ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاندوە؛  نیگەرانن لە  پەرەسەندنی شەپۆلی گرژییەکانی سوریا، بەتایبەتی لە ناوچەی کەناراوەكان و سوەیدا،  هۆشداریشیانداوە لەوەی  بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی و خۆپیشاندانی ئاشتیانە، وڵات بەرەو گەڕێكی نوێی توندوتیژی دەبات. 

ئیدارەی خۆسەر، لەسەر گرژییەکانی ناوچەکانی عەلەوی لە سوریا بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هێرشکردنە سەر هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران کە داوای مافە رەواکانیان دەکەن، لەگەڵ بڵاوەپێکردنی گروپە چەکدارەکان لەژێر ناوەکانی کۆکردنەوەی خێڵەکی و هێزە خێڵەکییەکان، نمایندەی هەڵسوكەوتێكە هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنی دەکەن و ناتەبایی لەنێوان سورییەکاندا پەرەپێدەدات.

ئیدارەی خۆسە، ئاماژەی بەوەشکردوە؛ پشتیوانی خواستەکانی گەلی سوریا و مافی ناڕەزایی ئاشتیانەیان بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی دووپاتکردووەتەوەو پێداگریشی كردووە لەوەی، گفتوگۆی سیاسی تاکە رێگایە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستاو دوورکەوتنەوە لە ئاژاوەگێڕی.

هەروەها داواش دەکات لە حکومەتی کاتی سوریا، رێز لە ئیرادەی گەل بگرێت و توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی رابگرێت، هۆشداریشیداوە لەوەی پەرەسەندنەكانی ناوچەی کەناراوەكان و سوەیدا و حومس، لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت لەسەر داهاتووی وڵات و هەنگاونانی بەرەو بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی و نا ناوەندی.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوچە عەلەوییەکانی سوریا گرژی و ئاڵۆزی بەردەوامە و داوای سەربەخۆی وجیابونەوە لە حکومەتی سوریا دەکەن.