ئەمینداری گشتی حزبوڵا بەڵێنی تۆڵەكردنەوەی كوژرانی " هەیسەم تەبتەبایی" كەسی دووەمی حزبوڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەدات، كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە بەیروت كوژرا، دەشڵێت، رەنگە ئیسرائیل سیخوڕی هەبێت لەناو ریزەكانی حزبوڵا.

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتی حزبوڵا لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی " هەیسەم تەبتەبایی" فەرماندەی باڵای حزبوڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە، دەستدرێژییەكی ئاشكرایە و تاوانێكی قێزەونە، بە مافی خۆیانی دەزانن وەڵامی بدەنەوە و وادەیەكیش بۆ وەڵامدانەوە دیاریدەكەن.

ئاماژەی بەوەشدا، تەبتەبایی سەرپەرشتیاری بەرنامەی شەڕی حزبوڵا بووە و رۆڵی دیاری هەبووە لە هەڵدانی مووشەك و درۆن، فەرماندەیەكی دیاری مەیدانیش كە لە چەند ساڵی رابردوو حزبوڵا پشتی پێبەستووە، وتیشی، گیانلەدەستدانی تەبتەبایی هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ورەی حزبوڵا نەبووە و شەڕی دژی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.