لە مێردین؛ تەرمی دایک و باوکێک و منداڵەکەیان بە کوژراوی دۆزرایەوە
راهۆز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لە قەزای قۆسەر (کزیڵتەپە)ی سەر بە پارێزگای مێردین، دایک و باوکێک و منداڵە پێنج ساڵانەکەیان لەناو ماڵەکەی خۆیاندا بە کوژراوی دۆزرانەوە، کە شوێنەواری فیشەک بە سەریانەوە بوو.
بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە لە گەڕەکی "تورگوت ئۆزال" لە شەقامی مێردین رویداوە، دوای ئەوەی دراوسێکانیان هەواڵیان نەزانیوە، تیمەکانی پۆلیس و فریاگوزارییان ئاگادار کردووەتەوە، دوای شکاندنی دەرگاکە و چوونیان بۆ ژوورەوە، تەرمی هەر سێ ئەندامی خێزانەکەیان دۆزیوەتەوە.
قوربانییەکان پێکهاتوون لە مەهمەت کایا (37 ساڵ)، بێرنا کایا (33 ساڵ) و سامیەلی کایا (5 ساڵ)، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە هەر سێکیان گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادوەری نەخۆشخانەی حکومی قۆسەر کراوە.
عەلی بەیتوس، یەکێک لە دراوسێکانی خێزانەکە رایگەیاندووە: "هیچ شتێکی نامۆمان بەدی نەکردووە، پیاوێکی کاسبکار بوو و کاری چاککردنەوەی دەکرد، چەندین ساڵە دەیناسم و وەک خێزان بووین، توشی هێدمە بووین بەم رووداوە." ئاماژەی بەوەشکردووە پێدەچێت رووداوەکە سەعات 1 بۆ 2ی شەوی رابردوو رویدابێت.
لە ئێستادا پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و چۆنێتی ئەنجامدانی تاوانەکە.



