفدی ئیمراڵی دیاری ناکەن.
مەهەپە و ئەکەپە: دەچینە ئیمراڵی
فەتی یڵدز، نوێنەری مەهەپە لە لیژنەکەدا وەبیريهێنایەوە کە دەوڵەت باخچەلی وتوویەتی "ئەگەر پێویست بکات خۆم دەچمە ئیمراڵی" و وتی: "ئێمە تەواو لەو خاڵەداین". لای خۆشیەوە عەبدوڵا گولەر لە ئەکەپە رایگەیاندبوو کە ئەوان بە ئەرێنی دەڕواننە سەردانەکە.
دەم پارتی: کورد هەڵوێستەکان تۆمار دەکات
گوڵستان کۆچیگیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە بڕیارە ئەندامی وەفدەکە بێت، جەختی کردەوە کە نابێت مەسەلەکە تەنها لە چوارچێوەی ئەمنیدا قەتیس بکرێت و وتی: "گەلی کورد لە قۆناغێکی مێژووییدایە و دەزانێت کێ بوێریی ئاشتیی هەیە و کێ لێی دەترسێت؛ هەموو هەڵوێستەکان تۆمار دەکات".
کۆچیگیت وتیشی: "بەبێ گوێگرتن لە ئۆجەلان، ئەم پرۆسەیە قووڵ نابێتەوە و بەرەوپێش ناچێت، چونکە ئەو کارەکتەری سەرەکییە و خاوەنی ئەو بانگەوازەیە کە چەکەکان بێدەنگ دەکات".
پێشنیاری سەردانی قەندیل و دەمیرتاش
ئەحمەد شک، پەرلەمانتار بە هەڵوێستێکی جیاوازەوە بەشداری کرد و وتی: "دەبێت لە ئاشتیشدا هێندەی جەنگ ئازا بین. بەڵێ دەبێت بچنە ئیمراڵی، بەڵام ئەگەر پێویست بکات دەبێت بچنە قەندیل، سەردانی عوسمان کاڤالا و سەلاحەدین دەمیرتاش-یش بکرێت. مانەوەی دەمیرتاش لە زیندان جێگەی تێگەیشتن نییە".
بڕیاری کۆتایی:
دوای چوونەدەرەوەی جەهەپە، پەرلەمانتارانی دیکە دەنگیاندا و بڕیاری سەردانیکردنی ئۆجەلانیان پەسەند کرد. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدەکە بچێتە ئیمراڵی.
جەهەپە ئاشکرایکرد، ئەندامەکانمان لە کۆمسیۆنی چارەسەری ئامادەنین سەردانی ئۆجەلان بکەن.
پارتی گەلی كۆماری توركیا رایگەیاند، ئەندامەکانیان لە کۆمسیۆنی ئاشتی ئامادە نین بچنە ئیمراڵی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نابینە بەشێک لەو وەفدەی کە سەردانی ئیمراڵی دەکات، وتیشی، کارەکانمان لە ناو کۆمسیۆنی چارەسەری بەردەوام دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە، کۆمسیۆنی چارەسەری بۆ ئەوەی بچێتە ئیمراڵی بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، لەکۆی 51 ئەندام دەبێت 31 ئەندامیان بە بەڵی دەنگبدەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: ئێستا لە رووی پێداویستی جەنگییەوە لە هەموو كاتێك زیاتر ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی ئیسرائیل.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، پێداویستییە جەنگییەكانیان لە رووی چەندایەتی و كوالێتییەوە لە رەوشێكی پێشكەووتوتردایە وەك لە جەنگی پێشوو، وتیشی، ئێستا ئێران بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی نوێیی ئیسرائیل.
پێشتریش عەزیز ناسرزادە وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، لە كۆتایی مانگی ئەیلولەوە دوو هەزار تۆن سۆدیۆم پەركلۆراتیان لە چینەوە پێگەشتووە كە پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە سووتەمەنی موشەكدا، جگە لەوەی روسیاش لە لایەكی ترەوە لە رووی فرۆشتنی چەكەوە هاوكاری ئێران بووە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: بە رێككەوتن بێت یان بەبێ رێككەوتن بەرژەوەندییەكانیان لە سوریا دەپارێزن.
سەرەڕای ئیدانە سوری و عەرەبی و نێودەوڵەتییەكان لەبارەی سەردانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ باشوری سوریا، ناتانیاهۆ دووپاتیكردەوە، ئیسرائیل بڕیاریداوە بەرژەوەندییەكانی لە سوریا بپارێزێت ئەگەر لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێككەوتنی ئەمنیی یان نا.
وتیشی، ئەگەر رێكەوتنی ئەمنیی لە نێوان ئیسرائیل و سوریا بكرێت زیاتر لە بەرژەوەندی دیمەشقدایە.
ناتانیاهۆ راشیگەیاند، ئیسرائیل بڕیاریداوە رێگری بكات لە دووبارەبوونەوەی روداوەكانی 7ی تشرینی یەكەمی 2023 لە هەر سنوورێكەوە بێت، لەنێویاندا سوریا، جەختیشیكردەوە، سەردانەكەی بۆ سوریا بە مەبەستی دڵنیابوون بووە لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لەناو ناوچەیە.
