بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق نۆ هاووڵاتی سوری کوژران و شەش سەربازی ئیسرائیلیش بریندار بوون
بڵند
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردەوەتە سەر شارۆچکەیەکی دیمەشق، کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیل و چیای هرمونەوە دوورە، بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش لە هاووڵاتی بریندارن، رەنگە ژمارەی قوربانییەکان بەرزتریش ببێتەوە، لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە؛ شەش سەربازیان بریندارن.
ئەمرۆ هەینی، میدیاکانی سوریا بڵاویانکردوەتەوە، دوای لەشکرکێشی سوپای ئیسرائیل بۆ ناوچەکە، لە رێگەی تۆپخانەکانیانەوە ئیسرائیل بۆردومانی گوندی بەیت جان لە لادێکانی دیمەشق کردوە و بەهۆیەوە نۆ کەس کوژراون و شەش سەربازی ئیسرائیلیش بریندارن.
کەناڵی ئەلئیخباریە روونیکردەوە، تۆپبارانەکە دوای ئۆپراسیۆنێکی سەربازی ئیسرائیل بووە لەکاتی لەشکرکێشیان بۆ شارۆچکەی بەیت ئەلجان، کە بەهۆیەوە پێکدادان لەگەڵ دانیشتوانی ئەو شارە رویداوە.
لایخۆشیانەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی پێکدادانەکانی شارۆچکەی بەیت جان لە نزیک دیمەشق شەش سەرباز برینداربوون و باری تەندروستی سیانیان ناجێگیرە.
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەروو، هۆکاری ئۆپراسیۆنەکەیان ئەوەبوە، کە تۆمەتباران لە گوندی بەیت جان چالاکییان ئەنجامدا و بەشدارییان لە پەرەپێدانی پیلانی تیرۆریستی دژی هاووڵاتیانی ئیسرائیل کردووە.
بەگوێرەی میدیاکان، دوای هێرشەکەی ئیسرائیل کۆچێکی گەورەی دانیشتوانی گوندی بەیت جان لە لادێکانی دیمەشق رویداوە.



