ئەم هەفتەیە زیلینسکی و ترەمپ کۆدەبنەوە
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو سەرۆکی ئۆکراین لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و پرسی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ روسیا تاوتوێ بکەن.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردوەتەوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ئەم هەفتەیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
زیلینسکی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەگەری رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ روسیا و دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی بۆ کیێڤ دەکات، دەشڵێت، داوا لە ئەمریکا دەکات سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپەنێت.
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداری نزیکەی 150 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت لە نیویۆرک دەستپێبکەن.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، زیلینسکی هەوڵدەدات پشتیوانی جیهانی بۆ کیێڤ کۆبکاتەوە لەکاتێکدا ترەمپ هەوڵدەدات نێوەندگیری بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە.