دوو رۆژ بەرلەئێستا ناتانیاهۆ و وەزیری بەرگری و چەند فەرماندەیەكی سەربازیی ئیسرائیل سەردانی باشوری سوریایان كرد بۆ بەسەركردنەوەی سەربازە ئیسرائیلییەكان كە لەو ناوچەیە جێگیركراون.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە زیندانی ئەدیرنەوە لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی لێدوانەکانی بولەنت ئارنچی سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی تورکیای دایەوە و رایگەیاند، "بە سەرسوڕمان و نیگەرانییەوە پێشوازی لەو بۆچونانە دەکەم کە بەمەبەستی شێواندن، هەڵبەستن و بەلاڕێدابردن خراونەتە پاڵ من". ئەمەش لە دوای ئەوەدێت بولەنت ئارنچی رایگەیاند: دەمیرتاش داوایکردووە سەردانی ئەردۆغان بکات.
"قورسترین شت شێواندنی قسەکانمە"
دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا نوسیویەتی، "بۆ ماوەی 9 ساڵ بەبێ تاوان لە زیندانێکی تاکەکەسییدا هەزاران سەختی و ناڕەحەتی هەیە، بەڵام بەشداریکردن لە تێکۆشانی ئازادی، دیموکراسی و ئاشتیی گەلەکەمان، هێزی بەرگەگرتنی هەموو سەختییەکان و ئیرادەیەکی پۆڵاینمان پێدەبەخشێت."
هەروەها دەڵێت، "ئەو شتەی زیاتر لە هەموو شتێک ماندووم دەکات ئەوەیە کە قسە و بۆچوونی وا دەخرێتە پاڵم کە تەنانەت ئاماژەشم پێنەداوە و بەو شێوەیە بە رای گشتی دەگەیەندرێت. من پرسیار لە نیازی ئەو کەسانە ناکەم کە ئەم کارە دەکەن، بەڵام دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت و دڵنیابێت؛ من بە سەربەرزی و کەرامەتەوە هاتمە ئێرە و بەبێ ئەوەی رێگە بدەم کەرامەتم پێشێل بکرێت، هەر بە سەربەرزیش دەچمە دەرەوە، یان تا کۆتا رۆژی ژیانم لێرە دەمێنمەوە. بۆ من هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە".
بڕیارێکی نوێی راگەیاند:
دەمیرتاش جەختی لەوە کردووەتەوە کە "تەنانەت بە نیازپاکییشەوە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەناوی منەوە قسە بکات. کاتێک پێویست بکات، خۆم بۆچوونەکانم لەگەڵ رای گشتی هاوبەش دەکەم. هیچ لێدوان و بۆچوونێک کە راستەوخۆ لەلایەن خۆمەوە بڵاونەکرێتەوە، پەیوەندی بە منەوە نییە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "بەداخەوە بەهۆی بارودۆخی زیندانەوە ساڵانێکە ئەم کارە دەکرێت و راستکردنەوەی هەر یەکێکیان بووەتە ئەرکێکی قورس. بۆیە بە داوای لێبوردنەوە رایدەگەیەنم، لەمەودوا جگە لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆم، چاوم بە هیچ سیاسەتمەدار و پارێزەرێک ناکەوێت، چونکە هیچ رێگەیەکی دیکە نەماوە بۆ رێگریکردن لەم شێواندن و بەکارهێنانە".
ئارنچ لە میانی بەشداریکردنی لە کەناڵێکی یوتیوب بەناوی "Fikir Coğrafyası" لە زاری دەمیرتاشەوە دەیگێڕێتەوە:
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، "دەمیرتاش داوای کردووە چاوی بە بەڕێز ئەردۆغان بکەوێت. پێموانییە بتوانێت بیبینێت، بەڵام وتی تەنها ئەمەم بە سەرۆک کۆمار پێ بڵێ: با رووداوەکانی رابردوو وەلاوە بنێین. من لەو رووداوانەدا هیچ کاتێک پشتیوانی تیرۆرم نەکردووە، بەڵام رەنگە هەندێک کەس لەناو پارتەکەم یان لە دەرەوەی پارتەکەم ویستبێتیان تێکەڵ بەو رووداوانەمان بکەن. من سیاسەتم هەڵبژارد، نەک تیرۆر. هەرگیز بیرم لە توندوتیژی نەکردووەتەوە و هانم نەداوە بۆی. هەوڵمداوە ببمە سیاسەتمەدارێکی باش. رەنگە بەرپرسیارێتی قسە و کرداری هاوڕێکانم لە ئەستۆ بگرم، بەڵام لە رووداوەکانی کۆبانێدا کە بەهۆیەوە تاوانبار کراوم، بەشداری هیچ تاوانێکی کوشتنم نەکردووە، بەڵام هیچ کینەیەکم بەرامبەر بە تۆ نییە. تۆش خزمەتی دەوڵەت و گەلت کردووە. ئەگەر من هەڵەم کردبێت، رەنگە تۆش هەڵەت کردبێت. لەمەودوا هەرگیز بیر لە خۆکاندیدکردن و سیاسەت و شتی لەو جۆرە ناکەمەوە، بەڵام دەمەوێت بەڵێن بدەم کە هەر شتێک بۆ وڵاتەکەم پێویست بێت، ئەنجامی دەدەم".
ئارنچ لە کۆتاییدا دەڵێت، "منیش وتم ئینشائەڵا و ماڵئاواییمان لە یەکتر کرد".