وەفدی كۆمسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی توركیا بۆ دیدارلەگەڵ ئۆجەلان سەردانی دورگەی ئیمراڵیان كرد  و  ئەردۆغان دەڵێت: ئەو دیدارە رێگە لە بەردەم ئاشتیدا دەكاتەوە و كۆمسیۆنەكەش راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.

وەفدی كۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی توركیا دوای سەردانی دورگەی ئیمراڵی و كۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاند، كۆبونەوەكە ئەرێنی بوە و هەوڵەكانیش بۆ پێشخستنی ئاشتی بەردەوام دەبێت هەر بۆ ئەو مەبەستەش 26ی ئەم مانگە تاوتوێ ئەنجامی دیداری ئۆجەلان دەكرێت.

وەفدی كۆمسیۆنەكە لە گوڵستان كلچ كۆچیگیت جێگری هاوسەرۆكانی دەم پارتی و  فەتی یڵدز جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپە و حسێن یامان جێگری  سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان ئاكەپە پێكهاتبون.

لە راگەیەنراوەكەی كۆمیسیۆنی ئاشتیدا هاتووە، كۆبونەوەی 24ی ئەم مانگەی كۆمسیۆن لەگەڵ ئۆجەلان لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنی زیاتر بوە بۆ پێشخستنی ئاشتی و پتەوتركردنی لایەنی كۆمەڵایەتی و سیاسی پرۆسەكە.

هەر لەو راگەیەنراوەدا ئاماژە بەوە كراوە كە كۆمسیۆنەكە لە پێنجی مانگی هەشتی ئەمساڵەوە 18 جار كۆبوەتەوە بە مەبەستی گوێكرتن و وەرگرتنی بیروبۆچونی هەمەلایەن لە پێناو پرۆسەی ئاشتیدا.

هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدەكەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا،رایگەیاند، لە پێناو ئاشتیدا هەمو هەوڵێك دەدەن و بڕیاری كۆمیسیۆن بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ ئۆجەلان هەنگاوێكی گەورەیە بۆ بەرەوپێشچونی باشتری پرۆسەكە چونكە ئەو دیدارە وا دەكات پرۆسەكە باشتر بڕێوەبچێت.

 بڕیارە كۆبونەوەی كۆمسیۆنی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان تۆمار بكرێت و  ئەنجامی  كۆبونەوەكە بخرێتە بەردەم  سەرۆكی پەرلەمان و دواتر ببێتە بەشێك لە بەرنامەی كاری كۆمسیۆنی ئاشتی.