راوێژکاری خامنەیی: بونی حیزبوڵڵا بۆ لوبنان لە نان و ئاو گرنگترە
راهۆز
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەم دۆخەی ئێستادا بونی حیزبوڵڵا بۆ لوبنان "لە نانی رۆژانە و ئاو گرنگترە" و داماڵینی چەکەکەی ئەنجامی کارەساتباری دەبێت.
ویلایەتی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسرائیل پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا و بەردەوامە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، تیرۆرکردنی هەیسەم تەبتەبایی، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حیزبوڵڵاش لە رۆژانی رابردوودا بە "پێشێلکردنی سەروەریی لوبنان" و هەوڵێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو لوبنانییەکان وەسف کرد.
راوێژکارەکەی خامنەیی جەختی لەوە کردەوە، پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل ئەوەیان دەرخستووە کە "داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا ئەنجامی کارەساتباری بۆ لوبنان دەبێت"، بۆیە ئێران بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئەو حزبە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ییسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ئاسایشی ئیسرائیل پارێزراو نەبێت و حیزبوڵڵا چەکەکەی رادەست نەکات، لوبنان ئارامی بەخۆیەوە نابینێت و سوربوونی وڵاتەکەی لەسەر داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا دوپاتکردەوە.
جێی ئاماژەیە، مانگی رابردوو (تشرینی دووەمی 2024) رێککەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسا کرا کە بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت سوپای لوبنان لە باشور بڵاوببێتەوە و چەکدارانی حیزبوڵڵا بۆ باکوری روباری لیتانی بکشێنەوە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانەکان و رەتیدەکاتەوە لە چەند ناوچەیەکی باشوری لوبنان بکشێتەوە.



