وەزارەتی ناوخۆی سوریا رایگەیاند، لەکاتی کارکردندا لە باکوری شاری حمس، چوار گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە روفاتی دەیان کەسیان تێدایە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە "شەقامی شەست" لە باکوری حمس، لەلایەن ژمارەیەک لە هاووڵاتییانەوە لەکاتی کارکردن و هەڵکەندن، چوار گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، لە گەڕەکی "کەرم زەیتون"ـی هەمان شار، هاووڵاتییان روفاتی چەند کەسێکی دیکەیان دۆزیبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار کراونەتەوە و دەستیان بە پشکنینی پزیشکی و یاسایی کردووە بۆ دیاریکردنی وردەکارییەکان و گەڕان بەدوای روفاتی ئەگەریی دیکەدا لە ناوچەکە.