دوو كەشتی نەوت هەڵگر لە دەریای رەش و نزیك گەروی بۆسفۆڕ بە بۆمبی دەریایی كرانە ئامانج و مەترسی نوقم بونیان لەسەرە.

دەسەڵاتدارانی توركیا رایانگەیاندووە، رۆژی هەینی دوو كەشتی نەوت هەڵگر لە دەریای ڕەش و نزیك گەرووی بۆسفۆر كراونەتە ئامانج كە گومان دەكرێت سەر بە روسیا بن.

وەزارەتی گواستنەوەی توركیا ئاماژەی بەوە كردووە، تەقینەوەی یەكەم لە كەشتیی كایرۆس رویداوە كە لە میسرەوە بەرەو روسیا چووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاگركەوتنەوە تیایداو توانراوە تیمە 25 كەسیەكەی ڕزگار بكەن.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی كاروباری دەریایی توركیا رایگەیاندووە، نەوتهەڵگرێكی دیكە بە ناوی فیرات لە دووری 35 میل لە كەناراوەكانی توركیا كراوەتە ئامانج ، بەڵام تیمی كەشتییەكەی كە لە 20 كەس پێكهاتبوون رزگار كراون.

ئاژانسەكانی كەشتیوانی هۆكارەكە بۆ بەركەوتنی مین دەگەڕێننەوە و هۆشدار دەدەن لە مەترسی نقومبوونیان، هەردوو كەشتییەكەش بەهۆی شەڕی ئۆكراینەوە لە لیستی سزاكانی سەر روسیادان.